Skip to main content

مایک پۆمپئۆ: ئامادەین بێ پێشمەرج لەگەڵ ئێران دانوسان بکەین بەڵام فشارەکانیشمان بەردەوام دەبن

مایک پۆمپئۆ: ئامادەین بێ پێشمەرج لەگەڵ ئێران دانوسان بکەین بەڵام فشارەکانیشمان بەردەوام دەبن
AvaToday caption
posted onJune 3, 2019
nocomment

 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە لەسەفەرێکدا بۆ چوار وڵاتی ئەورووپایی بەمەبەستی دانوسان سەبارەت بەکاروباری ئێران، ئێستا لە سویسرایە، یەکشەممە ۱۲ی جۆزەردان، لەم وڵاتە لەگەڵ ئیگناسیڤ کاسیک، هاوتای سویسرایی خۆی وتووێژی کرد.

 

بەپێ ڕاپۆرتی هەواڵدەری ئاسوشیتێدپرێس، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەم چاوپێکەوتنە ئاماژە بەوەی کە وڵاتەکەی ئامادەیە بەبێ پێشمەرج لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دانوسان بکا، گوتی "ئامەدەین بۆ دانوسان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لەسەر مێز کۆببینەوە". مایک پۆمپئۆ ڕۆژی یەکشەمە هاوکات جەختی کردەوە کە ئێران دەبێ وەکوو وڵاتێکی ئاسایی هەڵسوکەوت بکات و گوتیشی "ئەمریکا درێژە بەهەڵمەتەکانی خۆی ئەدا کە لەپێناو کۆتایی هێنان بە پڕۆسەی چالاکییە شەڕەنگێزییەکانی کۆماری ئیسلامی وەکوو هێزێکی شۆڕشگێڕانەیە". پۆمپئۆ لە کۆتاییشدا گوتی، کۆماری ئیسلامی دەبێ بزانێت کە هەموو دونیا چاودێری چالاکییەناوکییەکانی وەکوو ئاوی قورس و سانترفیووژەکان دەکا.

بە پێ ڕاپۆرتی هەواڵدەری ڕۆیتەرز، لەم بارەوە وەزیری دەرەوەی سویسرا لە وتووێژ لەگەڵ مایک پۆمپئۆ گوتی: وڵاتەکەی سەبارەت بەوەی کە ڕژێمی ئێران ڕێککەوتنەناوکییەکەی دەورداوەتەوە یان نا، نەگەیشتووتە ئەنجامێک کە بیهەوێ لەگەڵ لایەنە ئەمریکاییەکەی باسی لەسەر بکات.

مایک پۆمپئۆ ساڵی پێشوو، ۱۲ مەرجی هەمەلایەنەی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ لە گەڵ تاران دیاریکردبوو کە لە پلانی ئەتومی هەتا ڕاگرتنی پاڵپشتی لە گرووپەبریکارییەکانی، لە ئازادکردنی شارومەندانی ئەمریکایی، کۆتایی بەبەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیک یان کردەوەی تێکدەرانەی سایبری تا ڕاگرتنی پاڵپشتی لە تالیبانی دەگرێتەوە. ئێران بەردەوام ئەم داخوازییانەی ڕەتکردووتەوە و جێبەجێ کردنیانی بە مەحال داناوە.

خامنەیی و ترامپ

عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، لە دوایین قسەکانی سەبارەت بە دانوسان لەسەر داخوازییەکانی ئەمریکا گوتی، دانوسان لەسەر پرسە نامووسییەکانی شۆڕشەکەمان ناکەین. بۆ وێنە وەکوو پرسی سەربازی کۆماری ئیسلامی. سەرۆکۆماری ئەمریکا کە لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی لەگەڵ ئێران چووەتە دەرەوە تا ئێستا بەدەیان جار خوازیاری دانوسان لەسەر ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ تاران بووە بەڵام ڕێبەر و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەرچەشنە دانوسانێکیان ڕەتکردووتەوە.

بەڵام حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژی شەممە لە نوێترین لێدوانەکانی خۆی سەبارەت بە دانوسان لە گەڵ ئەو کەسانەی کە بە وتەی خۆی دوژمنن، گوتی "ئەگەر بەڕێزگرتنی تەوا و لەچوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بێنە سەر مێزی دانوسان، ئەوە ئێمە ئەهلی مەنتق و ژیری و دانوسانین. نەک ئەوەی دەستووری دانوسان بدە کە لەو کاتە ئێمە چۆک بۆ کەس دانادەین.

گۆڕانکارییە دواییەکان مەترسی شەڕوپێکدادان لەنێوان ئێران و ئەمریکای هێناوەتە ئاراوە و کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکشەمەی وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و سویسرا لە شارۆچکەی بلینزونا، لەسەر دڵەڕاوکێیەکانی ئەورووپا لە ئاکامی ئەگەری ستراتژیێکی هەڵە لە کێشەکان نێوان ئەمریکا و ئێرانە.لە نەبوونی پەیوەندی سیاسی نێوان ئەمریکا و ئێران، سویسرا چەندین دەیەیە کە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێرانە.

ترامپ ٣

سەرۆکۆماری سویسرا دوو حەوتە لەمەو پێش، لە سەفەرێکی چاوەڕواننەکراو، ڕۆییشتە ئەمریکا و لە کۆشکی سپی لەگەڵ دوناڵد ترامپ کۆبوویەوە. بەپێ گومانە میدیاییەکان، ئەو کۆبوونەوە تەرخان درا بە کێشەکانی ئێران و ئەمریکا. بەڵام وردەکاری زیاتر سەبارەت بە ئەنجامەکەی بڵاو نەبووەوە.

ئاسوشیتێدپرێس پێشتر نووسیبووی، چاوپێکەوتنەکانی پۆمپئۆ لە ئەورووپا، بە ئەگەری زۆرەوە بە ئامانجی پشکنێنی ڕێگایێکیتر بۆ کەمکردنەوەی کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەبچێت. بە وتەی ئەم هەواڵدەرییە، پێدەچێ سویسرا لەئێستادا خەریکی هەوڵدان بۆ ئازادکردنی پێنج شارومەندی ئەمریکاییە کە لە زیندانەکانی ئێرانن.