Skip to main content

ئێران ملیارەها دۆلاری ئێرانییەکانى بەخشیوەتە ملشیاکانى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان

ئێران ملیارەها دۆلاری ئێرانییەکانى بەخشیوەتە ملشیاکانى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان
AvaToday caption
posted onMay 18, 2019
nocomment

 

ناوەندێکى توێژینەى ویلایەتە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە "ئێران ملیارەها دۆلار بۆ پارەدارکردنەوەى گرووپە تیرۆریستییەکان و، ناسەقامگیرى ناوچەی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جیهان خەرج دەکات"، روونیشی کردووەتەوە "تاران دەیەوێت پاوانخوازیی و دەستێوەردان لەکاروبارى ناوخۆیی وڵاتان ئەنجام بدات، لەهەمان کاتیشدا قەیرانە ئابوورییە ئاڵۆزە ناوخۆییەکەى پشتگوێ خستووە".

 

ئەو راپۆرتە کە لەلایەن ناوەندی (سۆفان)ـى ئەمەریکى بۆ راوێژکارى کاروبارى ئەمنى بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات "کۆمارى ئیسلامی پارەدارکردنى ملشیا نزیکەکانى خۆى لە چەندین وڵات ئەنجام دەدات، بۆ ئەوەى قوڵایی ستراتیژیی بەدەست بهێنێت و نیشانی بدات نەیارانى بدات هێزو پاوانخوازیی هەیە". ناوەندەکەى ئەمەریکا جەخت لەوە دەکاتەوە "ئێران قەیرانەکانى ٢٠١١ ـى عێراق و سووریاو یەمەن وەک هەلێک قۆستۆتەوە، بۆ ئەوەى چەندین گرووپى سەر بە رژێمەکەى لەو وڵاتە دروست بکات و، لەمەوداى درێژ خایەندا بەرگرى لەبەرژەوەندییەکانى بکەن".

سۆفان دووپاتی دەکاتەوە "تاران بۆ جێبەجێکردنى پلانەکەى لەنێوخۆی عێراقدا، کارى لەسەر بڵاوەپێکردنى ملشیاکانى سوپاى قودسی تیرۆریست کردووە، بۆ ئەوەى پاڵپشتى ملشیا عێراقییەکان بکەن"، جگە لەوانەش رژێمى ویلایەتى فەقێ بە بەهاى سەرووى ١٠٠ ملیۆن دۆلار لە ساڵى ٢٠١٨ جبەخانەى پێشکەش کردوون، تا دەسەڵاتیان بە بەراورد لەگەڵ هێزە عێراقییەکان و ئەمریکییەکان بەهێزتر بێت.

قاسم و ملشیا

لەبارەى سووریاوە ناوەندی سۆفان دەڵێت "هەوڵی داوە لەوێ رێڕەوێکى زەمینى لەئێرانەوە بۆ لوبنان دابین بکات و، هەمیشەش لەسەر ئەو خاڵە کاری دەکرد، وەک جێگرەوەیەک بۆ گواستنەوەى ئاسمانى پڕ مەترسیدار". دووپاتی دەکاتەوە "لە دیمەشقەوە تواناى گواستنەوەى چەک و جبەخانەى هەیە بۆ ملشیاکانى حیزبوڵاى لوبنانى". ناوەندەکە پشتى بەراپۆرتێکى سیتڤان دی میستۆرا، نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا کە خەمڵاندنى پارەکانى ئێران بۆ ملشیاکانى سووریاى کردووەو، لە حوزەیرانى ٢٠١٥ بە کوژمەى شەش ملیار دۆلار خەمڵاندنى بۆ کردووە.

جگە لەسووریاو عێراق و لوبنان، دەستێوەردانى کۆمارى ئیسلامی لەنێو یەمەن لەرێگەى ملشیاکانى حوسییەوە دەستێوەردانێکى فراوانى ئەنجام داوە، بەجۆرێک بوونەتە بریکارى تاران لە کەناری باشووری رۆژئاواى نیمچە دوورگەى عەرەبی. رۆژهەڵاتى ناوەڕاست تاکە ناوچەیەک نییە بۆ فراوانبوون و پاوانخوازییەکانى رژێمى ئێران، بەڵکو هەوڵی داوە فراوانتر بچێت، بەتایبەت لەنێو ئەفغانستان، کە پاڵپشتیەکى فراوانى لایەنە ململانێیەکانى ئەو وڵاتە کردووە. تاران توانیویەتى چەندین ئامانج لەنێو کابول بەدی بهێنێت و، هاوپەیمانى نێودەوڵەتیش بەکۆمەڵێک پرسى لاوەکییەوە سەرقاڵ بکەن.

ملشیا

لە تشرینى یەکەمى ٢٠١٠، حامید کەرەزاى، سەرۆکى پێشووى ئەفغانستان دانى بەپارەدار کردنى ئێرانى کردووە، کە ساڵانەى دوو ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام ژمارەکانى دیکەى پەیوەند بەپارەدار کردنى تاران بۆ ئەو وڵاتە جیاوازی هەیە، کە لەنێوان یەک ملیۆن بۆ دوو ملیۆن دۆلار بووە لەنێوان مانگێک بۆ یەکێکى دیکە. بەشێکیان گەیشتۆتە سنووری شەش ملیۆن دۆلار، هەروەها کۆمارى ئیسلامی پارەى دیکەى بەپاڵیۆراوانى پەرلەمانی کابۆل بەخشیوە، تاوەکو لەنێو پەرلەماندا پاڵپشتى سیاسەتەکەى بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، گۆڤاری فۆربیسی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە "ملشیاکانى ئێران لەسووریا بەشێکى گەورەى پاڵپشتیە داراییەکەى تارانى بە دەست هێناوەو، قەبارەى ساڵانەشى لەسنوورى ٦ ملیار دۆلار بووە، بۆ میلیشیا عێراقییەکانیش پاڵپشتییە داراییەکەى لە ساڵێکدا لەسنوورى یەک ملیار دۆلار بووە، حیزبوڵاش لەسنوورى ٧٠٠ ملیۆن دۆلار بوون".