Skip to main content

خاوەن نانەواخانەیەکی 70 ساڵ تەمەن لە ئیلام لەبەر دەربڕینی ناڕەزایەتی دەستگیرکرا

ئیلام
posted onJune 4, 2025
nocomment

خاوەن نانەواخانەیەکی بەساڵاچوو وکەمئەندامیی خەڵکی ئیلام، کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بڕانی کارەبا هەویرە تێکچووەکانی نانەواخانەکەی لەبەردەم پارێزگاری ئیلامدا فڕێ دا، ڕۆژی ١٤ـی جۆزەردانی ١٤٠٤ دەستگیر کرا.

ئەو هاووڵاتییە خەڵکی ئیلامە و تەمەنی ٧٠ ساڵە و لەناو خەڵکی ئیلامدا کەسێکی جێی ڕێزە، بەڵام بڕانی بەردەوامی کارەبا زەرەر و زیانی پێ گەیاند و بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بەم دۆخە، هەویرە خراپبووەکانی نانەواخانەکەی لەبەردەم پارێزگاری ئیلامدا فڕێ دا.

لایەنە بەرپرسەکان لەجیاتیی وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی، دەستگیریان کرد؛ کەچی ئەو هەم بەدەست بەساڵاچوویی و هەم بەدەست کەمئەندامیی جەستەییەوە دەناڵێنێت و بە تەنیا خۆی بژێوی بنەماڵەکەی دابین دەکات.

ناوبراو چەند منداڵێکی خاوەن پێداویستیی تایبەتیشی هەیە.

دەستگیرکردنی ئەو پیاوە بەساڵاچووە کاردانەوەی لە ئیلامدا لێ کەوتووەتەوە، هەر بۆیە ئەمڕۆ داواکاری گشتیی ئیلام فەرمانی داوە کە دەبێت ئازاد بکرێت.

ڕاگەیاندنە خۆجێیەکانی ئیلام نووسیویانە: "ناڕەزایەتیی نانەواکە دەبێت ببینرێت، نەک سەرکوت بکرێت. دەبێت گوێی لێ بگیرێت، نەک سانسۆر بکرێت. دەستبەسەرکردنی مرۆڤێکی وا، جگە لە شاردنەوەی کێشەکە، هیچ ئەنجامێکی دیکەی نابێت."