بانکی ناوەندی عێراق دەسەڵاتەکانى خۆى بەسەر لقى بانکى کۆمارى ئیسلامی ئێران لەوڵاتەکەى دەسەپێنێت و، دوو فەرمانبەرى خۆیشى لەکارگێرى ئەو بانکانە جێگیر دەکات بۆ ئەوەى دەسەڵاتەکانی و، کارى هەردوو بانکەکە لەبەغداو پارێزگاکانى باشوور بەرێوەببەن. ئەو بانکانەش کە بانکى ناوەندی عێراق بڕیارى دەسەڵاتەکانی بەسەردا سەپێنراوە بریتین لە " پارسیان و میللی ئێران".
بڕیارەکانى بانکى ناوەندیش لە پەراوێزى سەردانەکەى حەسەن ڕوحانی، سەرۆکى ئێران بووە، کە بۆ ماوەى ٣ ڕۆژ لەبەغداو نەجەف بووە، بەڵام چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بەوە دەکەن "بڕیارەکە بەشێوەیەکى فەرمیی ڕانەگەینراوە، بەهۆى ئەوەى ڕێککەوتنى دوو قۆڵى لەنێوان هەردوو وڵات هەیە بۆ هەنگاوی هاوشێوە".
سەرچاوە عێراقییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە "بڕیارەکە بەهۆى مایەپووچبوونى هەردوو لقى بانکە ئێرانییەکە لەعێراق دێت، کە بەهۆى سزایەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بەسەر وڵاتەکەیاندا سەپێنراوە"، ئەمەش پێویستى بە دەستێوەردانى خێرای بانکى ناوەندی عێراق دێت تا چارەسەرێکى گونجاوى بۆ داڕێژێت، بەمەبەستى گەڕانەوەى بۆ نێو بازاڕەکان.
زۆربەى بانکەکانى ئێران بەتایبەت ئەوانەى لە عێراقن، لە دواى سەپاندنەوەى سزا ئابوورییەکانى ئەمریکا بەسەر ڕژێمی ئێران، ڕووبەرووى قەیرانى دەستخستنى دراوى بیانی بووەتەوە.
ئەو دوو بانکەش سەرووى ١٠ ساڵە لەعێراقدا کار دەکەن و، چەندین لقیان لە پارێزگاکانى باشوورى عێراق هەیە، بەتایبەت لەشارەکانى بەغدا، نەجەف و بەسرا، چەندین قەرزى بازرگانى و تایبەتییان بە هاووڵاتیانى عێراقی بەخشیوە و، کۆمەڵێک هەژمارى بانکى بۆ گەشتیاران و عێراقییەکانیش کردۆتەوە.
بانکى میللی ئێران لەسەردەمى دەسەڵاتدارێتى نورى مالیکی، سەرۆک وەزیرانى پێشووترى حکومەتى بەغدا لە ٢٠١٠، یەکێک بووە لەباشترین بانکەکانى ئێران، چونکە بە بزوێنەرى گرنگى بازرگانى عێراق و ئێران دادەنرا.
لەئابی ٢٠١٨ بانکى ناوەندی عێراق، وەک پابەندییەک بۆ سزا نێودەوڵەتییەکانى دژى ئێران، سەرجەم حەواڵەو مامەڵە داراییەکانى بە دراوى دۆلارى ئەمریکى ڕاگرت و، ڕێگریشى لەسەرجەم بانکەکانى وڵاتەکەى کردووە " پابەندی سزایەکانى واشنتۆن بن".