کارناسانی ئەوروپی هوشداری دەدەنه بەرپرسانای باڵای وڵاتەکانیان که ئەگەر پێش له هاتنی بەلێشاوی پەنابەران نەگیریێت، ئەوروپا له داهاتوویەکی نزیک تووشی کێشەگەلێکی ئەمنی بێگەڕانەوه، دەبێتەوه.
یۆرۆستات، سەنتەری ئامار و داتای سەر بە یەکێتیی ئەوروپا، له ڕاپورتێکدا ئاشکرای کرد، زیاتر لە 135 هەزار پەنابەر فەرمانی دیپۆرتکردنەوەیان بۆ دەرچووە و دەبێت ئەوروپا بەجێبهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.
لەسەرەتای ئەم هەفتەدا، وەزیرانی داد و پەنابەرانی ئەوروپا، له بڕۆکسل کۆبوونەتەوه تاکوو لەبارەی یاسا نوێیەکانی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران و بەهێزکردنی سنوورەکانی ئەوروپا وتووێژ بکەن.
لەمبارەیەوه، گونار سترۆمەر، وەزیری دادی سوید ڕایگەیاند: "هەموو هەوڵمان دەدەین تاکوو یاساکانی تایبەت بە پەنابەران بگۆڕین و ئەو کەسانەی یاسای پەنابەری نایانگرێتەوە دیپۆرتیان بکەینەوە".
وەزیری دادی سوید تەرکیزی کرد: "ئێمە بە گوێرەی یاساکانی یەکێتیی ئەوروپا و یاسا نەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکان ئەو کارە دەکەین. ئەمەش واتە، ئەو خەڵکه مافی پەنابەری وەرناگرێن دەنێرینەوە وڵاتەکانیان."
نیکۆڵ دی مۆر، وەزیری کۆچ و پەنابەرانی بلژیکیش کە سەرپەرشتی کۆبوونەوەکە دەکات، ڕوونی کردەوه: "هەموو وڵاتانی ئەوروپا یەکدەنگن لەسەر چاکسازی و گۆڕانکاری لە یاساکانی پەنابەراندا".
وەزیری کۆچبەرانی بلژیک هەروەها ئاماژەی کرد: "نزیکین لەوەی چاکسازییەکی گرنگ لە سیاسەتی کۆچ و پەنابەری ئەنجامبدەین. ئەمڕۆ جەخت لەسەر دوو بابەت دەکەینەوە، کە پەیوەندی بە پرسەکەوە هەیە. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو یاسا و رێکارانەی لەسەریان رێککەوتووین".
جێگای ئاماژەیه، ولاتی بلژیک بۆ ماوەی شەش مانگی ئەمساڵ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپای به ئەستۆیه.