Skip to main content

گرانی و نەبوونی پێداویستییەکان بڕستى لە مەریوانییەکان بڕیوە

گرانی و نەبوونی پێداویستییەکان بڕستى لە مەریوانییەکان بڕیوە
بە هۆی مایەپووچى تمەن پێداویستییە خۆراکییەکان لە شار و باژێرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەمى کردووە
ڕۆژانە ١١هەزار کەس لە عێراق و باشوری کوردستانەوە سەردانی مەریوان دەکەن
posted onSeptember 11, 2018
nocomment

 

قایمقامی شارى مەریوان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان گوتى "چوونە دەرەوەى هەر جۆرە کاڵایەکی گرینگى خۆراکى و پێویستییەکانى ڕۆژانەى خەڵکى، لە شارى مریوان یاساغ دەکەین"، ئەمەیش لە دواى ئەوە هات کە مەریوانییەکان بە هۆى نەبوونى پێویستییە سەرەکییە خۆراکییەکانیان تووشى کێشەى گەورە بوونەتەوە.

 

لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ هەواڵدەری ئیسنا، محەمەد شەفیعى قایمقامی مەریوان باسى لەوە کردووە کە بە هۆى سەفەرى عێراقییەکانەوە بۆ ئێران و مەریوان بەتایبەت و کڕینی پیداویستییەکانیان بە شێوەیەکى نائاسایی، وای کردووە بازاڕی مەریوان تووشى کەمى خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانى ڕۆژانە ببێتەوە و بەمەیش خەڵک تووشى کێشە بوونەتەوە.

 

بە هۆی داشکانی نرخی تمەن لە بەرابەر دۆلاری ئەمریکایی، خەڵکی باشوری کوردستان و عێراق  بۆ کڕینی پێداویستییەکانی خۆیان ڕوویان لە شار و باژێرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و لە ئەنجامى بردنەوەى کەلوپەلێکى زۆر و بە لێشاو، کۆمەڵێک کێشە بۆ خەڵکی مەریوان درووست بووە.

 

برنج، ڕۆن، قەند و کۆمەڵێک پێداویستی سەرەکی دیکەی ژیانەکی، ئێستا لە بازاڕەکانی مەریوان زۆر بە کەمی وەدەست دەکەون و بەو هۆیەوە خەڵکی ئەو شارە تووشی گرفتێکی زۆر بوونەتەوە. شایانی باسە هەر بە پێی قسەکانی قایمقامی مەریوان ڕۆژانە ١١هەزار کەس لە عێراق و باشوری کوردستانەوە سەردانی مەریوان دەکەن کە بەشی زۆری بۆ کڕینی شتومەک و کاڵا دەچن.