Skip to main content

ڕووسیا پاڵەپەستۆیەکى گەورەى خستۆتە سەر ئێران

ڕووسیا پاڵەپەستۆیەکى گەورەى خستۆتە سەر ئێران
AvaToday caption
posted onMay 5, 2019
nocomment

 

ماڵپەڕێکى ئیسرائیلى لە نوێترین ڕاپۆرتى خۆیدا ئاشکراى دەکات "ڕووسیا فشارێکى زۆرى خستووەتە سەر پێگە سەربازییەکانى کۆماری ئیسلامی ئێران لە سووریا".

 

ماڵپەرى دیبکای ئیسرائیلی کە تایبەتە بە کاروبارى هەواڵگری و ئاسایش، ئاماژەى بەوە کردووە "مۆسکۆ فشارێکى زۆرى بۆ تاران بردووە لە دیمەشق، بۆ ئەوەى هێزە سەربازییەکانى لە زۆربەى ناوچەکانى ئەو وڵاتە بکشێنێتەوە". ئەمەش لە کاتێکدایە ڕژێمى ئێران لە ڕێگەى چەندین میلیشیاى جۆراجۆرى وڵاتانى جیهانى و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست وەک حەشدی شەعبی عێراق، حیزبوڵای لوبنانی، لیواکانى فاتمیون و زەینەبیونى ئەفغانستان و پاکستان، لەشەڕى ناوخۆى سووریا تێوەگلاندووە.

بە جۆرێک ڕژێمەکەى تاران لە دواى هەڵگیرساندنى شەڕو پێکدادانى ناوخۆی سووریا لە ساڵى ٢٠١١ بەشێوەیەکى چڕ دەستى خستووەتە نێو ئەو وڵاتە و، چەندین جار ئەو ڕژێمەى لە داڕمان ڕزگار کردووە. ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەکە جەختى لەوەش کردووەتەوە "گۆڕانکارى نوێ و لەناکاو لەلایەن مۆسکۆوە دژى مانەوەى سەربازی ئێران لەسووریا درووست بووە".

لە ڕێگەى سەرچاوەکانى خۆیەوە گووتویەتى "لەنێو ئەو فشارانەى ڕووبەرووى ئێران بووەتەوە، دەرکردنى سوپاى پاسدارانە لەسەربازگە سەربازییەکانى لەنێو سووریا". جگە لەوانەش "دەبێ سوپای پاسداران فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانى (درۆن)ـى پڕچەک کراو بەمووشەک و بۆمبى هۆشمەندیش لەنێو خاکی سووریا بکشێنێتەوە".

لەماوەى ڕابردوو سەرچاوەکانى ئۆپۆزسیۆنى سووریا باسیان لەسەرهەڵدانى پێکدادان لەنێوان هێزەکانى ڕووسیاو ئێران لەخاکی سووریا کردووە، هەرچەندیشە لەلایەن هەردوو وڵات ئەو زانیارییانە ڕەت کرایەوە، بەڵام بەشێک لە میدیا جیهانییەکان، زانیارییەکانیان بە کۆمەڵێک دیکۆمێنت و سەرچاوەى زیندوو پشتڕاست کردووەتەوە.

ئێران و ڕوسیە تێک چوون