Skip to main content

ڕاپۆرتێک: لە ماوەی مانگێکدا سەدان پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران تۆمار کراون

ڕاپۆرتێک: لە ماوەی مانگێکدا سەدان پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران تۆمار کراون
posted onDecember 23, 2025
nocomment

ڕاپۆرتێکی نوێی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ئاشکرای دەکات، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا شەپۆلێکی بەرفراوانی لەسێدارەدان، دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییان لەو وڵاتە بەردەوام بووە. بەپێی ئامارەکان، تەنیا لەو مانگەدا زیاتر لە ٣٣٠ سزای لەسێدارەدان جێبەجێ کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی مانگانەی دۆخی مافی مرۆڤ (لە ٢٢ی تشرینی دووەم تا ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥)، دەزگای دادوەری و ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران فشارەکانیان بۆ سەر چالاکوانان، کەمینە نەتەوەییەکان و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە چڕکردووەتەوە.
لەسێدارەدان و ڕەوشی بەندیخانەکان
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، ٢٩٦ دۆسیەی تایبەت بە لەسێدارەدان تۆمار کراون کە تێیدا ٣٣٨ حاڵەتی لەسێدارەدان جێبەجێ کراوە. هەروەها دوو حاڵەتی لەسێدارەدان لەبەردەم دیدی گشتی ئەنجام دراون. هاوکات لە نێو بەندیخانەکاندا ١٠٣ پێشێلکاریی گەورە تۆمار کراون، لەوانە مردنی ٤ زیندانی بەهۆی نەخۆشی و کەمتەرخەمیی پزیشکی، لەگەڵ ١٧ حاڵەتی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ.
ئازادیی ڕادەربڕین و دەستبەسەرکردن
لە کەرتی ئازادیی ئەندێشە و ڕادەربڕیندا، ٩٣ حاڵەتی پێشێلکاری تۆمار کراون. هێزە ئەمنییەکان ١٢٧ هاووڵاتییان دەستبەسەر کردووە و دەزگای دادوەریش بە کۆی گشتی ٩٧٥ مانگ سزای زیندانیکردنی بۆ چالاکوانان دەرکردووە. هەروەها بۆ ٢٣ هاووڵاتی سزای ١٥٩ قامچی و غەرامەی دارایی بڕاوەتەوە.
کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە کەمینە نەتەوەییەکان بەردەوام ڕووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە؛ لەم مانگەدا ٣٧ پێشێلکاری بەرامبەر کەمینە نەتەوەییەکان و ١٤ حاڵەتیش بەرامبەر کەمینە ئایینییەکان تۆمار کراوە، کە زۆربەیان دەستبەسەرکردنی بێ فەرمانی دادوەر و پشکنینی ماڵان بوون.
ژن، منداڵ و کرێکاران
دۆخی ژنان و منداڵان بە نیگەرانکەر وەسف کراوە؛ ١٤ حاڵەتی ژنکوژی بەهۆی توندوتیژیی خێزانی و ٣٦ حاڵەتی دەستدرێژی و ئازاردانی سێکسی تۆمار کراون. لە کەرتی پەروەردەشدا، ٨ حاڵەتی ژەهراویکردنی خوێندکاران هەبووە.
لە لایەکی دیکەوە، چینی کرێکار ڕووبەڕووی خراپترین دۆخی بژێوی بوونەتەوە؛ ٤٧ کرێکار لە کاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە و ١٨٧ گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەهۆی پێنەدانی مووچە و بیمە ئەنجام دراون.
توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکان
هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە بەکارهێنانی توندوتیژی؛ لەم مانگەدا ٤ هاووڵاتی بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراون و ٢ کۆڵبەریش بریندار بوون. هەروەها سزای بڕینەوەی جەستە بۆ ٤ کەس و ٢٠٣ قامچی بۆ ١٢ کەسی دیکە لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە دەرچووە.
ئەم ڕاپۆرتە دەریدەخات کە دوای بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی پانتایی ئازادییە مەدەنییەکانیان زیاتر تەسک کردووەتەوە و پەنایان بۆ سزای قورس و سەرکوتی سیستماتیک بردووە.