Skip to main content

ئێران لە ڕێگەى لە سێدارەدانەوە دەیەوێت توڕەیی خەڵک دابمرکێنێتەوە

ئێران لە ڕێگەى لە سێدارەدانەوە دەیەوێت توڕەیی خەڵک دابمرکێنێتەوە
ئەم لەسێدارەدانە پرۆسەیەکى زۆر جددی نییە، تەنها بۆ جوانکردن رژێمەکەى و هەڵمژینى توڕەیی خەڵکە
posted onOctober 1, 2018
nocomment

 

قۆناغی یەکەمى سزا ئابوورییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بەسەر ئێران، دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە بۆ دەربازبوون لە "توڕەیی خەڵک و بەرزبوونەوەى ناڕەزاییەکان، پرۆسەى دادگاییکردنى تۆمەتبارانى گەندەڵى خێراتر دەکات".

 

هەوڵەکانى کۆمارى ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى و بەهەدەردانى سامانى گشتى لەسەرتاسەرى وڵاتەکەى، پرۆسەیەکى زۆر جددی نییە، بەڵکو تەنها بۆ جوانکردن رژێمەکەى و هەڵمژینى توڕەیی خەڵکە، چونکە ئەوانەى بەگەندەڵییەوە تومەتبارن، کەسانى نزیک دەسەڵات و بەرپرسە باڵاکانى تارانن.

بەپێی راپۆرتە ئابوورییەکان " گەندەڵیی لەو وڵاتە گەیشتۆتە نێو سەرجەم دامەزراوەکانى دەوڵەت و، کۆنترۆڵکردنى لە دەست دەرچووە، تەنانەت بەخشینى بەرتیل و بەهەدەردانى سامانی گشتى بە شێوەیەکى گشتگیر بڵاو بووەتەوە".

تەلەڤزیۆنى فەرمیی ئەو وڵاتە لەهەواڵێکدا باسى لەوە کردووە "دادگاى تایبەت بەپرسى بەرەنگاربوونەوەى تاوانی دارایی دروست بووە و، بڕیاریداوە سێ تومەتباری ئەو کەسە لە سێدارە بدات". دادگایی کردنى کەسایەتییەکان، بە هۆى کاردانەوەى سزا ئابوورییەکانى ئەمریکایە کە قۆناغی یەکەمی لە سەرەتاکانى مانگی ئابی ڕابردوو چوونە بوارى جێبەجێکردنەوە، لەسەر ڕەوشى ئابوورى گشتى ئەو وڵاتە دروست بووە.

نزیکەى مانگێک پێش ئێستا بە بڕیارى عەلى خامنەییی، رابەرى باڵای کۆمارى ئیسلامی بڕیاری دابوو، بە ڕێکاری یاسایی و خێراو دادوەرى بەرەنگاری "جەنگی ئابوورى" ئەنجام بدەن. بە تۆمەتى "بڵاوکردنەوەى گەندەڵی لە زەویدا"، کە سزاکەى بە پێی یاسای شەریعەتى ئیسلامی تاران، لە سێدارەدانە، سێ کەسایەتى بە بێ ئەوەى ناویان بهێنرێت بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

ئێران لەبرى چارەسەرکردن و دۆزینەوەى رێگەچارەیەک بۆ قەیرانە ئابوورییەکان، ئاڵۆزبوونى بژێوى هاووڵاتیان و، داڕمانى بەهاى دراوەکەى بەرامبەر دراوە سەرەکییەکان و، گرانبوونى کاڵا و لاوازبوونى تواناى کڕینى هاووڵاتیان دەخاتە ئەستۆى ئەمریکاو ئیسرائیل و دوژمنانى رژێمەکەى. لەبەشێکى دیکەى بڕیارى ئەو دادگایە زیندانیکردنى 32 کەس بووە بە 20 ساڵ زیندانیی.

چاوەڕوانیش دەکرێت لە تشرینى دووهەمى داهاتوو، قۆناغی دووهەمى سزاکانى واشنتۆن بەسەر تاراندا دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، کە زیاتر کەرتى نەوت و وزە لەخۆ دەگرێت.