Skip to main content

جرمی هانت: ئێران بۆمبی ئەتۆمی هەبێ مەترسیدارە

جرمی هانت: ئێران بۆمبی ئەتۆمی هەبێ مەترسیدارە
AvaToday caption
posted onJuly 8, 2019
nocomment

 

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا شەوی یەکشەممە بەرامبەر زیادکردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، گووتی: پێشێلکردنی بەرجام لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ئاسەواری جددی بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

 

هانت لە قسەکانی گووتی: ئێمە و ئاڵمان و فەڕانسە پێمان وایە گرنگترین پرس، دەستپێڕانەگەیشتنى ئێرانە بە چەکى ئەتۆمى. لەو باوەڕەداین ئەگەر ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات دەبێتە مەترسییەکی جددی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێمە تا ئێستاش دەمانهەوێ ڕێگەیەک ببینینەوە کە بە قازانجی ئەو ڕێککەوتنە بێت و نیگەرانی ئەو هەواڵانەین کە ئەوڕۆ دەیانبیستین.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە درێژەی قسەکانیدا گووتی: پێش ئەوەی بڕیار بدەین هەنگاوی دواترمان چی دەبێت، چاوەڕوانی بۆچوونی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بەو بوارە دەکەین. بێگومان کۆماری ئیسلامی بە پێشێلکردنی بەرجام ڕووبەرووی ئاسەواری جددی کارەکەی دەبێتەوە.

جرمی هانت سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئیمەیلەکانی باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەمریکا کە تێیدا ترامپی بە کەسێکی بێ لۆژیک، ناکارامە و لەرزۆک ناوزەد کردبوو، گووتی: ئەو بۆچوونانە بۆچوونی تاکەکەسین و ڕوانگەی دەوڵەتی بەریتانیا نین. ناوبراو پێداگری لەسەر دۆستایەتی نێوان بەریتانیا و ئەمریکا وەک دوو شەریکی نێودەوڵەتی کردووەوە و گووتی:  ئێمە تا ئێستاش پێمان وایە لە دوای هاتنە سەر کاری دۆنالد ترامپ، ئەمریکا باشترین دۆستی نێودەوڵەتی بەریتانیا بووە.

ترامپ لە وەڵامی ئەو قسانەی کیم دراک، باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەمریکا گووتبوی: ئەمن لاینگری ئەو پیاوە نیم، ئەو هیچ خزمەتێکی بە بەریتانیا نەکردووە.