Skip to main content

دوو چالاکوانی ژینگەپارێزی دیکەی ئاگرکەوتنەوەکەی شاخی ئاویەری سنە گیانیان لەدەستدا

سنە
posted onJuly 28, 2025
nocomment

 

 

دوویەمین و سێیەمین چالاکوانی ژینگەپارێزی دیکە لە شاری سنە کە لەکاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگری شاخی ئاویەر تووشی سوتان، هاتبوون گیانیان لەدەستدا. بەم بۆنەیەوە لە سنە دوو ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕاگەیەنراوە.

چیاکۆ یوسفی نەژاد، دوویەمین چالاکوانی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە شەوی یەکشەممە دوای چەند چوار ڕۆژ لە سوتانی لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنەدا، گیانی لەدەستدا.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممەش خەبات ئەمینی، سێیەمین چالاکوانی ژینگەپارێزی خەڵک سنە، بەهۆی سوتانی زۆری جەستەییەوە، گیانی لەدەستدا.

ڕۆژی هەینی حەمید مورادی، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی نۆژینی شنەی کوردستانیش بەهۆی سەختی سوتانەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

ئەوان ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو لەکاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگری شاخی سنە تووشی سوتان بوون. لەو ئاگرکەوتنەوەیەدا 7 چالاکوان تووشی سوتان بوون.

بەبۆنەی گیان لەدەستدانی ئەو چالاکوانانەوە، ئارش لهۆنی، پارێزگاری سنە، لە پەیامێکدا سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو شەهیدانە کردووە و  2 ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕاگەیاندووە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تاوەکو ئێستا 17 چالاکوانی ژینگە لەپێناو پاراستنی ژینگەی کوردستاندا گیانیان لەدەستداوە.  15 کەس لەوان لە ئاگردا سوتاون. لە شاری پاوە 7 کەس، مەریوان 4 کەس، کامێران چالاکوانێک و لە سنەش 3 چالاکوان.

چالاکوانانی ژینگە دەڵێن، دارستانەکان بەهۆی کەمتەرخەمی خەڵک یان هەوڵی خەڵکی بەرژەوەندیخواز بۆ داگیرکردنی زەوی، دەسوتێنرێن. بەشی هەرە زۆری ئاگرەکانیش بە هەوڵی خەڵکی ژینگەدۆست و چالاکوانانی ژینگە و بەشێوەی خۆبەخش دەکوژێنرێنەوە.