Skip to main content

ریپۆتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەگەری هەیە ٢٠ هەزار کەس لە خۆپێشاندانەکانی ئێراندا کوژرابن

ریپۆتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەگەری هەیە ٢٠ هەزار کەس لە خۆپێشاندانەکانی ئێراندا کوژرابن
posted onJanuary 23, 2026
nocomment

ڕیپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران هۆشداری دەدات کە ڕەنگە ژمارەی قوربانییانی خۆپێشاندانەکان لە ئێران زۆر زیاتر بێت لەو ئامارانەی پێشتر بڵاوکراونەتەوە و بگاتە ٢٠ هەزار کەس.

مای ساتۆ، ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ڕایگەیاند، زانیارییە نوێیەکان کە لە پزیشکان و سەرچاوە تەندروستییەکانی ناوخۆی وڵاتەکەوە دەستکەوتوون، ئاماژە بەوە دەدەن کە قەبارەی زیانە گیانییەکان لە سەردەمی "شۆڕشی ئێران"دا زۆر گەورەترە لەوەی لە سەرەتادا مەزەندە دەکرا.

بە گوتەی ساتۆ، لە هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکاندا ژمارەی قوربانییەکان بە نزیکەی پێنج هەزار کەس یان کەمێک زیاتر دەخەمڵێندرا، بەڵام بە پشتبەستن بەو بەڵگە و زانیارییانەی لە ناوخۆی ئێرانەوە گەیشتوونەتە دەستیان، ئەگەری هەیە ژمارەی کوژراوان گەیشتبێتە ٢٠ هەزار کەس.

ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوەش کردەوە، ناتەبایییەکی زۆر لەنێوان ئامارە فەرمییەکانی حکومەت و ڕاپۆرتە مەیدانییەکاندا هەیە، ئەوەش نیگەرانییەکی جددیی لەبارەی ڕادەی توندوتیژییەکان و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران دروستکردووە.

ساتۆ ئاماژەی بە ئاستەنگەکانی بەردەم لێکۆڵینەوەکانیان کرد و گوتی: "نەبوونی شەفافیەت، سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە سەربەخۆکان و ئەو فشارە زۆرەی دەخرێتە سەر کارمەندانی پزیشکی و شایەتحاڵەکان، بوونەتە ڕێگر لەبەردەم پڕۆسەی بەڵگەنامەکردنی وردی ژمارەی قوربانییەکان."

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریشی دا کە بەهۆی ئەو بارودۆخەوە، مەترسیی ئەوە هەیە ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی ئەم "کارەساتە مرۆییە" بە شاراوەیی بمێننەوە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی توندوتیژییەکان نەکرێت.