
هێزەکان لە پارێزگای سنە دەستیان بەسەر زیاتر لە ٢٠٠ سمۆرەدا گرت کە لە دارستانەکانی بانە ڕاو کرابوون و بە قاچاخ بەرەو تاران دەبران بۆ فرۆشتن. لەم ڕووداوەدا کەسێکیش دەستگیر کرا.
ڕووداوەکە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە خاڵێکی پشکنینی شاری بیجاڕ ڕوویدا، کاتێک بە هاوکاریی فەرمانگەی پاراستنی ژینگە، ئۆتۆمبیلێک ڕاگیرا کە سمۆرەکانی تێدا بوو.
ئەم سمۆرانە بە هەوڵی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژیانی سەوزی سەقز، پاژینی بانە و فەرمانگەکانی ژینگەی شارەکانی بیجاڕ، سەقز و بانە ڕزگار کراون. لە ئێستادا سمۆرەکان لەژێر چاودێری پزیشکی و ژینگەییدان، بەتایبەتی کە بەشێکیان هێشتا بچووکن و شیرەخۆرەن و لەلایەن چالاکڤانانی ژینگەی بانە و سەقزەوە خزمەت دەکرێن.
چالاکڤانانی بواری ژینگە ئەم کردەوەیە بە "کارەساتێکی ژینگەیی" گەورە دادەنێن و بە توندی ئیدانەی دەکەن، تەنانەت بە "ئەنفال و کیمیابارانکردنی سمۆرەکان" ناویان بردووە، وەک ئاماژەیەک بۆ قەبارەی زیانەکە.
جێی باسە سمۆرەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە پاراستن و نوێبوونەوەی دارستانەکاندا هەیە، چونکە بە شاردنەوەی دەنکە بەڕوو لە ژێر خاکدا و لەبیرکردنی هەندێکیان، یارمەتیی سەوزبوونی داربەڕووی نوێ دەدەن. سەرەڕای ئەم سوودە ژینگەییە، بەهۆی جوانییانەوە، زۆرجار ڕاو دەکرێن و وەک ئاژەڵی ماڵی بە شێوەی نایاسایی دەکڕێن و دەفرۆشرێن.