Skip to main content

ئێران لە دوای وڵاتی چین پێشەنگی سزای سێدارەیە

ئێران لە دوای وڵاتی چین پێشەنگی سزای سێدارەیە
posted onOctober 10, 2018
nocomment

١٨ ڕەزبەر ڕۆژی دژایەتی لەگەڵ سزای سێدارەیە، نوێترین ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باس لە سزای سێدارە لە ٢٣ وڵاتی دونیا لە سالی ٢٠١٧دا دەکات. بە پێی ئەو ڕاپۆڕتە چین، ئێران، عەڕەبستان، عێراق و پاکستان بە نۆرە زۆرترین پشکی جێبە جێ کردنی ئەو سزایەیان پێ دەبڕێت.

سەرەڕای ئەوەی چەندین ڕیکخڕاو و وڵات داوایان لە کۆماری ئیسلامی کردووە سزای سێدارە بوەستێنن بەڵام کۆماری ئیسلامی هەروا درێژە دەدات بەو کارە و بە پێی ئاماری تۆمار کراو لە ڕێکخڕاوی مافی مرۆڤی ئێران تەنیا لە ٩ مانگی ڕابڕدوودا ٢٠٧ کەس لە گرتووخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون کە ٦٠ کەسیان کوردن.

محەمەد عەلی جداری مافناس و پارێزەری دادگاکانی ئێران سەبارەت بە سزای سێدارە لە ئێران دا دەڵێ: لە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤەوە دەبێ لە ئاستی دونیادا کار بکرێت بۆ ئەوەی سزای سێدارە هەڵوەشێتەوە.

ناوبراو لە دریژەی قسەکانی دا دەڵێ، پێویستە دەسەڵاتەکان لەجێگەی سزای سێدارە بیر لە سزای دیکە بکەنەوە و بۆ وێنە بە دانی حوکمی درێژ خایەن تاوانباران سزا بدەن.

سەبارەت بەوەی هێندێک کەس سێدارە وەک سزایەکی کە پێش دەگرێ لە تاوانی قورس پێناسە دەکەن فروغی دەڵێ، کێشەی تاوان و کوشتن بە سێدارە چارەسەر نابێت، ئەگەر بەستێنەکانی تاوان وکوشتن لە نێو کۆمەڵگەدا لە نێو نەچێت، هەرچەندی ئەو کۆمەڵگایە کەڵک لە سزای سێدارە وەرگرێت هەمدیسان کەسانێکی دیکە تووشی تاوان دەبنەوە و جێگەی تاوانبارانی لە سێدارە دراو دەگرنەوە.

ئەو پارێزەرە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ سێدارە بەردەوام تاوان و تاوانبار بەرهەم دێنێتەوە و زۆر یەک لە ئەندامانی بنەماڵەی کەسی لە سێدارەدراو بەرەو بەلاڕێداچوونی کۆمەڵایەتی پەلکێش دەبن و تاوانباریان لی دەردێت ئەویش بە هۆی ئەوەی هاوکات بنەماڵە و ئابووری بنەماڵە لەبەر یەکتر هەڵتەکاون.