
بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان، لە نزیک شاری سنە ڕێوڕەسمێک بە شکۆوە بەڕێوەچوو، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی.
ئەم ڕێوڕەسمە، کە ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەچوو، بووە دەرفەتێک بۆ ژنانی ئازادیخواز تا پەیامی خۆیان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە بەرز ڕابگرن. پاش خوێندنەوەی پەیامەکە، ئاهەنگ و شایی بەبۆنەی ئەم ڕۆژە شکۆدارەوە گێڕدرا.
لە پەیامەکەدا، ڕێز و پێزانین ئاراستەی تەواوی چالاکوانانی ژن کرا لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان تێدەکۆشن. هاوکات، سەرکۆنەی توندی ئەو دیاردە نالەبارانە کرا کە کۆمەڵگەیان گرتۆتەوە، لەوانە هاوسەرگیریی زۆرەملێی کچانی منداڵ.
چالاکوانانی ژن، لە چوارچێوەی ڕۆژی جیهانیی ژناندا، بە توندی ئیدانەی سەپاندنی سزای لەسێدارەدانیان کرد بەسەر وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی، کە هەرسێکیان چالاکوانی ژنن و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانن. داواشیان کرد دەستبەجێ سزای لەسێدارەدانیان هەڵبوەشێنرێتەوە.
شایەنی باسە، ڕۆژی پێنجشەممە، دامەزراوە ئەمنییەکان لە شاری سنە ژمارەیەک لە چالاکوانانی ژنیان بانگهێشت کردبوو و ئاگاداریان کردبوونەوە کە داواکاری گشتی بڕیاری داوە ڕێگە بە هیچ بۆنەیەک نەدرێت بۆ ڕۆژی ژنان.
یەکێک لە چالاکوانانی ژن لە سنە بە ئاڤامێدیای ڕاگەیاند کە هۆشداری دراوەتە ئەو چالاکوانانەی ژن کە نابێت بەشداریی هیچ ڕێوڕەسمێک بکەن، ئەگەر بەشداریی بکەن، ڕێکاری یاسایی توندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.