Skip to main content

پۆستى سەرۆک کۆمارى پرۆسەى سیاسی عێراقى شڵەژاندووە

پۆستى سەرۆک کۆمارى پرۆسەى سیاسی عێراقى شڵەژاندووە
عادل عەبدولمەهدى زۆرترین چانسى هەیە بۆ سەرۆکوەزیرانى عێراق
ئەندامپەرلەمانێکى پارتى: بەڵگەى کاندیدبوونى نێچیرڤان بارزانى بۆ سەرۆکوەزیران ڕاست نییە
posted onSeptember 18, 2018
nocomment

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەى دەستنیشانکردنى سەرۆککۆمارێکى نوێ بۆ عێراق، چەندین زانیاریی لەبارەى کاندید و پاڵیۆڕاوانى ئەو پۆستە ڕوو لە زیادبوونە.

 

بە پێی بەڵگەنامەیەکى بڵاوکراوە لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرکەوتووە "پارتى دیموکراتى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکوەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پۆستى سەرۆککۆمار کاندید کردووە و جێگری یەکەمیشی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانى ماوەبەسەرچووە و جێگری دووهەمیشى ئوسامە نوجێفی بووە"، بەڵام رەعد دەهلەکی ئەندامی فراکسیۆنى نیشتیمانى بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى گوت "ئەو بەڵگەنامەیە ساختەیە و هیچ بنەمایەکى ڕاستى نییە"، هۆکارەکەشى بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ڕێککەوتنەکانى پۆستى سەرۆککۆمار لە نێو فراکسیۆنەکان دەستى پێ نەکردووەو، چاوەڕوانی گفتوگۆن لەبارەى ئەو پرسەوە.

دەهلەکى ئەوەشى گووت "بڵاوکردنەوەى بەڵگەنامەیە وا ساختە پێویستە ئەوانەى ناویان هێنراوە، ڕوونکردنەوەی ساختەیی پێشکەش بکەن"، جەخت لەوەش دەکاتەوە "دزەپێکردنى بەڵگەنامەیەکى لەو شێوەیە، پەیامێکە بۆ ئەوەى بڵێن جموجۆڵێکى سیاسی لەئارادایە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانى حکومەت و پۆستە باڵاکانى عێراق". هیماشی بەوە کردووە "قسەکردن لەسەر پێکهێنانى حکومەت و، پۆستە وەزارییەکان کاتى ماوە بۆ تاوتوێکردنیان"، دەشڵێت "دواى دەستبەکاربوونى سەرۆککۆمار لە پۆستەکەى، ئەوسا گفتوگۆکانى پێکهێنانى حکومەت و ناوى وەزارەتەکان دێنە ئاراوە، چونکە تا ئێستا هیچ لایەنێک بابەتەکانى نەخستۆتە روو".

لەبارەى کاندید کردنى عادل عەبدولمەهدی سیاسەتمەدار سەربەخۆی شێعە و پاڵپشتىکردنی لەلایەن پێکهاتەى سوننەکانەوە ئاشکراى دەکات "کەسایەتى عەبدولمەهدی، کەسێکى پەسەند کراوە لە نێو گۆڕەپانى سیاسی و، پەیوەندییەکى باشیشی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان هەیە، بەڵام ئەو وردەکارییانەى کاندیدکردنى ئەو کەسایەتییە باس نەکراوە". دەهلەکی دووپاتی دەکاتەوە "ئەوان دەیانەوێت بەشدار بن لە دەستنیشانکردنى سەرۆکوەزیران، نەوەک جاران لە لایەن پێکهاتەى شێعەکانەوە بسەپێنرێت بەسەریاندا"، سووریشە لەوەى ئەو ڕەوشە کلاسیکییەى پێشوو دەبێت کۆتایی بێت.

سەرکردەکەى فراکسیۆنى نیشتیمانى ئاشکرای دەکات "دواى دەستنیشانکردنى مەحمەد حەلبووسی وەک سەرۆکى پەرلەمان، شتێک نەماوە بەناوى گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى، چونکە ئەو پرۆسەیەى لە سەرۆکایەتى پەرلەمان رووی دا، کە لە نێوان دوو فراکسیۆنى گەورە بیرۆکەى گەورەترین فراکسیۆنى هەڵوەشاندەوە". بەپێی دەستوورى عێراق، دواى دەستنیشانکردنى سەرۆککۆمار، لە ماوەى مانگێکدا گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمان رادەسپێرێت بۆ ئەوەى حکومەتى نوێ لەماوەى 15 رۆژ لە وڵات پێک بهێنێت. بۆ ئەو پۆستەش کۆمەڵێک کەسایەتى و ناو دەخرێنەروو، بەڵام هیچ کامەیەک تا ئێستا بە شێوەیەکى فەرمیی دەستنیشان نەکراون و یەکلایی نەبووەتەوە.

 

لەلایەن خۆیەوە رێبوار هادی ئەندامى فراکسیۆنى پاتى لە پەرلەمانى عێراق بە ئاڤاتودەى، ساختەیی ئەو بەڵگەنامەیەى دووپات کردەوە و ڕوونی کردەوە "هیچ رێککەوتنێکى لەو شێوەیە نەکراوە و نە دەکرێت"، گووتیشى "وەک پارتى لەگەڵ ئەو لایەنانەى باس کراون هیچ رێککەوتنێکمان نییە". لەبارەى یەکلاییکردنەوەى پۆستى سەرۆککۆمار لە نێوان یەکێتى و پارتى، ئەندامە کوردەکەى پارتى لە بەغدا دووپاتی دەکاتەوە لەوەى "پێمان وایە ئیستحقاقی سەرۆککۆمار پارتى دیموکراتى کوردستان، چونکە زۆرینەى دەنگەکانى کوردستانیان هەیە و زۆرترین کورسیشیان هەیە لە پەرلەمانی عێراق و، تەنازولیشى لەسەر نەکراوە بۆ هیچ لایەنێکی دیکە". هادی ئاماژەى بەوەش داوە "کاندیدمان دەبێت، چونکە بە پشکى خۆمانى دەزانین"، بەبێ ئەوەى ناوێکى دیاریکراو بۆ ئەو پۆستە بدرکێنێت.

 

هەموو ئەگەرەکانیشى بەکراوەیی هێشتۆتەوە بەوەى لەگەڵ یەکێتى بگەنە رێککەوتنێک و هەموو پرسەکەشى بۆ ڕۆژانى داهاتوو گواستەوە لەوەى " گۆڕانکاری ڕوو بدەن". بۆ وەڵامەکانى رەعد دەهلەکی لەبارەى هەڵوەشانەوەى بیروکەى گەورەترین فراکسیۆن لە نێو پەرلەمانى عێراقدا، رێبوار هادی پێی وایە "پرۆسەیەکی دەستوورییەو، دەبێت سەرۆککۆمار دوای دەستبەکار بوونى گەورەترین فراکسیۆن دەستنیشان دەکەن"، دەشڵێت "گەورەترین فراکسیۆن تەنها بۆ پێکهێنانى حکومەتە، چونکە دەبێت بە پێی یاساو دەستوور گەورەترین فراکسیۆن دیاری بکرێت، ئەوسا حکومەت پێک دێت".

 

ئێستا چاوەکان لەسەر پۆستى سەرۆککۆمارە، بەوەى ئەو کەسایەتییەى دیاریی دەکرێت، تا چەند لە فراکسیۆنەکانى نێو پەرلەمان نزیکە، بۆ ئەوەى متمانەى دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و، لەبەرامبەردا کەسێکیان لە نێویاندا دیاریی بکات بۆ پۆستى سەرۆکایەتى حکومەت.