Skip to main content

جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە ورمێ هەڵپەسێردرا

ورمێ
posted onApril 18, 2025
nocomment

 

جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی حەمید حوسێن‌نژاد حەیدەرانلوو، زیندانیی سیاسیی کورد، کە بڕیار بوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ئەنجام بدرێت، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە بەردەم زیندانی ناوەندیی ورمێ گردبوونەوە و داوای ڕاگرتنی سزاکەیان دەکرد.

بەپێی زانیارییەکان، پەیمان خانزادە، بەرپرسی زیندانی ورمێ، بە بنەماڵەی حوسێن‌نژادی ڕاگەیاندووە کە جێبەجێکردنی سزاکە بە بڕیاری داواکاری گشتی هەڵپەسێردراوە.

حەمید حوسێن‌نژاد حەیدەرانلوو، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی ناوچەی چاڵدێرانی سەر بە پارێزگای ورمێیە، بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی "هاوکاریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە. ناوبراو ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و ڕۆژی پێنجشەممە لە دیدارێکی کورتدا لەگەڵ بنەماڵەکەی، جارێکی دیکە جەختی لە بێتاوانیی خۆی کردووەتەوە.

حوسێن‌نژاد، کە باوکی سێ منداڵە، لە ڕێکەوتی ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٣ لە ناوچەی سنووریی چاڵدێران دەستبەسەر کرا. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەوانە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ناوبراو بۆ ماوەی زیاتر لە ١١ مانگ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگیرابوو و بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانان کراوە سەبارەت بە بەشداریکردن لە پێکدادانێکی چەکداریدا کە تێیدا ٨ ئەندامی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کوژران.

عوسمان موزەیەن، پارێزەری حوسێن‌نژاد، ڕایگەیاندووە کە بەپێی بەڵگەنامەکان، بریگرتەکەی لە کاتی ڕوودانی ئەو پێکدادانەدا لە وڵاتی تورکیا بووە. هەروەها حوسێن‌نژاد لە بەرگرینامەکانیدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەشکەنجە دراوە، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو بێبەش کراوە، و دۆسیەکەی بە "سیناریۆیەکی ئەمنی" بۆ شاردنەوەی کەمتەرخەمیی لایەنە ئەمنییەکان لە قەڵەم داوە.