سوپای سوریا بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەر یەکە لە گوندەکانی جونەینە و جیا و مەیشیە لە دەستی هەسەدە دەرهێنراون، بەڵام بە گویرەی ڕاگەیاندنەکانی هەسەدە کە لە لایەن ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانەوە پاڵپشتی دەکرێن، شەڕەکە لە گوندی جەنین ڕووى داوە و تا ئێستاش بەردەوامە.
سوپای سووریا لە بڵاوکراوەکەیاندا باسیان لەوە کردووە کە چەند ناوچەیەکیان لە نزیک دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات لەدەست هێزەکانی هەسەدە دەرهێناوە و تەلەفزیۆنی فەرمی سووریاش باسى هەریەک لە گوندەکانی جونەینە و جیا و مەیشیەى کردووە کە سوپاى بەشار ئەسەد لە دەست هەسەدە دەری هێناون.
شایەنى باسە لەم دواییەدا سوپای سووریا بە پشتیوانی رووسیا، هەڵمەتێکی چڕی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەستی گرووپە چەکدارەکان و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەست پێ کردووە و دوایین پێکدادانیشی لەگەڵ سوپای سووریای دیموکرات ئەمڕۆ بوو، کە بە گوێرەى هەندێک هەواڵ لە نێو سوریاوە دەگوترێت ئەمەریکایش پشتگیرى هەسەدەى کردووە بۆ لەدەستنەدانى ناوچەکانى بن دەستى.
جگە لە زۆربەی خاکی رۆژئاوای کوردستان کە لەژێر دەستی یەپەگەدایە، هەریەک لە منبج لە رۆژئاوای رووباری فورات، رەققە و بەشێکی زۆری دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی رووباری فوورات لەژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکراتدان، لە هەریەک لەم شارە ستراتیژیانەی نزیک رووباری فووراتیش، بنکەی سەربازیی ئەمریکی یان هی هاوپەیمانان هەن.