Skip to main content

هەنا تورکی تائی بۆ ئاڤاتودەى: دوا قسە بۆ دەستنیشانکردنى سەرۆکوەزیران لاى مەرجەعیەتە

هەنا تورکی تائی بۆ ئاڤاتودەى: دوا قسە بۆ دەستنیشانکردنى سەرۆکوەزیران لاى مەرجەعیەتە
گەورەترین فراکسیۆنى عێراق یەکلایی نەبوویەوە
مەرجەعیەتى شێعە (بە ناڕاستەوخۆ): ئەوانەى لە دەسەڵات بوونە نەگەڕێنەوە سەر پۆستەکانیان
posted onSeptember 15, 2018
nocomment

 

ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق سەرۆکێکى نوێ بۆ خۆى دەست نیشان دەکات و، بڕیاریشە لە چەند ڕۆژى داهاتوو گەورەترین فراکسیۆن لە نێو پەرلەمانى ئەو وڵاتە ڕابگەینرێت، بۆ ئەوەى حکومەتى نوێ پێکبهێنێت.

 

ئەندامێکى فراکسیۆنى نەسر کە لە لایەن سەرۆکوەزیرانى ماوەبەسەرچوو ڕابەرایەتى دەکات، ڕایدەگەیەنێت "بۆ دەستنیشانکردنى کاندیدی سەرۆکوەزیران کۆمەڵێک پڕەنسیپ و یاسا هەیە، دەبێ لەبەرچاو بگیرێن، لە نێویاندا هەڵوێستى گەورە مەرجەعیەتى ئایینییە بۆ کەسایەتى ئەو پۆستە".

هەنا تورکی عەبد حەسەن، ئەندامى فراکسیۆنى نەسر بە تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى ڕوونی کردەوە "دانیشتنەکانى ئەمرۆ شەممەی پەرلەمان، تایبەت بوون بە دیارییکردنى سەرۆکی پەرلەمان کە بەدەنگدانى نهێنى مەحمەد حەلبوسی ببێتە سەرۆکى خوولى چوارەمی پەرلەمان"، گووتیشى "ئێستا چاوەڕوانین جێگری یەکەم و دووهەمى سەرۆکی پەرلەمان لەنێو ژمارەیەک پاڵیۆڕاو دەست نیشان بکەین".

بڕیار بوو لە 3 ئەیلوول (خەرمانان) پرسى سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆتایی بێت، بەڵام بەهۆى ناکۆکی سیاسی نێوان لایەنەکان لە پرسى گەورەترین فراکسیۆن سەرۆکى بەتەمەنى دانیشتنەکانى بۆ ناوەڕاستى ئەیلوول دواخست، تا دەرفەتێک بدرێتە بەلایەنەکان و گفتوگۆ لەو بارەوە بکەن.

هەنا تورکى تائی قسەى بۆ ئاڤاتودەى کرد.

هەنا تورکى تائی قسەى بۆ ئاڤاتودەى کرد.

 

ئەندامەکەى فراکسیۆنى نەس باسى لەوە کرد کە بۆ جێگرانى سەرۆکى پەرلەمان کۆمەڵێک ناو و پاڵیۆڕاو خراونەتە ڕوو کە ئەستەمە بتوانرێت بە ئاسانی دیاریی بکرێت کێ دەبێتە جێگری یەکەم و دووهەمى سەرۆکى پەرلەمان. لەبارەى گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمان تورکی عەبد حەسەن بە ئاڤاتودەى گوت "تائەم ساتە هیچ شتێک لەو بارەیەوە دروست نەبووە، بەڵکو کارکردن بەردەوامیی هەیە بۆ دروستکردنى گەورەترین فراکسیۆن"، هیماشی بەوە کردووە "لە دوو ڕۆژى داهاتوو ئەو بابەتە یەکلایی دەبێتەوە، کە مافی پێکهێنانى حکومەتى نوێی عێراقی پێ ڕدەسپێدرێت". بۆ پاڵاوتنى حەیدەر عەبادی، وەک تاکە کاندیدى لیستەکەیان بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران دەڵێت "ناتوانین بەیەکجاریی پرسەکە یەکلایی بکەینەوە، چونکە کۆمەڵێک یاساو پرنسیپ هەیە بۆ دیارییکردنى کەسایەتی سەرۆکوەزیران". جەخت لەوەش دەکاتەوە "عەبادی یەکێکە لە کەسایەتە باشەکان، بەڵام ڕێنماییەکانى مەرجەعیەت و دەستەى سەرۆکایەتى هاوپەیمانى نەسر بڕیاری کۆتایی لەسەر پرسەکە دەدەن". ئەو لێدوانەى تورکی عەبد حەسەن تا ڕادەیەک نەرمییە بەرامبەر هەڵوێستى فراکسیۆنى نەسر، بۆ پاڵاوتنى عەبادی بۆ خوولى دووهەمى سەرۆکایەتى وەزیران.

لەچەند ڕۆژى ڕابردوو مەرجەعیەتى شێعەکانیش لە عێراق بە هۆى ڕووداوەکانى بەسرەوە بە ناڕاستەوخۆ داوایان کردووە "ئەوانەى لە دەسەڵات بوونە نەگەڕێنەوە سەر پۆستەکانیان"، کە ئەو هەڵوێستەش هاوکات بووە لە دژایەتى ئێران بۆ پێدانى پۆستى سەرۆک وەزیران بەعەبادی. دووپاتیشی کردەوە "لەچەند ڕۆژى داهاتوو پرۆسەى سیاسی کرانەوەیەک لەبارەى گەورەترین فراکسیۆن بە خۆیەوە دەبینێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژى ڕابردوو قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودسی ئێرانی، هەوڵەکانى چڕ کردووەتەوە بۆ نزیکبوونەوەى هەر پێنج فراکسیۆنە شێعە براوەکەى پەرلەمان لە چوارچێوەى یەک قەوارەى سیاسی پەرلەمان، بۆ ئەوەى بتوانێت لە برى پەرتەوازەیی، بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە و دەستى لەنێو پەرلەماندا باڵاتر بێت. لەبەرامبەریشدا عەبادی ڕەزامەندی نیشان داوە بۆ دەستبەرداربوونى پۆستى سەرۆکوەزیران، ڕۆڵێکى کارای هەبێت لەچوار ساڵى داهاتووی حکومەتدا.