چالاکانی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک، بەبۆنەی دووهەمین ساڵڕۆژی کوشتنی حکوومەتی "ژینا ئەمینی" و بزاڤی "ژن، ژیان، ئازادی"، داوای بەڕێوبردنی مانگرتنی سەرانسەریان کردووه.
لەم بانگەوازه هاتووه: "ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان دەچینە نێو دووەمین ساڵڕۆژی گیانبەختكردنی ژینا ئەمینی و دەسپێکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی؛ ڕاپەڕینێک کە هەموو ئازادیخوازانی سەرانسەری ئێرانی کۆکردەوە و جارێکی دیکە نیشانی دا کە کوردستان هێشتا بەهێزە و شكست قبوڵ ناكات".
له درێژەی ئەم بانگەوازه هاتووه: "کوردستان هەروەک چۆن لە ڕۆژانی یەکەمەوە بە هەموو هێزیەوه بە هەرجۆره هەژموونی خوازی و تۆتالیتاریزمێک نایەکی گەورەی گوت، تەنانەت ئێستاش دوای چوار دەیە یەكگرتووانە بە تەواوی گیانەوه، نەوه به دوای نەوه بۆ ئازادی و سەروەری و یەکسانی خەبات دەكات".
نووسەرانی بانگەوازەکه ڕوو له خەڵکی تێکۆشەری کوردستان ڕادەگەینێن: "لە دووهەمین ساڵیادی گیانبەختكردنی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە گۆڕستانی ئایچی و سەقز و کوردستان، ئێمە تێکۆشەرانی کۆمەڵگەی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆڤی کوردستان، لە تەواوی باوکان و دایکان، گەنجان، كاسبكاران و سەندیکاکان، مامۆستایان، کرێکاران، خوێندكاران، قوربانیانی شۆڕشی ژینا، ئازادیخوازانی ڕێگای ئازادی و دۆستانی دادپەروەری و یەکسانی، داواكارین:ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان، با لە ماڵەکانماندا بمێنینەوە و ناڕەزایەتی مەدەنی خۆمان لە شێوەی مانگرتنی گشتیی سەرتاسەری نیشان بدەین، بە مەبەستی نیشاندانی ڕێز بۆ شەهیدانی شۆڕشی ژینا و درێژەدان بە ڕێبازەکەیان".