کارڵ مارکس، بیرمەندێکی لێهاتوو و زانای ئابوورى و کۆمەڵناسی و فەیلەسوفی ئەڵمانییە کە لە ١٤ ئاداری ١٨٨٣ لە لەندەن کۆچی دوایی کرد. تیۆرەکانى، کاریگەرى لە سەر هەموو جیهان هەبوو و پاش ٢٠٠ ساڵ هێشتا کاریان پێ دەکرێت. لە خوارەوە گرێگۆری کڵایس پرۆفیسۆری فەرەنسی، کە هاوکات مامۆستاى بیرى سیاسیشە لە کۆلێژى ڕۆیاڵ هۆلۆای زانکۆى لەندەن و نووسەرى کتێبی (مارکس و مارکسیەت)ـە، کۆمەڵێک ڕاستى لەبارەى ژیاننامەى کارڵ مارکس و مەرگ و تیۆرە بەجێماوەکانی دەخاتە ڕوو ئاشکراى دەکات کە مارکس تا لەژیاندا بوو کەسێکى دیموکراس بوو.
کارڵ مارکس کێیە؟
کارڵ مارکسی بە ڕەچەڵەک ئەڵمانی لە ٥ ئایاری ١٨١٨ لە شارى تەریری ئەڵمانیا لە دایک بووە، کە ئەوکات بەشێک بوو لە ویلایەتى ڕاینڵاندی برۆسی و لە شارى لەندەنى پایتەختى شانەشینى یەکگرتوو لە ١٤ ئاداری ١٨٨٣ کۆچى دوایی کرد.
مارکس زۆر گرنگی بە کۆمۆنیستى داوە (تیۆرەکەى پشت بە بنەماى خاوەنداریەتى هاوبەش بۆ کەرستەى بەرهەمهێنان و بەرێوەبردنى بۆ بەرژەوەندی گشتى دەبەستێت) سەرەتای ژیانیشى لە چلەکانى سەدەى نۆزدەهەم، وەک ڕۆژنامەنووسێکى تووندڕەو کارى کردووە. بەردەوامیش بووە لە پاڵپشتیکردنى گرنگترین تیۆرە کۆمۆنیستییەکان لە ئەوروپا لە سەدەى نۆزدەم و دواى بەشداریکردنى لە کۆمۆنەى پاریس کە ئەنجامی چوارەم شۆڕشى فەرەنسى بوو لە ساڵى ١٨٧١، ناوبانگی دەرکرد. کۆمۆنەى پاریس، ڕاپەرێنێکى چینى کرێکارانى سۆسیالیستى بوو دژى حکومەتى فەڕەنسا و دوو مانگیش بەردەوام بوو.
دواى ڕاپەرینەکانى ئەوروپا لە ساڵى ١٨٤٨، کە زنجیرەیەک ڕاپەرینى میللی دژى خاوەنداریەتی ئەوروپا بوو بەتایبەت لە هەریەک لە سەقڵیە، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا و ئیمپراتۆرییەتى نەمساوی. مارکس بە هۆى بیروباوەڕە سیاسییەکانیەوە بە دوورخستنەوە سزا دەدرێت، هەر بۆیە دەچێتە لەندەن و تا کۆتایی ژیانى لەوێ دەمێنێتەوە. زۆربەى کاتەکەشى بە لێکۆڵینەوە و خوێندنەوە لە مۆزەخانەى بەریتانی بەسەر دەبات. سەرەڕاى بەڕێوەبردنى ژیانى بەنامۆیی لەو شارە، هەژارییەکى زۆر بەرۆکى دەگرێت، بۆیە پشت بە هاریکارییە بەردەوامەکانى فریدرێک ئەنگڵس دەبەستێت کە لە کارگەى چنینی باوکى لە شارى مانچستەری ئینگلترا کاری دەکرد.
گرنگترین بەرهەمەکانى مارکس لە ژیاندا بریتى بوون لە "ڕاگەیێنراوى کۆمۆنیستى" لە ساڵى ١٨٤٨ کە لەگەڵ ئەنگڵس نووسییان. لەو بەرهەمەدا، تیۆرەکانى داڕمانى تەواوەتى سیستەمى سەرمایەدارى خستە ڕوو، هاوکات ڕوونکردنەوەی چۆنیەتى هەڵسانەوەى کرێکارانیش تێدایە بۆ ئەوەى کۆنترۆڵى ڕێکارەکانى بەرهەمهێنان بکەن.
گرنگترین و ستراتیژیترین بەرهەمی مارکس، "سەرمایە" بوو لە ساڵى ١٨٦٧ کە جێی سەرەنج وشیکردنەوەى بنەماکانى سیستەمی سەرمایەدارى و پێشکەوتنەکانى و ئالیەتى کارکردنى دەکات.
بیروباوەڕەکانى کارڵ مارکس چین؟
بۆ تێگەیشتن لە بیروباوەڕەکانى مارکس، گرنگە بزانین کە لە سەدەى نۆزدەهەم و لەو قۆناغە چى لە ئەوروپا ڕووی دا کە تێدا سیستەمى پیشەسازى نوێ بە شێوەیەکى بەردەوام پێشکەوتنى بە خۆیەوە بینی و پشتى تەواوى بە هێزى کرێکارى دەبەست کە پێی دەگووترا (پڕۆلیتاریای پیشەسازی)، هەرچەندە کەشوهەوایەکى ناتەندروست و مەترسیدار و کەم مووچەیی بۆ کرێکاران بە دواوە بوو و هەژارییەکى گەورە باڵى بەسەر ئەو کێشوەرەدا کێشابوو، بەتایبەت شارە گەورەکان.
مارکس باوەڕی بەوە هەبوو " چەندی کرێکاران هەژار بکرێن، ئەوا لە کۆتاییەدا دژى سەرۆکەکانیان ڕادەپەرن"، ئەو کاتەش لایەنگرانى سۆسیالیستیى هێزى کرێکارى دەگەنە ئاستێک کە بەرهەمهێنان بۆ دابینکردنی پێداویستیى مرۆڤایەتى بە باشترین چارەسەرە دەزانن نەوەک بۆ قازانج.
مارکس گەیشتبووە ئەو قەناعەتەى کە چینى پرۆلیتاریا هان دەدەرێت بۆ ڕووخاندنى ڕژێم و پێویستە سیستەمێکى نوێ دابهێنرێت.مارکس پێى وابوو ئەو شۆڕشە یۆتۆپیایە سەرەتا زۆر تووند دەبێت و بە قۆناغی "دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا" دەست پێ دەکات و لە نێوی حکومەتێکى هەڵبژێردراوی چینى کریکارى دروست دەبێت بۆ بەرێوەبردنى ئابوورى. قۆناغەکانى پاش ئەویش، سەرجەم پڕۆسەکانى بەرهەمهێنان، بانک، گواستنەوەو، زەوییەکان دەبنەوە موڵکداری گشتى و، سیاسەتێکى گشتى ناوەندی دادەمەزرێت بۆ ئەوەى بزانرێت کە کەرستە بەرهەمهێنراوەکان بەشى هەموو دانیشتووان دەکات. دواى ماوەیەکى زۆر لە پێشکەوتنیش، کە بە بۆچوونى خۆى چەند نەوەیەک دەخایەنێت، دەوڵەت وەک ڕێکخراوێکی سیاسی بۆ بەرێوەبردن و بەرژەوەندیخواز لە دەرەوەى بەرژەوەندییەکانى گشتى گەل نامێنێت، بەڵکو لە کۆتاییدا کۆمەڵگەیەکى شیوعی دروست دەبێت و، سەرجەم شێوەکانى ناچارکردن و خراپبەکاربردن وەک کارکردنى کرێکار بە کرێیەکى کەم یاخود پێشڵکردنى مافەکانى لە ناو دەچن.
کارڵ مارکس چۆن پەرەى بە بیرۆکەکانى داوە؟
بیرمەندە ئەڵمانییەکە پشتى بە تەواوى بەکۆمەڵێک شیکردنەوەى نووسەرە سۆسیالیستەکانى پێشوو بەستووە وەک ڕۆبێرت ئەوین، بیرمەندی وێڵزی، شارڵ فۆرییە، هینرى دۆن سان سیمون، بیرمەندانى فەرەنسى، کە لە ساڵى ١٨١٥ـەوە دووپاتیان کردووەتەوە "دەبێت ڕژێمی پشتبەستوو بە خاوەنداریەتى بگۆڕدرێت بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەشى سەرمایەداری". تا ساڵى ١٨٤٥ مارکس باوەڕى تەواوى بەوە هەبووە کە "سیستەمی سەرمایەدارى لەنێو کەژاوەى بەردەوامى قەیرانە داراییەکانە و، سەرمایەکانیش بە شێوەیەکى نەپچڕاو لەدەستى کەمینەیەکى خەڵکدا کۆ دەبێتەوە".
سیستەمى سەرمایەدارى کە هاوتا پێچەوانەکەى تیۆرەکانى مارکس و مارکسییەکانە، لەسەر بنەماى ڕکابەرى لە بازاڕ و پێشکەوتنى بەردەوامى تەکنەلۆژی بنیات نراوە. سەرەڕاى ئەو بەرهەمانەى لەبەردەستە ئێستا لەلایەن خودى مارکسەوە نووسراوە، بەڵام بەشێکى زۆرتری ئەو بەرهەمانە لە ماوەى ژیانى فەیلەسوفە ئەڵمانییەکە بڵاو نەکراوەتەوە.
گرنگترین ئەو بەرهەمانەش کە زۆربەى خوێنەرانى سەردەمى نوێدا دەیخوێننەوەو، تەواو نەبووە بریتی بووە لە "کتێبی دەستنووسەکانى پاریس کە ساڵى ١٨٤٤ "نووسراوەو، هەروەها کتێبی " ئایدەلۆژیاى ئەڵمانى، کەبەهاوبەشى لەگەڵ ئەنگڵس لەنێوان ١٨٤٥ و ١٨٤٦ "، نووسراون، بەڵام لەلایەن توێژەرانى یەکێتى سۆڤییتى پێشووەوە لەساڵى ١٩٣٢ خرایە بەردەم خوێنەران بەبێ ئەوەى گفتوگۆییەکى تەواوى لەبارەوە بکرێت.
قەدەغەکردنى گفتوگۆییەکانیش تا شەستەکانى سەدەى ڕابردوو بەردەوام بوو، بەتایبەت لە دواى مردنى جۆزێف ستالین، سەرۆکى پێشووتری یەکێتى سۆڤییەتى جارانەوە، نیکیتا خرۆتشۆڤ، جێگرەوەى کۆمەڵێک ڕاستکردنەوەى ڕێژەیی لە تیۆرەکانى مارکس و مارکسیزم ڕاگەیاند.
بۆیە بڵاونەکردنەوەى ئەو دوو کتێبە لەلایەن مارکسەوە کۆمەڵێک پرسیاری جددی وروژاندووە، هەندێک پێیان وابووە "ئەگەرى هەیە ئەو دوو بەرهەمە پێویستیان بە پەرەپێدان و پێداچوونەوە بووبێت"، بۆیە بڵاوی نەکردبێتەوە. سەرەڕاى ئەوەش بەشێک لە ناوەرۆکى ئەو دوو کتێبە، لەلایەن خودی مارکسەوە لە شوێنى دیکەوە گرنگی پێ دراوەو، کارى لەسەر کردووە.
بۆ نمونە لەدەستنووسەکانى پاریس ساڵى ١٨٤٤ مارکس پڕۆسەى "دوورخستنەوە"ـى کرێکار لەپرۆسەى بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانى تایبەت و لە کرێکارانى دیکەو، "سروشتى مرۆیی"، هۆشیارییەکى خوتکاری سۆسیالیستییە، بنەماکانى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دروست دەکات.
هەروەها پێی وایە "دابەشکردنى کار بۆ ئەرکى بچووک و دووبارەکراو، ڕێگرى لەکرێکار دەکات بۆ ئەوەى پەرەپێدانى گشتگیر بۆ توانا هزرییەکانیان دروست ببێت، ئەمەش کرێکاران لەنێوخۆیاندا دابەش دەکات، بۆ ئەوەى ببنە ڕکابەرى یەکتر و، بنەچینەى سەرەتایی نێوانیان دەکوژێت کە ئەویش تایبەتە بە هاوپشتى یەکتر لە سروشتى مرۆیی".
لەبەرهەمەکەى دیکەشى لەبارەى "ئایدەلۆژیاى ئەڵمانی"، دەردەکەوێت مارکس دەستبەردارى "سروشتى مرۆیی" لەپێناو پاشگرى مێژوویی سەرمایەدارى زیاتر بووە، بەوەى " ئەو پرۆسەیە کۆتا قۆناغی بەرهەمهێنانە". جەختى لەوەش کردووەتەوە کە "پشتیوانى بەدەستهاتووى کرێکاران لەچوارچێوەى هەماهەنگییان لە کارکردن، بەڵگەیەکى ڕوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە و زەنگێکە بۆ دەرکەوتنى کۆمەڵگەى نوێ".
لەو قۆناغەدا بیرمەندە کە تێبینى ئەوە دەکات "سەرمایەدارى ڕۆڵێکى پێشکەوتوو دەگێرێت بۆ لەناوبردنى دەرەبەگی، (سیستەمێکى کۆمەڵایەتى باڵادەست بووە لەسەدەکانى ناوەڕاستى ئەوروپا)، و لەو نێوەندەش سەرەڕاى کۆتەکانى چینی بۆرژوازی سەروەری میللی پەرە دەستێنێت"، بەڵام لە ساڵانى پاشتر مارکس دەستبەردارى بیرۆکەى لەناوبردنى "دوورخستنەوە" دەبێت و، تیشکى زیاتر دەخاتە سەر بەرزبوونەوەى ئامێرەکان و، فراوانبوونى کارگەکان، کە دەستبەتاڵى زیاتر بۆ چینى کرێکاران دروست دەکات.
بەو هۆیەوەش لەساڵى ١٨٤٤ پێی وابووە " کەسایەتییە شێوێندراوەکانى کرێکار دەرئەنجامی سەرەکیی سەرمایەدارییە"، بۆیە لەکتێبە بەناوبانگەکەى "سەرمایە" ساڵى ١٨٦٧ دەڵێت " ئەوان کرێکار دەشێوێنن بۆ ئەوەى ببێتە نیمچە پیاو، بە ئاستێک شکۆى دەشکێنن هەست دەکەى نۆکەرى ئامێرەکانە".
بەرپرسیارێتى مارکس لەبڵاو بوونەوەى شیوعیەت بەتایبەت لەیەکێتى سۆڤییەت
لە سەرەتاکانى سەدەى بیستەم، چەندین جۆرى مارکسیزم دەرکەوتن، گرنگترینیان پەیوەست بوو بە پارتى چینی کرێکارانی ئەوروپا، کە ئەویش بریتی بوو لە پارتى سۆسیالیستى دیموکراتى لە ئەڵمانیا. زۆربەى سەرکردایەتى ئەو پارتە کە پێیان دەگووترا "کۆنەخوازان"، لەگەڵ پێشنیارەکانى کارڵ مارکس هاودەنگ نەبوون لە پرسى سەرمایەداری، بە تایبەت لە بابەتى ئەوەى "ئەو سیستەمە بەرەو کارەسات و شۆڕشێکی گەورە هەنگاو دەنێت".
ئەو ناڕەزایی و دژە بۆچوونانە، لە لایەن ئیدوارد برنشتاینی پارتى سۆسیالیستى دیموکراتییەوە بەرێوە چوو. لەبرى ئەوە ئەو پارتە ئەڵمانییە پێی وابووە " ڕەنگە سیستەمەکە بە شێوەیەکى قۆناغ و ئاشتیانە لە رێگەى دەنگدانەوە خۆى نۆژەن بکاتەوە". لەو کاتەدا بەتایبەت لەنێو ڕووسیاى قەیسەرى جاران، شۆڕشی بەلشەفییەکان ساڵى ١٩١٧ سەری هەڵدا، پشتى بە شیکردنەوەى شۆڕشگێرانەى تیۆرەکانى مارکس دەکرد، بەلشەفییەکان پارتێکى بچووکى ڕووسیا بوون و، لەلایەن "ڤلادیمێر لینین، ڕابەرى پێشووترى یەکێتى سۆڤییەتەوە سەرۆکایەتى دەکرا، کە ئامانجی سەرەکیی ڕووخاندنى حکومەتى کاتیی وڵاتەکەى و، دامەزراندنى حکومەتێکى پڕۆلیتاریا (چینی کرێکاری) بوو.
لینین سوور بوو لەوەى " گرووپێکى پیلانگێری دارێژراو دەتوانێت بگاتە دەسەڵاتى سیاسی، بەڵام بۆ پاراستنى دەسەڵاتەکەى دەبێت، ئەو دەسەڵاتە لەگرووپێکى بچووکى پارتدا چڕ بکرێتەوە، ڕەنگە تەنانەت لە دەستى یەک دیکتاتۆر"، ئەمەش پێچەوانەى تیۆرە ستراتیژییەکانى خوودی مارکس بوو، چونکە باوەڕێکى تەواوى بە دیموکراسیەت بووە و، سووریش بووە لە گرنگی هەڵبژاردنى سەرکردەکان و، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. تەنانەت دژى ئەوەش بووە "مووچەکانیان لەمووچەى کرێکارێکى مامناوەند بەرزتر بێت".
سەرەڕاى ئەمانەش لینین بانگەشەى ئەوەی دەکرد "ڕژێمەکەى دیموکراسییە"، و ناویشى لێنابوو "دیموکراسی ناوەندی"، بۆ ئەوەى هێمایێک ببەخشێت لە دروستکردنى بڕیار لە ڕێگەى ڕاوێژکردن بە جەماوەرەوە، بەڵام لە ئەنجامدا بڕیارەکان لە سەرەوە بەرەو خوارەوە شۆڕ بوونەوە، بەڵام دواى مەرگی لینین لە ساڵى ١٩٢٤، جۆزیف ستالین بەشێوەیەکى خێرا گەیشتە دەسەڵات و، لە سییەکانى سەدەى ڕابردوو بووە سکرتێرى گشتى حزبی شیوعی سۆڤییەت و، دەستى بە پاکتاوکردنى هەموو ئەو کەسانەى کرد کە "هەڕەشە بوون لەسەر خۆى و بیروبۆچوونەکانى".
بەپێی زانیارییە مێژووییەکانى ئەو سەردەمە سەرووى ٧٥٠ هەزار کەس کوژران و، چەندین ملیۆنیش لە چوارچێوەى سیستەمى زۆرەملێی گۆلاگ بۆ کارکردنى زۆرەملێ دەستگیر کران، بە شێوەیەکى گشتى نازانرێت لەسەردەمى ستالین چەند کەس گیانیان لە دەست داوە، بەڵام باس لە ٢٠ ملیۆن کەس دەکرێت.
لە سنوورى باشوورى ڕووسیاى سۆڤییەتیش لە میانەى شۆڕشەکەى ماو تیسى تۆنگ، ڕێبەرى شیوعی چینى لە ساڵى ١٩٤٩، سەرووى ٤٦ ملیۆن کەس بەهۆى "پازدانى گەورەى بەرەو پێشوەچوون لە ساڵانى ١٩٥٨ و ١٩٦١ گیانیان لە دەست دا". هەموو ئامانجەکەش بۆ دروستکردنى بەرنامەى پشەسازی ناناوەندی بوون، ئەوەى کارگەى پۆڵا لەو وڵاتە دروست بکرێن.
دەکرێت بڵێین تیۆرەکانى مارکس بە شێوەیەکى ڕێژەیی بەرپرسە لەو کارەساتە مرۆییانە، بەڵام شێوەیەکى گشتى بەرپرسیار نییە لە "دیکتاتۆرییەتى گشتگیر"، بڵاوبووەوە.
گرنگی مارکس لەم سەردەمەدا
کارڵ مارکس، هاوشێوەى کەسانى دیکە، سەرکردەیەکى بیرمەندو خاوەن تێڕوانینى ئومێدبەخش بووە بۆ ملیۆنەها زەحمەتکێش، کە پێی وابووە " ژیانى قورس و زەحمەتکێشانە، چارەنووسێکى دیاریکراوى زۆربەى مرۆڤایەتى نییە".
سەرەڕای ئەوەى ڕقی لە زاراواى "شاری یۆتۆپیا" دەبووەوە، لە بنەڕەتدا بیرمەندێکى نمونەیی بوو و تێگەیشتنێکى جیاوازی بۆ ژیانى نوێ لە داهاتوو خستەڕوو، داواشى لە مرۆڤایەتى کردووە بە دوای ئەو ئەنجامە بڕۆن. ئەمڕۆ هێشتا کارڵ مارکس یەکێکە لە گرنگترین بیرمەندانى سەردەمى نوێ، کە ئاماژە بەوە دەکەن "سەرمایەدارى قۆناغێکى سنووردارى مێژووییە لە پێشکەوتن"، دووپاتیشی دەکاتەوە "سیستەمى بەرهەمهێنان و دابەشکردنى زۆر جێگەى دەگرێتەوە".
سەرەڕاى جیاوازى پڕۆسەکەى سەرەوەوە، بەڵام مارکس سەنتەرى گفتوگۆییەکانى ئێستاى پێشکەوتنى داهاتووى مرۆڤایەتیە.
دەکرێت بڵێن "گەورەترین کێشە و ئاڵۆزی کە ڕووبەرووى مرۆڤایەتى ئەم سەردەمە دەبێتەوە، داڕمانى ژینگەیە"، لێرەش ئەوەى سەیرە ڕەنگە مارکس شکستى هێنابێت لە تێگەیشتنى ئەوەى "شۆڕشی پرۆلیتاریا"، دەبێتە "شۆڕشێکى بۆرژوازی"، بەوەى کرێکاران دەزانن بەخۆیان دەبنەوە بەکاربەر.
ئەم بیرمەندە ئەڵمانییە پێشبینى ئەوەى دەکرد "سیستەمی شیوعی ئاستە بەرزەکانى بەرهەمهێنانى پیشەسازی تێدایە بۆ ئەوەى ئاستى باشتری بژێوى بۆ هەموو دانیشتووان دابین بکات". بەڵام ئەوەى مارکس بەژیری تێبینى کردووە ئەوەیە " ئەوانەى لە سیستەمى ئێستا قازانج بەدەست دەهێنن، بەرەنگاری هەر گۆڕانکارییەکى ڕیشەیی دەکەن، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی نەوەکانى داهاتووش بێت و، چەقبوەستووەکانیان مەترسیی دروست بکات".
سەرماداری لەسەر بنەماى بەدەستهێنانى زۆرترین قازانج دروستبووە، هیچ هۆکارو ڕێگایەکیش نیە لەو ئامانجە دووری بخاتەوە، بەڵام مانەوەى مرۆڤایەتى لەو خاڵە وەک مارکس دەڵێت " پێویستە پشت بەستراتیژییەتى دیکە ببەسترێت ئەگەر بمانەوێت لەخراپترین شێوەى داهاتووی تاریک دەرباز بین".