جوتیارانی ناوچەی دینەوەر لە پارێزگای کرماشان گلەیی دەکەن کە بەرهەمی چەوەندەر لەسەر دەستیان ماوەتەوە، کڕیاریان نییە و بەرهەمەکەیان خەریکە خەسار دەبێت.
جوتیارێکی خەڵکی گوندی چومە لە ناوچەی دینەوەر، سەر بە شاری سانە لە پارێزگای کرماشان، دەڵێت: تەنیا لە یەک شوێن نزیکەی ١٥ هەزار تۆن چەوەندەر کۆبووەتەوە و بەڵام هیچ کارگەیەک نییە کە بەرهەمەکەیانی پێبدەن.
ئەو جوتیارە دەڵێت: کێشی بەرهەمەکیان تەواو دابەزیوە و بەرپرسان ناتوانن لەگەڵ کارگەیەک رێککەون بۆ ئەوەی بەرهەمەکەیانی پێبدەن.
ئەوە لە کاتێک دایە کە گوشارێکی ئابووری زۆر لەسەر جوتیارەکان هەیە و بەگوتەی جوتیارێک، تەنانەت پارەیان نییە بیدەن بە بەنزین بۆ ئەوەی تاوەکو شار پێی بڕۆن.
چەند رۆژ لەمەوبەر رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لەگەڵ کارگەکانی شەکری شارەکانی قەزوێن و ئیسفەهان رێککەوتوون و هەر جوتیارێک پێیخۆش بێت دەتوانێت چەوەندەرەکەی بەوان بدات.
بەڵام جوتیارەکان دەڵێن، ئەو دوو شارە زۆر دوورن و تێچووی گواستنەوە بۆ ئەوێ زۆر گران دەکەوێت.
پارێزگای کرماشان دوو کارگەی شەکری لە بێستون و شاباددا هەیە و دەتوانن ٤٠٠ هەزار تۆن چەوەندەر وەربگرن.
پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ لە پارێزگای کرماشاندا نزیکەی یەک ملیۆن تۆن چەوەندەر بەرهەم بێت.