Skip to main content

کۆماری ئیسلامی هەڕەشەیەکی جددیە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا

کۆماری ئیسلامی هەڕەشەیەکی جددیە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا
AvaToday caption
posted onMay 12, 2019
nocomment

 

مایک پۆمپئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دانوستان لەگەڵ کاناڵێکی ئەمریکایی جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بە جدی وەردەگرێت بەڵام ئامانجی ئەمریکا درووستکردنی گۆڕانە لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

 

پۆمپئۆ کە شەوی شەممە لەگەڵ کانالی "سی.ئێن.بی.سی" گفتوگۆی دەکرد بە ئاماژەدان بە هەڕەشەکانی ئێران گووتی: ڕژیمی ئێران هەڕەشەیەکی چالاکە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرەڕای ئەوەش کۆشکی سپی پێشوازی لە دەرفەتی وتووێژ لەگەڵ تاران دەکات. ئەو دیپلۆماتکارە پلەبەرزەی ئەمریکا هەروەها گووتی: شایەتی زیادبوونی هەڕەشەکان لە لایەن ئێرانەوەین و دەوڵەتی ترامپ بەو هۆکارە لە هەموو تواناییەکانی بۆ هەر هەنگاوێکی هێرشبەرانە دژی ئێران کەڵک وەردەگرێت.

پۆمپئۆ بە ڕاگەیاندنی ئەوەی ئەمریکا بە دوای شەڕەوە نییە، وەبیری هێنایەوە نامانهەوێ هەڵسەنگاندنی هەڵەمان هەبێ. ئامانجی ئێمە شەڕ نییە و ئامانجمان درووستکردنی گۆڕانە لە ڕەفتاری دەسەڵاتدارانی ئێران. لە دە ڕۆژی ڕابڕدوودا ئەمریکا بە کاردانەوە بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی کەشتی فرۆکەهەڵگری ئابراهام لینکۆڵن، کەشتی گرووپی زەربەتی و یەکەی بۆمب هاوێژی ناردۆتە بۆ کەنداوی فارس.

هێزى چەکدارى هەردوو لا

پێنجشەممە ١٩ بانەمەڕ، دۆنالد ترامپ سەرکۆماری ئەمریکا لە وەڵام بەو پرسیارە کە ئاخۆ ئەگەری شەڕی سەربازی ئەمریکا و ئێران هەیە گووتی: دەگوترێ ئەو ئەگەرە هەمیشە هەیە، نامهەوێ بڵێم نا بەڵام هیوادارام ئەو شتە ڕوونەدات. سەرکۆماری ئەمریکا لە کاردانەوە بە ناردنی یەکەی بۆمبهاوێژ و کەشتی فرۆکەهەڵگری یو.ئێس.ئێس گووتی: ئێرانییەکان هەڕەشەیان لە ئێمە دەکرد و پێویست بوو ئێمە ئەمنیەتێکی گوونجاو بۆ وڵاتەکەمان و شوێنەکانی دیکەمان هەبێت. ئێمە بەهێزترین کەشتییەکانی دونیامان هەیە کە بە تەواوی ئامادە و پڕچەکن.

ترامپ گووتبوی: ئەوەی کە دەمهەوێ سەبارەت بە ئێران بیبینم ئەوەیە ئاخۆ ئەوان پێوەندیم پێوە دەگرن. شەوی شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە گفتوگۆ لەگەڵ کاناڵی سی.ئێن.بی.سی گووتی: ئێمە هەموو ئەو کارە پێویستانەی هاوکارن بۆ باشکردنی هەلومەرجی ئەمنیەتیمان ئەنجام داوە بەڵام دیسانیش دەمانهەوێ دڵنیابین کە هێزی پێشگیریمان لە ناوچەکە هەیە بۆ ئەوەی لە کاتێکدا ئێران بیهەوێ بەرژەوەندییەکانی ئێمە لە عێڕاق، ئەفغانستان یا خود، یەمەن و هەرشتێکی دیکە بخاتە مەترسییەوە ئامادەیی وەڵامدانەوەی گونجاومان بۆیان هەبێت.