Skip to main content

زانکۆیەکی ئەمریکی هەوڵی دەرکردنی مامۆستایەکی ئێرانی دەدات؛ بەهۆی ستایشی خامەنەیی

زانکۆیەکی ئەمریکی هەوڵی دەرکردنی مامۆستایەکی ئێرانی دەدات؛ بەهۆی ستایشی خامەنەیی
posted onDecember 18, 2025
nocomment

سەرچاوەکان لە زانکۆی ویلایەتی ئارکانزاس ئاشکرایان کرد، دوای لابردنی شیرین سەعیدی لە پۆستی بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرپرسانی زانکۆکە ئێستا دەستیان بە ڕێکارە سەرەتاییەکان کردووە بۆ دەرکردنی یەکجارەکیی ناوبراو لە زانکۆکە.
هەفتەی ڕابردوو شیرین سەعیدی بەهۆی بڵاوکردنەوەی نووسراوی "ستایشئامێز" بۆ عەلی خامەنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و تۆمەتبارکردنی بەوەی سەرپەڕی فەرمیی زانکۆی بۆ ناردنی نامەیەک لەنێو دادگا بۆ پشتیوانی لە حەمید نووری بەکارهێناوە، لە پۆستە کارگێڕییەکەی دوورخرایەوە. ئەو نووسراوانەی سەعیدی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) بڵاوکردووەتەوە کە ئێستا هەژمارەکەی سڕکراوە.
حەمید نووری، یاریدەدەری پێشووی داواکاری گشتیی زیندانی گەوهەردەشت، پێشتر لە دادگایەکی سوێد بە تاوانی بەشداریکردن لە کوشتنی بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە ساڵانی هەشتاکاندا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام نزیکەی ساڵ و نیوێک لەمەوبەر لە ئاڵوگۆڕێکی نێوان تاران و ستۆکهۆڵمدا گەڕێندرایەوە ئێران.
بەپێی زانیارییەکان، راگری کۆلێژەکە لە نامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پێشتر هۆشداری بە سەعیدی داوە کە بەکارهێنانی سەرپەڕی زانکۆ بۆ شایەتیدان لە دادگا بەبێ ئاماژەکردن بەوەی "ئەمە رای کەسییە نەک زانکۆ"، پێچەوانەی پەیڕەوی زانکۆیە. راگرەکە هەروەها بانگەشەی ئەو مامۆستایەی رەتکردووەتەوە کە گوتبووی زانکۆ "سەدی سەد رەزامەند بووە".
لەلایەکی دیکەوە حکومەتی ئێران کاردانەوەی بەرامبەر بڕیارەکە نیشاندا و بە نیشانەی جیاکاری و نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین لە ئەمریکا وەسفی کرد.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەوبارەیەوە رایگەیاند: "ئەمە نیشانەی رەفتارێکی تەواو جیاکارییە لە ئەمریکا کە کەسێکی ئەکادیمی تەنیا بەهۆی راگەیاندنی هەڵوێستی خۆی بەرامبەر جینۆسایدی رژێمی زایۆنی و بەرگریکردن لە وڵاتەکەی، تووشی ئازار و ئەزیەت دەبێتەوە".