کۆمارى ئیسلامى ئێران نزیکەى ٥ مانگ بەر لە ئەنجامدانى گشتپرسییەکەى هەرێمى کوردستان، تیمێکى کارى بۆ دروستکردنى ئاژاوە و نەهێشتنى ئەنجامدانى ئەو گشتپرسییە لە قەرارگاى ڕەمەزان دروست کرد.
بە پێى ئەو بەڵگانەى دەست تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى کەوتووە، نزیکەى ٢٠ ملیۆن دۆلار تەرخان کرا بۆ تێکدانى هەرێمى کوردستان و نەهێشتنى ئەنجامدانى گشتپرسى، کە لێرەدا بەشێک لە وەرگێڕانە کوردییەکەى دەخەینە ڕوو و دواتریش بەڵگەکان بە هەمان زمانى فارسى دادەنێین:
دەقى وەرگێڕدراوى لاپەڕەى دووەمى بەڵگە نهێنییەکە:
بەرنامەى کردەیی بەرامبەر سیاسەتە ئاڵۆزیخوڵقێنەکانى هەرێمى کوردستان
زۆر نهێنى
ڕێکەوتى ٦/٢/١٣٩٦ى هەتاوى (بەرامبەر بە ٢٦/٤/٢٠١٧ى زایینى)، دانیشتنێک بە ئامادەبوونى نوێنەرانى حفا (پاراستنى زانیارى سوپا) لە ناوەندى گشتى هێزە چەکدارەکان ئەنجام درا بۆ دانانى بەرنامەیەکى کردەیی بە ئامانجى ڕووبەڕووبوونەوەى سیاسەتە خراپکار و گێرەشێوێنەکانى هەرێمى کوردستان و بە واژووى ئامادەبووانى نێو دانیشتنەکە نێردرا بۆ نوێنەرانى دامەزراوە چاودێرەکان.
بەرنامەکە لەم بەندە پێشنیارکراوانەى خوارەوە پێک هاتووە:
▫️ بۆ ناسین و پاڵپشتى و ئاراستەکردنى هاوکارانمان، پێشنیار کرا لە باڵەخانەى ناوەندى فەرماندەیی قەرارگاى ڕەمەزان تیمێکى کارى پێک بهێنرێت و قەرارگاکە هاوکار بێت لە دەستوێڕاگەیشانى تیمى کارەکە بە زانیارییەکانى ئەم قەرارگایە بەتایبەت لەمەڕ گۆڕانکارییەکانى هەرێمى کوردستان و بە بەردەوام ئاگادارى توانا هەستیارەکانى هەرێم بێت.
▫️ بۆ دروستکردنى چەندین بەش لەم تیمى کارییە و هاوکارانى جێبەجێکردنى تیمى کارەکە بە هاوکارى نوخبە خۆماڵییەکان، پێشنیارى ئەوە بۆ فەرماندەیی بەڕێزى نقسا (هێزى قودسى سوپا) دەکرێت تا لە بنکەکانى نقسا لە هەرێمى کوردستان سوود لە کەسانى خۆماڵى (واتە کورد) وەربگیردرێت. لەم ڕێگەیەوە دەکرێت سوود لە بەشێکی بودجەى پاڵپشتى بۆ یارمەتیدانى هاوکاران لە هەرێم وەربگیردرێت.
▫️ وەک پێشنیارى دووەم دەکرێت بەو بڕە پارە هاوکارییەى کە لە لایەن فەرماندەیی بەڕێز نقسا دیارى کراوە، لە ڕێگەى ئاى پی ـیەکانمانەوە سوود لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەربگیردرێت.
▫️ و وەک پێشنیارى سێیەم بۆ بەکارهێنانى ئەو پارە دیاریکراوە، دەکرێت سوود لە ناوەندە هزرى، نوێگەرا و پێشکەوتووەکانى نێو زانکۆ و ناوەندە کاریگەرە کۆمەڵایەتییەکان (بە کەڵکوەرگرتن لە کەسانى ئاقڵ و زیرەکى هاوکار) وەربگیردرێت تا شوێنێک بۆ کۆبوونەوەى نووخبەکان، مامۆستایانى زانکۆ و خوێندکارانى چالاک پێک بهێنرێت و تیایدا دژى سیاسەتە وێرانکەرەکانى هەرێم کار بکرێت و بوارێکیش خۆش بکرێت بۆ دروستکردنى گرووپەیلى هاوکارمان.
لاپەڕەى یەکەمى بەڵگە نهێنییەکە
لاپەڕەى دووەمى بەڵگە نهێنییەکە
لاپەڕەى سێیەمى بەڵگە نهێنییەکە