
لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە سێڕێیانی محەممەدیار لە نزیک شاری نەغەدە چوار هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا. شایەتحاڵان دەڵێن، درەنگ گەیشتنی ئامبولانسی فریاکەوتنی خێرا هۆکاری گیان لەدەستدانی ژن و منداڵێک بوو.
ئەو رووداوە نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٣٠ رێبەندانی ١٤٠٣ لە نێوان دوو ئوتۆمبیل لە جۆری پرایدێک و کویکێکدا روویداوە و سەرنشینەکانیشیان خەڵکی شارەکانی بۆکان و نەغەدە بوون.
لەو رووداوەدا شۆفێری پرایدەکە کە خەڵکی نەغەدە بووە، دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و شۆفێری ئۆتۆمبیلەکەی دیکەش بەهۆی قورسیی رووداوەکەوە دڵی راوەستاوە و گیانی لەدەستداوە.
شایەتحاڵێک دەڵێت، کویکەکە ژنێک و منداڵێکی تێدا بووە و ئەوانیان بە زیندوویی دەرهێناوە، ئەوان بە برینداریی نیو کاتژمێر لەسەر ئەرزی بوون، بەڵام ئامبولانسی فریاکەوتنی خێرا بە فریای ئەوانەوە نەدەهاتن.
بەگوتەی ئەو شایەتحاڵە، خەڵک زۆر تەلەفۆنیان بۆ ئامبولانس کردووە، بەڵام وەڵامی خەڵکیان نەداوەتەوە، کەچی تەنیا ١٠٠ مەتر لە رووداوەکەوە دوور بوون، تاوەکو ئەوەیکە هەر دوویان گیانیان لەدەستدا.
یەکێک لە بەرپرسانی فریاکەوتنی خێرای شاری نەغەدە لە روونکردنەوەیەکدا، ئەوەی رەت کردووەتەوەو گوتوویەتی: ئەوان رێکاری خۆیان هەیە بۆ ئەوەی بچنە سەر رووداوێکی هاتوچۆ و جگەلەوەش ئەو شوێنەش تاوەکو نەغەدە لانیکەم ٢٠ خولەک دوور بووە.