Skip to main content

٤٠ ساڵ شۆڕشی ئیسلامى: چل ساڵ بەدبەختى

هیچ ئەرێنییەک لەم ٤٠ ساڵەى شۆڕشی ئێران نابینیتەوە
AvaToday caption
posted onFebruary 19, 2019
nocomment

 

ناوەندی کارینگی بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەبارەى "شۆڕشی ئێران" پاش چوار دەیەو بەڵێن و گۆڕانکارییەکانى ئەو وڵاتە ئەنجام داوە، کە لەو شۆڕشە کۆمارێکى ئیسلامی بەدی هات.

 

لەو توێژینەوەیە هەریەک لە ئەندرۆ سکۆت کۆپەر، نووسەرى کتێبەکانى (پاشایەکانى نەوت: چۆن ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران و سعودیە هاوسەنگی هێزیان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست وەرگەڕاند) و (ڕووخانى بەهەشت: بنەماڵەى پەهلەوی و کۆتا ڕۆژەکانى ئیمپراتۆرییەتى ئێرانى) بەهاوبەشى فاتیمە مەقدەم، مامۆستاى خانەنیشینى فەخری زانکۆى هۆڤستراى نیۆیۆرک و نووسەرى کتێبی (لە چاکسازی زەوییەوە بۆ شۆڕش: ئابوورى سیاسی بۆ پەرەپێدانى کشتوکاڵى ئێران)، و ماڵکۆڵم بێرن، جێگرى سەرۆک و بەرێوەبەرى توێژینەوەکانى ڕێکخراوى "ئەرشیفی ئاسایشى نەتەوەیی" ناحکومی، کە سەرپەرشتى بەرێوەبردنى پرۆژەى پەیوەندییەکانى ئەمریکا – ئێران دەکات و، دوایین بەرهەمیشى کتێبی (ئێران کۆنترا: ئابڕووچوونى ڕێگان و خراپ بەکارهێنانى دەسەڵاتى سەرۆکایەتى)ـیە، بەشدارییان کردووە.

هەر سێ کەسایەتییەکە لە توێژینەوەکەى کارینگى، ئاماژەیان بە چیرۆک و بەڵێنە شکێندراوەکەى شۆڕش کردووە بۆ خەڵک، هاوکات باسیش لەچانسە لەدەستچوو و حکومەتە بێتواناکان کران. ئەو توێژەرانە هێمایان بەوە کردووە "تاران بەردەوام گومانى لەهێزە دەرەکییەکان هەیە، هاوکات نەیتانوانى خواستى ئەو ملیۆنەها خەڵکەش بەدی بهێنن کە ساڵى ١٩٧٩ دەنگیان بۆ کۆماری ئیسلامی داوە، لەپێناو گەشەسەندن و ئازادی".

بەگووتەى خۆیان "لەئەنجامدا ئێرانییەکان لە کۆتا ڕێگاکە لەبرى دیموکراسیەت دەسەڵاتێکى سەرکووتکار و گەندەڵ و خزم خزمێنەیان بەدەست گەیشت، کە دەبوایە حکومەتێک لەژێر چاودێرى و لێپرسینەوەى هاووڵاتی بێت". کارینگی لەو بارەیەوە دووپاتی دەکاتەوە "لەژێر دروشمی ئایین، پرسەکانى مافی مرۆڤ و مافی ئافرەت و مافی کەمینەکان کرانە قوربانى و ئاشتەوایی و ئاشتیش لەو وڵاتە وونبوون".

دەسەڵاتدارانى ئێران ساڵێک دواى سەرکەوتنى شۆڕشەکەیان خۆیان خزاندە نێو شەڕێکى نەگریسەى هەشت ساڵە لەگەڵ عێراق و، وڵاتەکەیان ڕووبەرووى داڕمکانێکى گەورە کردەوە. لەسەر ئاستى سیاسەتى دەرەوەش، قەبارەیەکى گەورەى پارە خەرجکراوە، کە دەبوایە بۆ باشترکردنى ژیانى ئێرانییەکان لەناوخۆى وڵات پێی چاک بکرێت، کە ئەو پارانە بۆ سەرکێشیەکى چاوەڕوان نەکراو لەعێراق، لوبنان، سووریا، یەمەن خەرج کران.

ناوەندەکە ئاشکراشی دەکات "ئێران یاریزانێکى سەرەکیی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستە، بەڵام هیچ دۆستێکى فیعلی لەسەر ئاستى هەرێمایەتى و نێودەوڵەتى نیە، پاش چل ساڵێش لەسەر بەرپابوونى شۆڕشەکە هێشتا تاران گیراوی پشت ئایدەلۆژیاکەى و دروشمەکانى ساتەکانى سەرهەڵدانى شۆڕشە، کەئێستا گەنجانى ئەو وڵاتە دژایەتى دەکەن".

شۆڕشى ئیسلامى

ئەندرۆ سکۆت کۆپەر دەڵێت "وەک دەزانرێت ئەستەم لەگەڵ شۆڕشەکاندا برۆیت، ئەمەش لەئەمرۆی ئێران دەردەکەوێت، بەجۆرێک پاڵپشتیەکانى پێشووى شۆڕش ئێستا پێچەوانە بووەتەوە بۆ بنەماڵەى پەهلەوی کە ساڵى ١٩٧٩ لەدەسەڵات دەریان کرد". ڕوونیشی کردەوە " ساڵێک پێش ئێستا (٢٠١٨)، کۆمەڵێکی گەورەى جەماوەرى ئێران لەشارو شاروچکەکان ڕژانە سەر شەقامەکان و داواى کۆتاییهێنانى دەسەڵاتى ئایینى لە ئێران دەکردو، هاوکاتیش داواى گەڕانەوەى ڕژێمى پاشایەتییان دەکرد، ڕێگەش بەگەڕانەوەى خێزانى شاى پێشوو و، ڕەزاى کوڕیشى بدرێت".

بە گووتەى کۆپەر "گەلى ئێران دەیەوێت بەستنەوەى خۆى لە شۆڕش داببڕێت کە ٤٠ ساڵ بەناوى ئەودا شۆڕشەکە ئەنجام درا و، ئێستا دەیەوێت ئەو نازناوەى لێوەربگرێتەوە". ئەو توێژەرە هێما بەوە دەکات "ئەوەى لەو دیاردەیە بەدەر دەکەوێت ئێران لەماوەى مێژووى خۆى چەندین بنەماڵەى دەسەڵاتداری گۆڕیوەو، ساتى شۆڕش کۆمەڵێکى نوێی دروستکردووە، ڕەنگە ئەم ساتە جارێکى دیکەش دووبارە ببێتەوە".

لەلایەن خۆیەوە فاتیمە مەقدەم دووپاتیدەکاتەوە " لەساڵەکانى ١٩٦٠ و ١٩٧٧ و ٢٠١٧ ئێران لەریزبەندەکانى ٢٩ و ١٨ و ٢٧ وڵاتانى کۆى گشتى بەرهەمهێنانى ناوخۆیی بەرز بوونەو، پێیەى ژمارەى دانیشتووانى ئەو وڵاتە لەدواى شۆڕشى ١٩٧٩ بەشێوەیەکى بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەڵام پشکى تاکى لەکۆى گشتى بەرهەمهێنانى ناوخۆیی بەشێوەیەکى تووند پاشەکشێی کرد، ئەمەش بەهۆى خراپی مامەڵەکردنى ئابوورى و هەبوونى دەستەى ئابوورى ناکارا و گەندەڵییەکى فراوان لە قۆناغی ڕابردوو.

دەشڵێت "لەپاڵ ئەوانەش سزا ئابوورییەکانى سەر تاران گورز وەشێن بوون و، هەموو ئۆباڵى سزایەکانیش خراپە پاڵ ئایدەلۆژییا شۆڕشگێرییەکەى ئێران کەدژایەتى ئێران و ئیسرائیل و دەستێوەردانى لەناوچە هەرێمایەتیەکان بوون". ئەو ئافرەتە باس لەوە دەکات "سەرەڕاى ئەوانەش ئێران هاریکارى و پاڵپشتى ویلایەتە یەکگرتووەکان بووە بۆ شەڕى ئەفغانستان کە بەهۆى ڕووداوەکانى ١١ سپتەمبەرى ٢٠٠١ ئەو وڵاتە داگیر کرا، بەڵام دواتر واشنتۆن تارانی خستە نێو بلاک لیستى وڵاتانى مەترسیدار".

لەبارەى ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ئێران و گرووپی پێنج کۆ یەکی ساڵى ٢٠١٥، موقەدەم جەخت لەوە دەکاتەوە " ئەو ڕێککەوتنە تەمەن زۆر نەبوون و،  بەخێرایی ئیدارەى ترامپ لەو ڕێککەوتنە کشایەوەو، کۆنگرێسى ئەمریکاش کۆمەڵێک سزاى دووبارە بەسەر تاران سەپاند"، بەڵام مالکۆم بێرن وەسفی پەیوەندییەکانى ئێران و ڕۆژاوا، بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات کە پێی وایە "شۆڕشی ئێران لەیەک کاتدا ئازاد و سەرکوتکراو بوون، بە جۆرێک لەکۆڵکردنەوەى دەسەڵاتى ئیمپریالی ئامانجێکى شۆڕشی حاشا هەڵگر نەبوون، بەڵام لەقۆناغێکدا بناغەیەکى مێژوویی هەبووە".

بێرن سوورە لەوەى " دواى تێپەربوونى چەندین دەیە ئەو مێژووە زۆر ئاڵۆزتر بووە، چونکە هەنگاوەکانى شاى پێشوو بەفەرمانى واشنتۆن نەبووە، بەڵکو زیاتر لەمەزاجی خۆیەوە بووە"، گووتیشى " ئێستا ئەستەمە لەدواى ٤٠ ساڵ ئەستەمە پرسێکی ئەرێنى لەسیاسەتە نەزانەکەى ئێران و خراپی خەمڵاندنەکانى بدۆزینەوە، هەروەها نەزانینێک لە وتارێکى زیانبەخش و ڕوودانى قوربانى و دروستبوونى ڕق و قینە لە نێو کۆمەڵگە دروست بووە، کە هۆکارێکى سەرەکیشە لەبەرهەدەردانى سەرچاوە سروشتییەکان و گواستنەوەى وڵاتیش بۆ گرتووخانەیەکى گەورە، ئەمانە هەمووى ئەنجامەکەى شۆڕشەکەى ئێرانە".

بدبختى مردم