Skip to main content

مایەپووچى تمەن پشتى نەجەفى شکاندووە

مایەپووچى تمەن پشتى  نەجەفى شکاندووە
ئێرانییەکان لەبەر خراپى بارى ئابوورى ڕوو ناکەنە نەجەف بۆ زیارەتى ئیمامى عەلى
بەهۆى مایەپووچبوونى تمەن، شارى نەجەف ڕووبەڕووى قەیرانێکى دژوار بووەتەوە
posted onAugust 16, 2018
nocomment

 

شارى نەجەف کە کەوتووەتە باشوورى  عێراقەوە، بە هۆى سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکانى سەر ئێران، ڕووبەڕووى قەیرانێکى ئابوورى گەورە بووەتەوە.

 

بە گەمارۆ ئابوورییەکانى ئەمریکا لەسەر ئێران، سەفەرى زیارەتکارانى ئێران بۆ شارى نەجەف ڕووى لە کەمبوونەوەیە و ئەمەیش واى کردووە کە زۆربەى هۆتێل و بازاڕەکانى ئەو شارە تووشى بێ داهاتى ببنەوە و ببەسترێن و یا چۆڵ بکەن. ئەو شارە عێراقییە نزیکەى 171 کیلۆمەتر لە باشوورى بەغدای پایتەختەوە دوورە و مەزارگەى ئیمام عەلی کوڕی تاڵیبى لێیە کە بە یەکێک لە مەزارگە پیرۆزەکانى شیعە مەزهەبەکان هەژمار دەکرێت و ساڵانە نزیکەى یەک ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار سەردانى نەجەف دەکەن، جگە زیارەتى چلەى عاشورا کە بە گەورەترین گردبوونەوەى شیعەکان لەو شارە دادەنرێت و ملیۆنەها کەس لە دەوری ئەو مەرقەدە کۆ دەبنەوە.

 

لەلایەن خۆیەوە سائیب ئەبو غەنیم، سەرۆکى دەستەى یەکێتى هۆتێلەکانى نەجەف بە ئاژانسى فرانس پرێسى گوتووە "سەدا 85 ـى زەیارەتکارانمان لە ئێرانەوە بوو". بە هۆى ئەو قەبارە بەرزەى سەردانەکانى ئێرانیان بۆ شارى نەجەفـ، لە زۆربەى شەقامە سەرەکیی و هەستیارەکاندا تابلۆ و هیما بە زمانى فارسى هەڵواسراوە بۆ ئەوەى رێنوینى گەشتیاران بکەن بۆ شوێنى مەبەست، بەڵام بە هۆى دابەزینى بەهاى تمەنى ئێران بەرامبەر دۆلارى ئەمریکى و دراوە نێودەوڵەتییەکان، قەبارەى گەشتیارانى ئەو وڵاتەش بۆ عێراق رووی لە کەمى کردووە.

 

فەرزاد ڕەزا، خاوەنى کۆمپانیایەکى گەشتیارییە، ئەو لەم بارەوە دەڵێت "پاشەکشێکردنى گەشتیارانى وڵاتەکەمان بۆ عێراق بە هۆى لەدەستدانى بەهاى دراوەکەمانەوەیە".لەم ماوەیەدا ئەمریکا سزایەکى ئابوورى توندی بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاند، ئەو هەنگاوەش ئاڵۆزییەکى زیاترى بۆ بەهاى دراوى ناوخۆیی ئەو وڵاتە دروست کرد و لە بازاڕەکانیشدا بەهاى یەک دۆلارى ئەمریکى گەیشتە سەرووى 12 هەزار تمەن.

بۆ گەشتکردن بۆ چوونە نێو عێراق، پێویستە فیزەى پێشوەختە وەربگیردرێت و، تێچووەکەشى بەدراوى بیانى بێت. لە لایەن خۆیەوە میقداد میهرەبان کە بە گەشێتکى ئایینى سەردانى نەجەفی کردەوە، گوتى "هاوشێوەى هاوڕێیەکانم 40 دۆلارم داوە بۆ وەرگرتنى فیزەى عێراق". دەڵاڵێکى بازاڕى دراو لە نەجەف بە ئاژانسە فەڕەنسییەکەى گوتووە "بازاڕى دراوەکان ناسەقامگیرییەکى گەورە بە خۆیەوە دەبینێت، هاوکات هیچ پاڵپشتییەکى حکومەتیش بۆ ئەو پرسە نییە و، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر گەشتیارە ئێرانییەکان دروست کردووە".

 

بەهێزترین کەرتى گەشتیاری عێراق، کەرتى ئایینییە بە تایبەت لە هەردوو شارى نەجەف و کەربەلا کە دوو شوێنى پیرۆزی شیعە مەزهەبەکانن لەجیهاندا. هەروەها چەند شوێنێکى دیکە لە سەرتاسەرى عێراق هەیە وەک گەڕەکی کازمیەى بەغدا، مەرقەدی چەند ئیمامێکى شیعە لە شاروچکەى سامەرای پارێزگاى سەلاحەددین کە زیارەتکەرێکى زۆرى بۆ دەچێت.

 

چاوەڕوان دەکرێت وەستاندنى گەشتە ئاسمانییەکانى نێوان عێراق و ئێران بە تایبەت بۆ شوێنە پیرۆزەکانى شیعە، کاردانەوەى مەترسیداری لەسەر ئەو کەرتە هەبێت، کە بە شێوەیەکى جۆراجۆر 544 هەزار کەس لەو کەرتە کار دەکەن. لەسەر ئاستى داهاتەکانیشى بە پێی ئامارى ئەنجوومەنى گەشتوگوزاری جیهانى ساڵانە بە بەهاى 5 ملیار دۆلار پشکدارە و ڕێژەى سەدا 3ى کۆى گشتیى داهاتەکان پێک دەهێنێت. کاریگەرییە نەرێنییەکان لەگەڵ دەستپێکردنى سزاکان دەرکەوتن، بە تایبەت لەسەر شارى نەجەف، کە ئامادەسازی دەکات لە مانگی گەلاوێژ کۆمەڵێک مەراسیمی ئایینى ئەنجام بدات.

بەرپرسەکەى عێراق دووپاتیشی کردەوە "زۆربەى تۆماری هۆتێلەکان هەڵوەشێنراونەتەوە و ژمارەى گەشتیارانى ئێرانیش ڕووى لە کەمبوونەوە کردووە".. "لە ماوەى رابردوو رۆژانە 35 گەشتى ئاسمانى لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەبووە، بەڵام ئێستا تەنها 12 گەشت ئەنجام دراوەو، زۆربەشى گەشتیارە عێراقییەکانى بۆ مەرقەدی شیعەکان لە ئێران گواستووەتەوە". بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو قەیرانە ئابوورییەى نەجەف، زۆربەى هۆتێلەکانى ئەو شارە بەسەدا 50 داشکاندنیان ئەنجام داوە. تەنانەت بە گووتەى یەکێک لە هۆتێلەکانى ئەو شارەش داشکاندنەکان هیچ سوودێکى ئەوتۆی بۆ شارەکەیان نەبووە.

 

یوسف ئەبو تابووق، خاوەنى هۆتێلی بەلەد ئەمین لە نەجەف، بە فڕانس پرێسى گووتووە "بازاڕەکە بە بێ گەشتیارە ئێرانییەکان لە بەردەم داڕماندایە".

 

ئێران دواى تورکیا دێت لە ئاستى بەرزى ئاڵوگۆرە بازرگانییەکانیان لەگەڵ عێراق، بە پێی ئامارە فەرمییەکانیش ساڵى رابردوو ئاستى ئاڵوگۆری بازرگانى تاران و بەغدا نزیکەى 6.7 ملیار دۆلار بووە.

 

 

 

لە فڕانس پرێسەوە