چالاکڤانانی ژینگەی ئیلام دیمەنی دوو پڵینگی دیکەیان لە شاخەکانی ئەم پارێزگایەدا تۆمار کرد.
چالاکڤانان دەڵێن، ئەو دوو پڵینگە گەنجن و کوڕی پڵینگێکن کە پێشتر فیلمیان لێی تۆمار کردبوو.
چالاکڤانانی ئیلام دەڵێن، تۆمارکردنی دیمەنی پڵینگ لە ئیلام، جیاوازی هەیە لەگەڵ هەموو شوێنەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
ئەوان هۆکاری ئەم جیاوازییە دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی لە ئیلام ساڵانێکی زۆرە ئاژەڵەکانی خۆراکی پڵینگ وەک ئاسک، کەڵەکێوی، بزنەکێوی و… لەو ناوچانەدا نەماون.
تەنانەت هەندێ ئاژەڵی دیکەی وەک بەرازیش زۆر کەمبوونەتەوە، بۆیە پڵینگ بۆ دابینکردنی خۆراک کێشەی جیدی هەیە.
لەم ساڵانەدا پڵینگ لەو ناوچانەی ئیلامدا زیاتر ئاژەڵی خەڵکی خواردووە و ئەمەش دەبێتە مەترسی بۆ سەر گیانی پڵینگ، چونکە ئاژەڵدارەکان رەنگە بیانکوژن.
هەر چەند لە ئیلام بە هەوڵی چالاکڤانانی ژینگە، ئاژەڵداران پڵینگیان نەکوشتووە.
پڵینگ لەو ئاژەڵانەیە کە مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە.
*لەم وێنەیەدا پڵینگی سەرەوە باوک و دوو پڵینگی خوارەوەش کوڕی ئەون