Skip to main content

کۆمەڵێک چالاکوانی خەڵکی سەقز: راگەیاندنی حدکا سیمای چالاکوانانی خەوشدار کردووە

سەقز
posted onMarch 20, 2025
nocomment

کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی شاری سەقز لە روونکردنەوەیەکدا میدیای حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران تۆمەتبار دەکەن سیمای چالاکانی مەدەنی سەقزی خەوشدار کردووە و بووتە هۆی تێکچوونی رێوڕەسمێکی نەورۆز.

راگەیاندنی حدکا تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی لەسەر هەڵوێستی ئەو چالاکوانانە و رووداوەکانی نەورۆزی مەلقەرەنی بڵاو نەکردووەتەوە.

ئەو چالاکانەی شاری سەقز بە هاوئاهەنگی  خەڵکی ئاوایی "مەلقەرەنی" ویستوویانە رۆژی چوارشەممە ڕێوڕەسمی نەورۆزی بەڕێوە ببەن، بەڵام "پێش دەستپێکی رێوڕەسمەکە چەند کەسی گوماناوی بەناوی خەڵکی مەلقەرەنی نەیانهێشت و رێوڕەسمەکەیان شێواندووە."

ئەو چالاکوانانە دەڵێن، بە سەرسوڕمانەوە تیڤی کورد کاناڵ و  ناوەندەکانی راگەیاندنی حیزبی دێموکرات بە تایبەت پەیجێکی بێ ناوونیشان بە ناوی لاوانی سەقز گومان دەخەنە سەر شوناسی بەڕێوەبەرانی رێوڕەسمەکە و بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە گوایا " رژێم" لە گوندی مەلقەرەنی رێوڕەسمی نەورۆزی بەڕێوە ببات و خەڵکی ناودێ رێگەیان پێ نەداون و بەگژ هێزەکانی ڕژیمدا چوونەتەوە و بەخۆشیەوە رێوڕەسمەکە پووچەڵ کراوەتەوە.!!

ئەو چالاکوانانە لە روونکردنەوەکەی رۆژی چوارشەممەیاندا دەڵێن: هەموو ئامادەبووانی رێوڕەسمەک خەڵکی ناسیاری شار بوون و بۆ هەموو کەس ناسیاون و جگەلەوەش ئەو رێوڕەسمە مۆڵەتی بۆ وەرنەگیرابوو و هیچ ئۆرگانێکی حکومەتیش لێی ئاگادار نەبووەو  وەک ساڵانی رابردوو کۆمەڵێک خەڵکی خۆبەخش و چالاکوان و هونەرمەند  رێوڕەسمەکەیان بەڕێوەبردووە.

ئەو چالاکوانانە دەڵێن، بەدوای شێواندنی ئەو رێوڕەسمە نزیک بە ۲ کیلوومەتر خوارتر لە مەلقەرەنی رێوڕەسمەکەیان بەڕێوەبردووە و دیمەنەکانیشی بڵاو بووەتەوە و خەڵک با بیانبینێت و قەزاوەتەکە دانێین بۆ ئەوان.