Skip to main content

پۆڵەند به فەرمی باس له بەزاندنی سنووری ئاسمانەکەی لەلایەن ڕوسیا دەکات

پۆڵەند به فەرمی باس له بەزاندنی سنووری ئاسمانەکەی لەلایەن ڕوسیا دەکات
posted onAugust 27, 2024
nocomment

بەرپرسانی سەربازیی پۆڵەندا رایدەگەیێنن، ئاسمانی وڵاتەکەیان لەلایەن سوپای رووسیا لەکاتی هێرشکردنە سەر ئۆکراینا پێشێلکراوە، "پێدەچێت درۆن سنوورەکەی بەزاندبێت".

رۆژی دووشەممە، ٥ی خەرمانان، ماچێی کلیس، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پۆڵەندا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە وارشۆی پایتەختی وڵاتەکەی ئاماژەی بە بەزاندنی سنووری وڵاتەکەی لەلایەن سوپای رووسیاوە کرد.

کلیس ئاماژەی گوتی: رەنگە ئاسمانی وڵاتەکەیان لەلایەن درۆنێکەوە پێشێل کرابێت و گوتیشی، "دڵنیا نین لەوە ئاسمانی وڵاتەکەمان بە چ شتێک پێشێل کراوە، بەڵام ئەوە روون بووەتەوە کە هیچ جۆرە مووشەکێک ئاسمانی وڵاتەکەمانی نەبەزاندووە".

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پۆڵەندا ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بەڵام پێدەچێت سنوورەکەیان بە درۆنێکی جۆری "شەهید"ـی دروستکراوی ئیران پێشێل کرابێت.

ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ رووسیا بە زیاتر لە ٢٠٠ درۆن و مووشەک هێرشیکردە سەر خاکی ئۆکراینا و بەوهۆیەوە لانیکەم چوار هاووڵاتی ئۆکراینی کوژران.

هەر لەم پەیوەندییه ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دوای لە وڵاتانی رۆژئاوا کرد کە خستنەخوارەوەی مووشەک و درۆنەکانی رووسیا یارمەتییان بدەن.

زیلینسکی جارێکی دیکە داوای لە رۆژئاوا کرد رێگە بە ئۆکراینا بدەن مووشەکی دوورمەودا بەکاربهێنێت و قووڵتر هێرشبکاتە سەر خاکی رووسیا. گوتی: "ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و هاوبەشەکانی دیکەمان دەسەڵاتیان هەیە یارمەتیمان بدەن ئەم تیرۆرە راگرین".

دوێنێ رووسیا رایگەیاند، لە چەندین ئاراستەوە هێز و چەکەکانی ئۆکراینای بۆردوومانکردووە؛ هەروەها ئۆکراینا بڵاویکردەوە، دۆخی هەرێمی پۆکرۆڤسکی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی سەختە و شەڕێکی قورسی لەسەر دەکرێت کە ناوچەیەکی لۆجستیی ستراتیجییە.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، پێگەیەکی کاتیی هێزێکی "بەکرێگیراو"ی ئۆکراینای لەنێوبردووە؛ هەروەها هێزی ئاسمانیی رووسیا رایگەیاند، ٨ مووشەکی هیمارسی دروستکراوی ئەمریکی و ٤١ درۆنی دیکەی تێکشاندووە کە لەلایەن هێزەکانی ئۆکرایناوە ئاراستەکرابوون.