مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئیتاڵیا و ڤاتیکان، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ پاپ و بەرپرسانی باڵا ئەنجام دا و تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی تێکچوونی دۆخی سووریا و هەڕەشەی گرووپە توندڕەوەکان.
بارزانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا لە ڕۆما ئاشکرای کرد کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاوە پێگەیشتووە. بارزانی دەربارەی ناوەڕۆکی پەیوەندییەکە وتی: "داوام لێکردووە ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا ڕوودەدات، نەبێتە شەڕی کورد و عەرەب و دەستدرێژی نەکرێتە سەر کورد، بەڵکوو پێویستە بە گفتوگۆ هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن."
بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی ئاشتی لە نێوان پێکهاتەکاندا لە ئەولەویەتدایە و وتی: "بۆ ئێمە زۆر گرنگە کورد و عەرەب لە ئاشتیدا بژین و هەرچییەکمان لەدەست بێت دەیکەین بۆ ئەوەی شەڕ لە نێوانیان ڕوونهدات."
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەیدا، بارزانی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆبووەوە. لەبارەی دۆخی زیندانییەکانی داعش لە سووریا، بارزانی هۆشداری دا کە هەڵاتنی چەکدارانی داعش مەترسییە بۆ سەر هەمووان، لەوانەش ئیتاڵیا. ناوبراو وتی: "ئەمە پێویستی بە هاوئاهەنگی و پلانێکی هاوبەش هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە."
هەر ڕۆژی چوارشەممە، بارزانی لەلایەن پاپا لیۆی چواردەیەم، پاپای ڤاتیکان پێشوازی لێکرا. بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی باڵادەستبوونی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە نەهامەتیی گەلان کردەوە. بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە داوای لە پاپا کردووە "بە هێزی مەعنەویی خۆی" پشتیوانی لە کورد بکات.