زنجیره هێرشه ئاسمانییه‌كانى ئیسرائیل بۆ سه‌ر سه‌ربازگه و كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی ملشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی عێراق، جه‌نگێکی سیاسیی نهێنی له‌نێو حكومه‌ت و ئەو گرووپه چه‌كداره نزیكانەى ڕژێمی ئێران دروست كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی وا لە به‌غدا بکەن سیسته‌می به‌رگریی مووشه‌كی ئاسمانی ئێس ٤٠٠ـى ڕووسی بكڕێت.
ئه‌و گرووپه عێراقییانه‌ش فشاره‌كانیان بۆ سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، تووندتر كردووه بۆ ئه‌وه‌ی "داوایه‌كی فه‌رمیی پێشكه‌ش به مۆسكۆ بكات، تا ئه‌و سیسته‌مه به‌ده‌ست بهێنێت". ئه‌و هه‌نگاوه‌ش دوای ئه‌و هێرشه ئاسمانییه له‌ناكاوانەى ئیسرائیل دێت كه كرایه سه‌ر كۆگای چه‌كی حه‌شدی شه‌عبی له سه‌ربازگه‌ی سه‌قری باشووری پایته‌ختی عێراق و چەند بنکەیەکى دیکە.
ئه‌و گرووپانه‌ش زیاتر پشتیان به‌و ڕاپۆرته میدیاییانه به‌ستووه كه به‌رپرسیاریەتی هێرشه‌كان ده‌خاته ئه‌ستۆی ته‌لئه‌بیب، به‌وه‌ی جۆری هێرشه‌كان یه‌ك شێوازیان هه‌یه، به‌و هۆیه‌وه‌ش گفتوگۆییه‌كان گه‌یشته ئه‌و خاڵه‌ی "ئاسمانی عێراق له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه واڵا كراوه".
تاڕاده‌یه‌كیش عه‌بدولمه‌هدی له‌ژێر ئه‌و فشارانه، وه‌ڵامێكی هه‌بووه و بڕیاری ده‌ركردووە به‌وه‌ی "هه‌موو ڕە‌زامه‌ندییه‌كانی پێشوو بۆ لایه‌نه عێراقی و بیانییه‌كان هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه و ڕێگریش له فرۆكه جه‌نگییه‌كان دیكه ده‌كرێت به بێ ڕە‌زامه‌ندی به‌غدا به ئاسمانی ئەو وڵاتەدا تێپه‌رن".
ملشیاكانیش بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران به‌سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره ده‌زانن، چونكه بڕیاره‌كه زیاتر ئاراسته‌ی فڕۆكه‌وانی ئه‌مه‌ریكی ده‌كرێت. له‌لایه‌ن خۆیه‌وه به‌رپرسێكی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران بڵاوی كرده‌وه "عه‌بدولمه‌هدی له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌نێو فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراقی گفتوگۆی كردووه، پێش پێش ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كه ده‌ربكات"، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌ك هێما به‌وه ده‌كات "ڕێكکه‌وتننامه‌ی ڕێكخستنه‌وه‌ی ئه‌منی له‌نێو واشنتۆن و به‌غدا، ڕێگه‌ی به ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان داوه به هه‌ماهه‌نگی لایه‌نه ناوخۆییه‌كان سه‌رپه‌رشتی ئاسمانی عێراق بكات".
گووتی "ئه‌و بڕیاره قه‌ده‌غه‌كردنه‌ش په‌یوه‌ندی به‌و مافه‌وه نییه، چونكه به‌غدا به‌شێوه‌یه‌كی كرداری كه‌رسته‌ی پێویستی نییه بۆ سه‌روه‌ری ئاسمانه‌كه‌ی". ئه‌و سه‌رچاوه‌یه جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه "بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی گه‌شتی ئاسمانیی فڕۆكه سه‌ربازییه‌كان، له‌نێو نووسینگەی سه‌رۆكوه‌زیران چڕ كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام سه‌رپه‌رشتییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر به‌رێوه‌بردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان به‌رده‌وامیی هه‌یه".
بۆیه ده‌نگۆی سه‌ركه‌وتنه‌كانی گرووپه ملشیاكانی نزیك لە تاران، ده‌بێته بڵقێكی سه‌ر ئاو و ته‌نها له میدیاكاندا باسی لێوه ده‌كرێت. ئه‌وه‌ی گرووپه‌كان ده‌یانه‌وێت بریتییه له‌وه‌ی "عه‌بدولمه‌هدی هه‌نگاوی كرداری بنێت بۆ كڕینی ئه‌و سیسته‌مه مووشه‌كه به‌رگرییه، كه ئه‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاتی فراوانتر به به‌غدا ده‌دات سه‌روه‌ری ئاسمانه‌كه‌ی بێت". گرووپه‌كانیش ئه‌بو جیهاد هاشمی به‌رێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران به‌كارده‌هێنن تا فشار بخاته سه‌ر عه‌بدولمه‌هدی بۆ ئەوەى داواییه‌كی فه‌رمیی لە ڕووسه‌كان بکات بۆ كڕین و به‌ستنی سیسته‌مى ئێس ٤٠٠.
بۆیه هه‌ر هه‌نگاوێكی له‌و جۆره بچێته بواری كردارییه‌وه، ئه‌مه‌ریكا توڕە ده‌كات و، سیاسه‌تی به‌رامبه‌ر ئه‌و وڵاته ده‌گۆرێت، كه واشنتۆن ڕێگه نادات هاوپه‌یمانانی ئه‌و جۆره كه‌رسته به‌رگرییانه‌یان هه‌بێت. له‌سه‌رده‌می حكومه‌تەکەى پێشوو، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیر ده‌یویست هه‌نگاوێكی وه‌ها بهاوێژێت، به‌ڵام وه‌ڵامدانه‌وه‌ی واشنتۆن زۆر تووند‌و یه‌كلاییكه‌ره‌وه بوو.
چاودێران پێیان وایه فشاره‌كانی هاوپه‌یمانانی تاران بۆ سه‌ر به‌غدا بۆ كڕینی سیسته‌مه ڕووسییه‌كه، مه‌به‌ستی پارێزگاریكردنی ئاسمانی عێراق نییه، به‌ڵکو خواستێكی ڕژێمه‌كه‌ی كۆماری ئیسلامییه، بۆ ئه‌وه‌ی هێڵی به‌رگری له خاكی عێراقه‌وه دروست بكات و، دواتر له ئه‌گه‌ری هه‌ر پێكدادانێكدا دژی ئه‌مه‌ریكا به‌كاری بهێنێته‌وه.
چاودێره سیاسییه‌كان ده‌ڵێن "ئه‌گه‌ر عێراق ئه‌و سیسته‌می به‌رگرییە ئاسمانییەی (واتە ئێس ٤٠٠) ده‌ست بكه‌وێت، ئه‌وا ده‌كه‌وێته ژێر كۆنتڕۆڵی ئێران و، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه جێی قبوڵ نییه". چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت له ڕۆژانی ئایندە حه‌شدی شه‌عبی كار له‌سه‌ر توڕەکردنى ئه‌مه‌ریكا ده‌كات.
ئێستاش عه‌بدولمه‌هدی له‌نێو دوو به‌ره‌ی دژبه‌یه‌ك دایه كه ئه‌سته‌مه بتوانرێت هه‌ردووكیان پێكه‌وه جێبه‌جێ بكرێت:
ـ یه‌كه‌میان: به‌رده‌وامبوونی پاڵپشتییه مه‌رجداره‌كانی ئه‌مه‌ریكا
ـ دووەمیش: توڕەبوونی ئێرانییه‌كان
هه‌ردوو به‌ره‌ش توانای ڕووخاندنی حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدییان هه‌یه.