Skip to main content

مۆسکۆ لەسەر نامەکەی ترامپ بۆ ئەردۆغان هاتە دەنگ

مۆسکۆ لەسەر نامەکەی ترامپ بۆ ئەردۆغان هاتە دەنگ
AvaToday caption
posted onOctober 17, 2019
nocomment

کرێملین شێوازی نووسینی نامەکەی ئەم دواییەی دۆنالد ترامپ سەرکۆماری ئەمریکای بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیە بردە ژێر پرسیار. کرملین ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ ڕەزبەر ڕایگەیاند شێوازی نووسینی نامەکەی ترامپ بۆ سەرکۆماری تورکیە وەک پێوەندی نێوان ڕێبەری دوو وڵات زۆر نائاساییە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، دیمیتری پسکۆف، وتەبێژی کۆشکی کرملین گووتی: لە پێوەندی نێوان وڵاتان بە پێی ڕەواڵی باو وەها زمانێک بەکار نایەو ئەو نامە زۆر نائاسایییە. سەرکۆماری ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان نووسیویەتی: کەسێکی تووند و گەمژە مەبە.

ئەو نامەیە ڕۆژی ١٧ ڕزبەر نووسراوە و ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ ڕەزبەر لە لایەن کۆشکی سپی ئەمریکا بڵاو کراوەتەوە. ڕۆیتەرز لەمەر هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەو نامەیە نووسیویەتی: ئامانج لە بڵاوبوونەوەی ئەو نامەیە کۆنترۆڵکردنی خەساری بڕیاری دۆنالد ترامپە بۆ بردنەدەرەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە باکوری سوریە و کردنەوەی ڕێگە بۆ تورکیە بۆ هێرش بۆ سەر هێزەکانی سوریەی دیموکرات لە ڕۆژئاوای کوردستان.

لە لایەکی دیکە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان جارێکی دیکە و بە فەرمی داوای ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی بۆ ڕاگرتنی هێرش لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان رەتکردەوە و گووتویەتی تەنیا بە چەک داماڵینی هەسەدە و دانانی ناوچەی ئارام لە قوڵایی ٣٢ کیلۆمەتر هێرشەکە دەوەستێنم.