
سەرۆکی حیزبی ڕاست و کۆنەپارێزی "ئای.ئێف.دی" پێشوازی لە پێشنیاری بەریتانیا بۆ درووستکردنی هێزێکی هاوبەشی دەریایی لە کەنداوی فارس کرد و بیرۆکەکەی لەندەنی بە ئاقڵانە ناوبرد. ئەلێکساندر گاولەند خوازیاری بەشداری ئاڵمان بووە لە پاراستنی ئەمنیەتی ئەو نەتهەڵگرانەی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن.
گاولەند کە سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبی پۆپۆلیستی " ئای.ئێف.دی" لە پەرلەمانی فیدراڵی ئاڵمانە، ئاماژە بە مەترسییەکانی سەرچاوەگرتوو لە ڕاگرتنی نەوتهەڵگرەکان لە لایەن ئێران گووتویەتی: پاراستنی ڕێڕەوە دەریایی و وشکانییەکانی ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتی پێویستییەکی پاراستنی بەرژەوەندییە گرینگەکانی ئێمە.
لە درێژەی قسەکانیدا گاولەند ڕایگەیاندووە پێکهێنانی ئەو هێزە لە کەنداوی فارس ئامرازێکی باشە بۆ بردنەسەری ئەمنیەتی کەشتییە بازرگانییەکانمان و ڕاشیگەیاندووە وڵامدانەوەی باشتری ئەو بیرۆکە پێوەستە بە بەشداری ئەمریکا و هەروەها سازگاربوونی لەگەڵ چوارچێوەکانی ناتۆ.
پێشنیار و بیرۆکەی درووستبوونی ئەو هێزە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا سەرقاڵی درووستکردنی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتییە بۆ پاراستنی ڕێرەوی دەریایی گەروی هورمز و بابولمەندەب و کەنداوی فارس لە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و گرووپە بریکارەکانی کە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر نەوتهەڵگر و کەشتی بازرگانی وڵاتانی کەنداو و ژاپۆن نۆروێژ و بەریتانیا.
چەند ڕۆژ لەوە پێش کۆماری ئیسلامی ئێران نەوتهەڵگرێکی بەریتانیایی لە گەرووی هورمز دزی و ئەو کارەی کۆماری ئیسلامی کاردانەوەی تووندی بەریتانیای بەدواوە بوو.
بەریتانیا بە کاردانەوە بە دەستبەسەرداگرتنی کەشتیبەکەی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندبوو ئەوان خوازیاری شەڕ نین و لێ لە ڕووی دیپلۆماسییەوە وڵامێکی تووند و بەهێزیان بۆ ئێران دەبێت.