Skip to main content

بەهۆی هەڵاوسان و گرانبوونی نرخەکانەوە بەکارهێنانی شیرەمەنی ١٠٪ دابەزیوە

بەهۆی هەڵاوسان و گرانبوونی نرخەکانەوە بەکارهێنانی شیرەمەنی ١٠٪ دابەزیوە
posted onDecember 20, 2025
nocomment

گوتەبێژی پیشەسازیی شیرەمەنییەکانی ئێران ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئاستی بەکارهێنانی شیرەمەنی لە وڵاتەکەدا بە ڕێژەی ١٠٪ دابەزیوە، ئەوەش بەهۆی "دابەزینی بەرچاوی توانای کڕینی خێزانەکان".
محەممەد فەربود، گوتەبێژی پیشەسازیی شیرەمەنییەکان، هۆکاری ئەم پاشەکشەیەی بۆ نایەکسانیی نێوان داهات و خەرجیی هاووڵاتییان گەڕاندەوە و ڕایگەیاند: "لە کاتێکدا مووچەی فەرمانبەران تەنیا ٢٠٪ بۆ ٢٥٪ زیادی کردووە، ڕێژەی هەڵاوسان زۆر لەو ئاستە بەرزترە."
هەرچەندە ناوەندە فەرمییەکان ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێران بە نزیکەی ٥٠٪ دەخەمڵێنن، بەڵام شارەزایانی ئابووری جەخت دەکەنەوە کە ژمارە ڕاستەقینەکە زۆر لەوە زیاترە. ئەم گرانبوونەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی خواست بۆ کاڵا بنەڕەتییەکان دروست کردووە.
گوتەبێژی پیشەسازیی شیرەمەنییەکان نیگەرانیی خۆی نیشاندا لە لێکەوتە تەندروستییەکانی ئەم دۆخە و هۆشداریی دا کە کەمبوونەوەی خواردنی شیرەمەنییەکان، مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی "پووکانەوەی ئێسک" و کەمیی ماددە خۆراکییە پێویستەکان لەنێو خەڵکدا زیاد دەکات.
بەگوێرەی ئامارەکان، تەنیا لە سەرەتای وەرزی پاییزەوە نرخی "شیری خاو" بە ڕێژەی ٥٢٪ گران بووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی نرخی کۆتایی بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە بازاڕەکاندا بە ڕێژەی ٣٠٪ بەرز ببێتەوە.