Skip to main content

ئەمجەد بەختیاری، سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندرا

ئەمجەد بەختیاری، سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندرا
posted onJuly 15, 2024
nocomment

له درێژەی سیاسەتەکانی دژەمرۆیی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ به گەلی کورد، ئەمجەد بەختیاری لە مامۆستایانی دێولان، سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو به ئاڤاتودەی، ئەمجەد بەختیاری بەهۆی بەشداریی لە ڕەوتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و بە تۆمەتی ساختەی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" و "چالاکیکردن بە قازانجی دژبەرانی حکومەت" لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی شاری دێولان سزا درا.

سزای ئەو مامۆستا کورده، ١٢ مانگ بەندکران و لێدانی ٧٤ زەربەی قامچییه و ئەو سزایە بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵپەسێردراوە.

جێگای ئاماژەیه، ئەمجەد بەختیاری تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی دێولانه و لەم دواییانەدا بەهۆی چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردوودانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگ کراوە و هەڕەشەی لێکراوبوو.

هەروەها ئەمجەد بەختیاری، لەلایەن لیژنەی پێڕاگەیشتن بە سزا ئیدارییەکانی پارێزگای سنە، بە تۆمەتی وەکوو "بەشداری لە خۆپیشاندانەکان" و "سووکایەتیکردن بە خامنەیی" لەگەڵ بڕینەوەی ڕیزبەندیی مامۆستایان ڕووبەڕوو کراوەتەوە.