Skip to main content

تەرمی چالاکوانێکی کورد دوای ئاڕاستەکردنی ڕەخنە لە ڕێبەری ئێران بە ئەشکەنجەدراوی دۆزرایەوە

دکتۆر محەممەد ڕەسوڵ مەردۆخی،
posted onJanuary 14, 2026
nocomment

تەرمی دکتۆر محەممەد ڕەسوڵ مەردۆخی، چالاکوانی مەدەنی و توێژەری شاری سنە، دوای چەند ڕۆژێک لە بێسەروشوێنبوونی، لە شاری مەریوان بە کوژراوی دۆزرایەوە. ئەم ڕووداوە دوای بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵا دێت کە تێیدا ڕەخنەی توندی لە شێوازی حوکمڕانیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گرتبوو.
دەگوترێت دامەزراوە ئەمنییەکان لە پشت کوشتنی ئەو چالاکوانەوەن. بەپێی زانیارییەکان، دکتۆر مەردۆخی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی مەریوانەوە ڕفێندراوە و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر، تەرمەکەی لە نزیک هۆتێلێکی ئەو شارە فڕێ دراوە.
دکتۆر محەممەد ڕەسوڵ مەردۆخی، کە لە نێو ناوەندە کوردییەکاندا بە "جەماڵ" ناسرابوو، توێژەر و چالاکوانێکی سیاسیی خەڵکی سنە بوو. ناوبراو بەهۆی گوشارە سیاسی و ئابوورییەکانەوە ماوەیەک بوو ڕووی لە شاری مەریوان کردبوو و لەوێ فێرگەیەکی زمانی ئینگلیزیی بەڕێوە دەبرد.

سەرەتای کێشەکان بۆ هەفتەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک مەردۆخی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، "نامەیەکی سەرئاوەڵا بۆ پایەبەرزترین لێپرسراوی وڵات" بڵاو کردەوە. تەنیا ڕۆژێک دوای بڵاوکردنەوەی نامەکە، لە ڕێکەوتی ٠٨-٠١-٢٠٢٥، ناوبراو بێسەروشوێن کرا. دوای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ، تەرمەکەی لە کاتێکدا دۆزرایەوە کە دەست و پێی بەسترابوون و شوێنەواری ئەشکەنجەی قورس بە جەستەیەوە دیار بوو.
مەردۆخی لە نامەکەیدا ڕوو لە عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕەخنەی لە داڕمانی دۆخی ئابووری و شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات گرتبوو. ئەو داوای کردبوو کە دەسەڵات ڕاستییەکان ببینێت و هەنگاو بەرەو چاکسازیی ڕاستەقینە بنێت. ناوبراو لە کۆتایی نامەکەیدا جەختی کردبووەوە کە نووسینەکەی "کەس بۆ ناسەقامگیرکردنی وڵات بانگهێشت ناکات"، بەڵکو تەنیا خستنەڕووی ڕاستییەکانە.