Skip to main content

مامۆستا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی چواریاری نەبیی سنە، جارێکی دیکە دەستبەسەر کرایەوە

سنە
مامۆستا لوقمان ئەمینی
posted onApril 21, 2025
nocomment

 

 

 ئەمڕۆ دووشەممە، ٢١ی نیسانی ٢٠٢٥ (١ی بانەمەڕی ١٤٠٤)، مامۆستا لوقمان ئەمینی، کەسایەتی ئایینی ناسراو و پێشنوێژی مزگەوتی چواریاری نەبی لە شاری سنە، پاش بانگهێشتکردنی بۆ دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی (کەسایەتییە ئایینییەکان) لە شاری هەمەدان، دەستبەسەر کرا.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، مامۆستا ئەمینی لە ڕۆژانی پێشوودا بە فەرمی ئاگادار کرابووەوە کە دەبێت لەم بەروارەدا لە دادگای ناوبراو ئامادە بێت، بەڵام هەر کە گەیشتووەتە دادگاکە، دەستبەجێ دەستگیر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

هاوکات، لە کاناڵی تەلەگرامی فەرمی مامۆستا لوقمان ئەمینی ئاماژە بەوە کراوە کە هۆکاری سەرەکی بانگهێشتکردن و پاشان دەستبەسەرکردنەکەی، "ڕەتکردنەوەی گێڕانەوەی ناڕاست (دروستکراو)ی شەهیدبوونی حەزرەتی فاتمە" بووە لەلایەن ناوبراوەوە.

پێشینەی دەستگیرکردن و سزاکان

شایانی باسە ئەمە یەکەم جار نییە مامۆستا لوقمان ئەمینی ڕووبەڕووی فشاری یاسایی و ئەمنی دەبێتەوە. ناوبراو پێشتر لە ڕێکەوتی ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ (١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠١)، لە میانەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ناسراو بە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، لە ڕێگای نێوان سنە و مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. دوای ماوەیەک، لە ٣ی ئازاری ٢٠٢٣ (٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١)، بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.

دواتر، هەر لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدانەوە، بە چەندین تۆمەتی جیاواز، لەوانە "پڕوپاگەندە دژی نیزام و لە بەرژەوەندی حیزبە کوردستانییەکان"، "هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت (دەمانچە)" و "هاندانی خەڵک بۆ ئاژاوەگێڕی و پشتیوانی لە ناڕازیان"، سەرجەم سزای ١١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێنرا. جگە لەوەش، سزای دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری ئەردەبێڵ، لێسەندنەوەی هەمیشەیی پۆشاکی مامۆستایەتی ئایینی (خلع لباس)، و قەدەغەکردنی هەمیشەیی وتاردانیشی وەک سزای تەواوکەر بەسەردا سەپێنرا.

دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت و مامۆستا ئەمینی

دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت، کە لە ساڵی ١٩٥٩ دامەزراوە و لەژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کاردەکات، لە ١٠ شاری ئێران لقی هەیە، بەڵام هیچ لقێکی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە. مامۆستا لوقمان ئەمینی بە یەکێک لە کەسایەتییە ئایینییە دیارەکانی شاری سنە دادەنرێت کە بە هەڵوێستە نیشتمانییەکانی و پشتیوانیکردنی لە داواکارییەکانی خەڵک ناسراوە.