
دەرەنجامى توێژینەوەیەکى نوێى پۆلیسى ئێران نیشان دەدات کە ٦٢%ى پۆلیس و فەرمانبەرەکانى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى سیستان و بەلوچستان، تووشى "خەمۆکى" بوونەتەوە و لە ڕووى "ساغڵەمیی گشتی"ـیەوە لە دۆخێکى "نەخوازراو"دان.
ئەم توێژینەوەیە نیشان دەدات کە زیاتر لە ٤٨%ى پۆلیسەکانى ئەم پارێزگایە، تووشى "خەمۆکى توندى کارى" و "ماندووبوونى سۆزدارى" بوونەتەوە و ٥٠%ـشیان تووشى "مەسخى کەسایەتى" یا هەمان بەدگۆڕان بوونەتەوە. بەشێکى دیکەى توێژینەوەکە ئەوە نیشان دەدات کە زیاتر لە ٥٨%ى فەرمانبەرانى پۆلیستى پارێزگاى سیستان و بەلوچستان لە دۆخێکى زۆر خراپى جەستەییو دەروونی و دڵەڕاوکێ و کێشەى خەوى بوونەتەوە.
ئەگەرچى لەم توێژینەوەیەدا هۆکارى ئەم حاڵەتە مەترسیدارە بۆ "ڕووبەڕووبوونەوەى زۆر لەگەڵ خراپەکاران و بازرگانەکانى مادەى هۆشبەر و شەڕ و ئاژاوە" گەڕێنراوەتەوە، بەڵام بە وەبەرچاوگرتنى دۆخى ڕاستەقینەى ئەو ناوچەیە، دوژمنایەتى لەگەڵ بەلوچەکان و ڕەفتارى دوژمنکارانە و نائینسانانەى هێزە ئینتیزامییەکانە لەگەڵ خەڵکى ئەو ناوچەیە و ڕەفتارى دووالیزمیانە، هۆکارى تێکچوونى بارى دەروونى و ڕۆحى پۆلیسەکانى سیستان و بەلوچستانە.
زانیارییەکانى ئەم توێژینەوەیە لە وەڵامى ٢٤٠ کەس لە هێزە ئینتیزامییەکان و پۆلیسى سیستان و بەلوچستان وەرگیراوە.