Skip to main content

سوریە لە تورکیەى دایەوە

سوریە لە تورکیەى دایەوە
AvaToday caption
posted onAugust 22, 2019
nocomment

هێزەکانی ئەرتەشی ڕژێمى سوریە هێرشیان کردە سەر پرسگەیەکی پاسەوانى سەربازانی تورکیە لەو وڵاتە و ئەمە دووەم هێرشە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە لە لایەن سوریەوە دەکرێتە سەر تورکیە.

هەواڵدەری ئانادۆڵۆى تورکیە بە پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە نووسی "هێرشی ڕۆژی پێنجشەممە و لە نیزیک شاری مەعرە ئەلنعان لە باکووری خان شەیخون ڕووی داوە". بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕۆژی چوارشەممە فڕۆکەکانی ئەرتەشی سوریە پرسگەی هەشتەمی پاسەوانى هێزەکانی چاودێری تورکیەی بە چەکی قورسی ئۆتۆماتیک کردووەتە ئامانج.

دەوڵەتی سوریە، تورکیە بە پشتیوانیی گرووپە تیرۆریستی و دژبەرانی دەسەڵاتی ئەسەد تۆمەتبار دەکات. ئانکارا تا ئیستا ئەوەی ڕەت نەکردووەتەوە کە پشتیوانی لە هێزەکانی ئەرتەشی ئازادی سوریە "ئەلقاعیدە" دژ بە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان نەکردووە، بەڵام هەموو جۆرە پشتیوانییەکی هێزە ئیسلامییەکانی تەحریرولشامی لە ئیدلب ڕەت کردووەتەوە.

ئەرتەشی ڕژێمەکەى سوریە شەوی چوارشەممە کۆنترۆڵی شاری ستراتژیکی خان شەیخونی بەتەواوی بە دەستەوە گرت. ئەوە دووەمین هێرش بۆ سەر هێزەکانی تورکیەیە لە ناوچەی کەمکردنەوەی قەیران لە پارێزگای ئیدلب. ڕۆژی دووشەممە فڕۆکەکانی سوریە کاروانێکی ئەرتەشی تورکیەیان کردبووە ئامانج.

تورکیە و ڕووسیە کۆتاییەکانی  ساڵی ڕابردوو لەمەر دانانی ئیدلب لە لیستى ناوچەکانی کەمکردنەوەی کێشە ڕێک کەوتوون. بەو پێیە تورکیە پێشگیری دەکرد لە چوونی شەڕکەرە ئیسلامییەکانی ئەو پارێزگایە بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوریە و ڕووسیەش پێشگیری دەکرد لە هێرشی هەمەلایەنەی ئەرتەشی سوریە بۆ ئەو ناوچەیە.

بەو حاڵەشەوە ، ڕووسیە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هاوکاری ئەرتەشی سوریەی کردووە بۆ هێرش بۆ سەر ئەو ناوچانە لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی. ڕۆژنامەی دەیلی سەباح بڵاوى کردووەتەوە بڕیار وایە ڕۆژی ٢٥ خەرمانان کۆبوونەوەی سێ وڵاتی ئێران، ڕوسیە و تورکیە لەمەڕ دوایین ڕووداوەکانی سوریە پێک بێت.