Skip to main content

ئێران دۆزەخی بەهائییەکان

ئێران دۆزەخی بەهائییەکان
AvaToday caption
posted onJune 8, 2019
nocomment

 

سەرەڕاى دانپێدانانى دەستوورى کۆمارى ئیسلامی ئێران بە چەند کەمینیەکى ئایینى لە دەوڵەتی ئایینی لە ساڵى ١٩٧٩ى زایینى، کەچى بەشێک لەو نەتەوەو کەمە ئاینییانەى ئێران هیچ ماف و تایبەتمەندییەکى یاساییان نییە، گرنگترین ئەو ئایینانەش بەهائییەکانن.

 

ژمارەی جیهانیی پەیڕەوانى ئایینى بەهائی کە ژمارەیان لەنێوان شەش بۆ حەوت ملیۆن کەسن، لەنێو ئێراندا ژمارەیان گەیشتۆتە ٣٠٠ هەزار کەس، بەڵام بە بەراود لەگەڵ پێش سەرهەڵدانى شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ژمارەیان لە سنوورى ٧٥٠ بۆ ٨٠٠ هەزار کەس بوو. لەبارەى ئەو چەوساندنەوانەى کەمینە ئایینییەکانى ئێران ڕووبەروویان دەبێت، نوێنەرى فەرمی بەهائییەکانى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایدەگەیەنێت "ئێستا بەهاییەکان لەجیهان، ڕێکارە شەرعی لەپرسی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان لەکۆمەڵگەى جیهانى بەکار دەهێنن، بۆ ئەوەى ئەو پرسە بگەیننە ئاستى جیهانی، کە ئەمەش لەگۆڕەپانى نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوونە".

سەرمەد مقبەل کەیخەسرەو، لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕیی میدیایی ئاڤاتودەى ئاماژەى بەوە کردووە "وەک بەهائییەکان تیشکە جیهانییەکان بۆ ئەو نەهامەتییە بەکار دەهێنین". ڕوونیشی کردەوە "ئەوە ڕێگایەکى دوژمنکارانە و سیاسەتێکى زیانبەخشە، جگە لەوانەش بابەتى تیرۆرکردن و لەسێدارەکان و ڕێکارە شاراوەکان و ڕێکارى نافەرمیی دژیان پەیڕەو دەکرێت". بە پێی ماددەى ١٣ دەستوورى ئێران کە ساڵى ١٩٧٩ دواى سەرکەوتنى شۆڕشەکەى خومەینى پەسەند کراوە، دان بەفرەئایینى لەو وڵاتە دەنێت، بەتایبەت ئیسلام (مەزهەبی شێعەى دوانزە ئیمامی)، کریستان، جوو و زەردەشتى، بەڵام لە چوارچێوەى ئایینى ئیسلامدا.

بەهائییەکان

بەپێی قسەکانى کەیخەسرەو "ئیشکالیەتى ئەوە هەیە هەر کەسێک بەفەرمی ددان بە بەهائیی خۆیدا بنێت، ناتوانێت لەزانکۆکانى ئێران بخوێنێت و، هیچ پۆستێکى حکومەتیشى دەست ناکەوێت". گووتیشى "نیمچە جەنگێکى ئابووری دژیان پەیڕەو دەکرێت، کە زۆر زیانبەخشە". ڕژێمى تاران ددان بە بەهائییەکان وەک کەمینەیەکى ئایینى نانێت، بەڵکو هەمیشە تووندڕەوەکان دەژیان بە کار دەهێنێت و بە (زەندیق)ـیش وەسفیان دەکات، هەموو هەلێکیش بۆ چەوساندنەوەیان بە کار دەهێنێت.

جگە لەوەش سەدان کەسیان لێدەستگیر دەکرێت و لەسێدارە دەدرێت، بەشێکیان سەرچاوەى ژیانیان تێک دراوە وەک دوکان و ماڵ و حاڵیان. لە نیسانى ڕابردوو لێژنەى ئەمریکى بۆ ئازادییە ئایینییە نێودەوڵەتییەکان (USCIRT)، کە دەستەیەکى حکومەتى واشنتۆنە و چاودێرى ئازادییە ئایینییەکانى جیهان دەکات دەڵێت "لە ساڵى ڕابردوو ئێران هەڵمەتی سەرکەوتووکردنى دژى کەمینە ئایینییەکان تووندتر کردووە".

نوێنەری بەهائییەکانى حکومەتى هەولێر باسى لەوەش کردووە "بەهائییەکان لە هەموو وڵاتانى جیهان، کەسانێکى ئاشتیخوازن و، هیچ ڕێکارێکى تووندوتیژی یاخود سیاسی بە کار ناهێنن". دووپاتی کردەوە "زۆربەى ڕاپۆرتەکان ئاشکرایان کردووە لە دواى ١٩٧٩ تا ئەمرۆ چەندین پرۆسەى لەسێدارەدان دژى بەهائییەکان ئەنجام دراوە و، ژمارەکان دەریدەخەن کە نزیکەى ١٨٠ بۆ ٢٠٠ بەهۆى باوەڕییان بە ئایینى بەهائی لەسێدارە دراون، جگە لەچەوساندنەوە فراوانییەکانى دیکە".

جەخت لەوەش دەکاتەوە "بەهائییەکانى ئێران هاوشێوەى سەرتاسەرى جیهان، ڕێزو خۆشەویستیان بۆ وڵاتەکانیان و کۆمەڵگەکانیان هەیەو، ئەوانەشى شەڕ بەرپا دەکەن ناسراون و کێن". ئایینى بەهائی یەکێکە لەو ئایینە یەکتاپەرستییەى کە ساڵى ١٨٤٤ لەئێران دروست بووە و، باس لە یەکگرتوویی دەکات و لە سرووشى ڕەگەزی مرۆڤایەتى هەڵقوڵاوە و، بنەما سەرەکییەکان لەسەر سێ بنەمای بنەڕەتییە لە سێ گلکۆى گشتى دامەزراوە ئەویش (یەکتایی خودا، یەکتایی ئایین و یەکگرتوویی مرۆڤایەتى).

گردبوونەوەى بەهائییەکان

گردبوونەوەى بەهائییەکانى دونیا

بەڵام وەک شێوەى بەهائیی لەسەر دەستى حوسێن عەلى نوری، ناسراو بە (بەهائوڵا)، لە باخچەى نەجیبییەى دەوروبەرى بەغدا لە نیسانی ١٨٦٣ ڕاگەینراوە، کە بە بانگەوازی باخچەى نەجیبییەى بەغدا ناسراوەو، لەلایەن پەیڕەوانى ئەو ئایینەش بە "باخچەى ڕەزوان ـ ١٨٦٣" ناوزەند دەکرێت.

لە لایەن خۆیشیەوە لێژنە ئەمەریکییەکە لەراپۆرتى ساڵانەى خۆیدا جەختى لەوە کردەوە " ئێران یەکێکە لەو ١٦ وڵاتەى گرنگى و تایبەتمەندی خۆى لە ٢٠١٨ هەبووە، لەو کاتەوەش تاران لەو ڕیزبەندە جێگیر کراوە". کەیخەسرەو ئاشکراشی دەکات "بەهائییەکان ڕێکخراوی کۆمکارى جیهانی BIC  هەیە و، پێنج نووسینگەى سەرەکیی بەدەر (سیاسی) لە جیهاندا هەیە، گرنگترینیان لەنێو ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکانى نیۆیۆرک، لۆکسامبۆرگ، ژنێڤ، ئەدیس ئەبابا و جاکارتا"ـن.

لەبارەى شێوەی ژیانیانیش نوێنەرەکەى بەهائییەکان لەهەرێمى کوردستان دەڵێت " بەهائییەکان ڕۆژو بۆنەى تایبەتى ئایینیان هەیە، کارکردن تێدا قەدەغەو حەرامە، بەڵام لەئێراندا هەر کەسێک خاوەن پیشەیەکی تایبەت بەخۆى بێت، ئەگەر ئەو ڕۆژە شوێن کارەکەى دابخات، ئەوا کەسێکى نەناسراو دێت، شوێن کارەکەى دەشکێنێت و کارەکانى تێک دەدات، ئەو جۆرە کارانەش بەبەردەوامی ڕووی داوە".

بەهائییەکانى ئێران کە گەورەترین کەمینەى ئایینى ئێرانن ڕووبەرووى چەندین پرۆسەى دەستگیرکردن و ئەشکەنجە و ئازاری بێبیانوو بوونەتەوە، لەساڵى ڕابردوو چەندین کەسایەتی ئەو ئایینە دەستگیر کراون و، بەشێکیانیش لەزانکۆکاندا بەهۆى ئایینەکەیەوە دەرکراون و، بێبەش بوونە لەدرێژەدان بەخوێندنى باڵا.

بەهائی و پەرەستن

شوێنى پەرەستشى بەهائییەکان