Skip to main content

بەکرێگیراوانی رژیم لە ورمێ سێ ئەندامی خێزانێکیان دەستبەسەر کرد

بەکرێگیراوانی رژیم لە ورمێ سێ ئەندامی خێزانێکیان دەستبەسەر کرد
posted onDecember 20, 2025
nocomment

 بەکرێگیراوانی رژیم لە شاری ورمێ لە هەڵمەتێکدا سێ ئەندامی خێزانێکیان لە ماڵەکەی خۆیاندا دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ـی سەرماوەز، هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بەناوی سۆفی ڕۆستەمی و لەگەڵ هاوژین و کچەکەیدا دەستبەسەریان کردوون.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەستبەسەرکراوەکان پێکهاتوون لە سۆفی ڕۆستەمی (٦٠ ساڵ و خەڵکی بایەنگان)، زێنەب یووسفپوور (٤٩ ساڵ و هاوژینی سۆفی) و شیلان ڕۆستەمی (٢٣ ساڵ و کچی ئەو خێزانە). باس لەوەش دەکرێت کە هێزە ئەمنییەکان بەبێ نیشاندانی هیچ بڕیارێکی دادوەری چوونەتە نێو ماڵەکەیان.
زێنەب یووسفپوور خوشکی چالاکوان فەتاح یووسفپوورە، کە پێشتر لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ـدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە "توندوتیژییەوە" دەستبەسەر کرابوو و دوای ٢٠ ڕۆژ بە بارمتە و بە شێوەی کاتی تاوەکو کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.
تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو سێ ئەندامەی خێزانەکە و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەردەستدا نییە.