هاوکات لەگەڵ چڕتر بوونی هەوڵەکان بۆ بایکۆت کردنی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئێران، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی کوردستان، بەتایبەتی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، به بڵاوکردنی بانگهێشتنامەیەک بەشداری له هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی ١١ ڕەشەمهیان به "ڕەایی بەخشین به تاوانەکانی کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران" ناوبرد.
ڕۆژی پێنجشەممه، ١٠ ڕەشەمەی ١٤٠٢ هەتاوی، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی کوردستان، به بڵاو کردنی بانگهێشتنامەیەک ڕوو بە خەلک داوایان کرد تا بە مانەوه له ماڵەکانیان، له هەڵمەتی سەرانسەری بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ئیران، بەشدار بن و بەم کرداره پاڵپشتی له بنەماڵەی شەهیدان بەتایبەتی شەهیدانی شۆڕشی ژینا بکەن.
لەم بانگهێشتنامەیه هاتووه: "هەوەک ئاگادارن سبەی ١١ی ڕەشەممە شانۆی بەناوی هەڵبژاردنی نوێنەرانی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری لە ئێران و کوردستان بەڕێوە دەچێت کە کۆمەڵە مرۆڤێکی ئەلقەبەگوێ و بەزیو لە ناو کۆمەڵگا خۆیان بۆ نوێنەرایەتی خەڵک پاڵاوتووە کە بێبەری لە هەرچەشنە بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقی، نەتەوەیی و نیشتیمانیین و هەر ئەو مرۆڤانەن کە بەوپەڕی بێ ویژدانیەوە ڕەوایی بە دەزگای سەرکوت و داپڵۆسێنەر دەدەن و خوازیارن لە پێناو بەرژەوەندیە تاکیەکانی خۆیان تەمەنی ڕێژیمی جەهل، وەحشەت و تیرۆر دڕێژ بکەنەوە".
ئەوان له بانگهێشتنامەکەیان داوا له خەڵک دەکەن و دەڵێن: "لەم بارودۆخەدا دەنگدان جارێکی تر گڕوتین پێ بەخشینەوە بەو سیستمە دیکتاتۆر و داپلۆسێنەرە بۆ بەهێزکردنەوەی ماشینی تیرۆر، ئێعدام ، ئەشکەنجە و ماڵوێرانی سەدان و هەزاران بنەماڵەی دیکەیە، کە ڕۆڵەکانیان بە تاوانی ئازدایخوازی و مافویستی گیانی شیرینیان لێ دەستێنن ".
بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان لەو باوەڕەدان که: "هەر دەنگێک تەنافێکە بۆ گەردنی ڕۆڵە بێ تاوانەکانمان. هەر دەنگێک ڕەوایی دانە بە تاوانە ناڕەواکانی ڕژێمی تیرۆریست و خۆێنڕێژی کۆماری ئیسلامی".
جێگای ئاماژەیه، پێشتر ژنانی پێشەنگ و پێشڕەوی کوردستانیش له ڕاگەیندراوێک داوایان له خەڵک کردبوو هەڵبژاردنەکان بایکۆت بکەن. هەروەها گەنجانی جوانڕۆش له بانگهێشتنامەیەکی هەر جۆره بەشدارییەک له شانۆکاری هەڵبژاردنەکانی ئێرانیان ئیدانه کرد و ڕایانگەیاند: " ئێمە لاوانی شۆڕشگێڕ، وێڕای پێزانین و وەفا بە ڕێبازی شەهیدان و سوور بوون لەسەر بەردەوامی شۆڕش بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕژێمە ترسناکە تا دوا دڵوپی خوێن، داواکارین لە خەڵکی جوانڕۆ وەک بەرپرسیارێتی کوردستانی خۆیان، ڕۆژی هەینی ١١ ڕەشەمە بە مانەوە لە ماڵەوە و نەچوون بۆ بنکەکانی دەنگدان، بەڵێنێکی دووبارە ئەدەین بە شەهیدانی شارمان و پشتیوانی ئەکەین لە بنەماڵەی سەربەرزیان.
دەقی تەواوی ڕاگەیەندراوەکه:
بە ناوی خوای دلۆڤان
خەڵکی مافویستی ئێران و کوردستان
ڕۆڵە بەئەمەگ و یارانی وەفاداری ڕێبازی شەهیدان
سڵاوی شۆڕش و بەرخۆدانتان پێشکەش
هەوەک ئاگادارن سبەی ١١ی ڕەشەممە شانۆی بەناوی هەڵبژاردنی نوێنەرانی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری لە ئێران و کوردستان بەڕێوە دەچێت کە کۆمەڵە مرۆڤێکی ئەلقەبەگوێ و بەزیو لە ناو کۆمەڵگا خۆیان بۆ نوێنەرایەتی خەڵک پاڵاوتووە کە بێبەری لە هەرچەشنە بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقی ، نەتەوەیی و نیشتیمانیین و هەر ئەو مرۆڤانەن کە بەوپەڕی بێ ویژدانیەوە ڕەوایی بە دەزگای سەرکوت و داپڵۆسێنەر دەدەن و خوازیارن لە پێناو بەرژەوەندیە تاکیەکانی خۆیان تەمەنی ڕێژیمی جەهل، وەحشەت و تیرۆر دڕێژ بکەنەوە .
خەڵکی مافویستی کوردستان
دایکان، باوکان
کچان و کوڕانی
ئازادیخواز و مافویست؛ ئێمە وەک بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و بەتایبەت دایکانی شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی داوا لە ئێوەی خەمخۆر و بەپەرۆش بۆ خوێنی پاکی شەهیدان و تینوی ئازادی و ڕزگاری دەکەین، لەو کاتەدا کە ڕژێمی تیرۆریستی ئیسڵامی ئێران تووشی قەیرانگەلی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، دیپلۆماسی و... هتد لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بووه و له بواری ڕەوایی و کارامەیی و لێهاتوویی، تووشی پرسیار و ئاستەنگی جیددی بۆتەوە و لە ڕیزی وڵاتانی داڕماو هەژمار دەکرێت.
لەم بارودۆخەدا دەنگدان جارێکی تر گڕوتین پێ بەخشینەوە بەو سیستمە دیکتاتۆر و داپلۆسێنەرە بۆ بەهێزکردنەوەی ماشینی تیرۆر، ئێعدام، ئەشکەنجە و ماڵوێرانی سەدان و هەزاران بنەماڵەی دیکەیە، کە ڕۆڵەکانیان بە تاوانی ئازدایخوازی و مافویستی گیانی شیرینیان لێ دەستێنن.
هەر دەنگێک بە گوللەیەک دەزانین کە سینگی ڕۆڵەکانمان دەپێکی.
هەر دەنگێک تەنافێکە بۆ گەردنی ڕۆڵە بێ تاوانەکانمان.
هەر دەنگێک ڕەوایی دانە بە تاوانە ناڕەواکانی ڕژێمی تیرۆریست و خۆێنڕێژی کۆماری ئیسلامی.
لە لایەن بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان بەتایبەت شەهیدانی شۆڕشی ژینا
١٠ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣