جارێکى تر کۆمارى ئیسلامی باڵیۆزێکى نوێی بۆ عێراق دیاری کرد کە هاوشێوەى باڵیۆزەکانى پێشوو، لە نێو هەناوى سوپاى تیرۆریستى قودسەوە هەڵقووڵاوە کە ئەمەش کۆمەڵێک پەیام و هەنگاوی روونى ئەو رژێمەیە بەرامبەر کاروباری عێراق و نیشاندەرى بەهێزى و تاکەبڕیاردەریەتى سوپاى پاسدارانیشە لە نەخشەدانانى سیاسەتى دەرەوە.
لە ١٠ نیسان، وەزارەتى دەرەوەى کۆمارى ئیسلامى بڕیاری دا مەحمەد کازم ئال سادق، وەک باڵیۆزی نوێ لە جێگەى ئیریج مەسجدی کە لە نیسانی ٢٠١٧ ـەوە ئەو پۆستە بەرێوە دەبات دەست بەکار بێت. ئەوەى جێی سەرەنجە، باڵیۆزە نوێیەکەش ئەندامی سوپاى قودسە، کە ئەرکی راپەراندنى کاروبارە سەربازییەکانى ئێرانە لە دەرەوەى وڵات. تاران دواى رووخاندنى رژێمەکەى سەدام حوسێن، پێنج باڵیۆزی خۆى لە عێراق گۆڕیوە کە سەرجەمیان لە یەک بنکەى سەربازییەوە هەڵقوڵاون، کە ئەویش سوپاى قودسە. حوسێن کازمی قوم، پاشان حەسەن دەنیفەرو، ئیریج مەسجدی و ئێستاش مەحمەد ئال سادق، هەموویان ئەفسەران و کاربەدەستانى سوپاى پاسدارانن.
ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە کەیسى عێراق بە دەست سوپاى قودسە نەوەک وەزارەتى دەرەوە و ئەم پرسەش لەلایەن جەواد زەریف، وەزیرى دەرەوەى پێشووى حکومەتەکەى حەسەن روحانی دووپات کراوەتەوە.
گرنگی عێراق بۆ کۆمارى ئیسلامى
دواى ئینقیلابە شوومەکەى ئێران لەساڵى ١٩٧٩، عێراق گۆڕەپانێکى سەنتراڵى سیاسەتە دەرەکییەکانى ڕژێمى ئاخوندی بووە و چەندین هۆکاریش بۆ ئەو بابەتە هەیە، لەوانەش بەغدا وەک یەکەم ئامانجی هەناردەکردنى شۆڕشەکەیەتى، چونکە رێژەیەکى گەورەى شیعە مەزهەبی تێدایە. هاوکات ستراتیژییەتى رکابەرى لە نێوان هەردوو وڵات بۆ پاوانخوازی بەسەر ناوچەى کەنداو، وای لێکردن هەشت ساڵ دژ بەیەک شەڕ بکەن، ئەوکات بەعس دروشمی نەتەوەیی عەرەبی ـ عەلمانى بەرز کردبووەوە و، کۆمارى ئیسلامیش دروشمی ئیسلامی ـ شیعەگەرایی.
لەلایەکی دیکەشەوە عێراق درێژترین سنووری هاوبەشى لەگەڵ ئێران هەیە کە درێژییەکەى ١٤٥٠ کیلۆمەتر دەبێت و، ئەو پرسەش چەندین ناکۆکی چارەسەرنەکراوی لە نێوان هەردوو پایتەخت دروست کردووە، بۆیەش کۆمارى ئیسلامى بە هەموو شێوازیک دەیهەوێ پاوانخوازیی بەسەر دراوسێە رۆژئاواییەکەى بکات تا لە ئایندە هیچ هەڕەشەیەکی چاوەڕواننەکراوی رووبەروو نەبێتەوە.
جگە لەوەش رژێمى ئاخوندى سوورە لەوەى ئەو وڵاتە یەکپارچیی خۆى بپارێزێت و رێگە بە کوردەکان نەدات دەوڵەتێکى سەربەخۆ لە باکوور دروست بکەن تا لە ئایندە هەمان چارەنووسى رووبەروو نەبێتەوە، بۆیەش دواى رووخانى رژێمى پێشووى بەغدا، کارى لەسەر کۆنترۆڵکردنى ئەو وڵاتە کرد کە شیعە بە هەموو شێوەیەک باڵادەستى خۆى بپارێزێت و، فراکسیۆنێکى دژە ئەمەریکی دروست بکات.
بەڵام دواى شەڕى ناوخۆیی سووریا لە ٢٠١١، کۆمارى ئیسلامى هەموو هەوڵەکانى چڕ کردەوە بۆ ئەوەى عێراق ببێتە بەشێک لەپردی زەمینەى شیعەکان تا لەوێوە بگاتە لوبنان و تواناى پڕچەککردنى میلیشیاکانى حیزبوڵای لوبنانى هەبێت و پێگەى ئەو هێزە پتەوتر بکات لەو ناوچەیە.
پتەوکردنى بەرژەوەندییەکانى کۆمارى ئیسلامى لە عێراق
دواى ٢٠٠٣، کۆماری ئیسلامی لەسەر ئاستی بەرفراوان کارى لەسەر پتەوکردنى پاوانخوازییەکانى کرد، بۆ نمونە لەسەر ئاستى دەوڵەت، تاران توانى سەرکردەکانى بەغدا ڕازی بکات بەوەى لیستێکى رێککەوتنی هەمەچەشن و فراوانی بواری ئەمنى و ئابووری واژۆ بکەن. هەروەها پشتیوانى ماددى پرۆژەکانى نۆژەنکردنەوەى شارەکانى عێراق دەکات و یارمەتیدەر دەبێت لە دروستکردنى وێستگەى بەرهەمهێنانى کارەبا و قوتابخانەکان، لە بەرامبەریشدا عێراق ئەوەى پاڵپشتى سیاسەتەکانى تاران لە سووریا و لوبنان بکات و یارمەتیدەریش بێت بۆ خۆدزینەوە لە سزا ئابوورییەکانى ئەمریکا.
لەسەر ئاستى حزبەکانیش لە کاتى دەسەڵاتدارێتى سەدام حوسێن، کۆمارى ئیسلامى مافى پەنابەریەتى و هاریکاری بە چەندین رێکخراو و پارت دابوو بۆ نمونە ئەنجومەنى باڵاى شۆڕشی ئیسلامی بە ڕابەرایەتى مەحمەد باقر حەکیم و حزبی دەعوەو، چەندانى دیکە، بەڵام لە ٢٠٠٣ ـەوە فشارەکانى بەسەر حزبە شیعەکاندا تووندتر کرد، بۆ ئەوەى بە یەک فراکسیۆن بەشداریی پرۆسەى سیاسیی بکەن.
لە بوارى سەربازی و ستراتیژیشدا، کۆمارى ئیسلامى چەندین میلیشیاو گرووپی چەکداری پڕچەک کرد و یارمەتیدەریش بوو بۆ ئەوەى بازنەى هاریکارییەکانى فراوانتر بکات، چووە نێو پێکهاتەى سووننەکان و کوردەکانیش بێبەش نەبوون لەو هاریکارییانە.
پەیامی کۆمارى ئیسلامى لە دانانى ئەندامانى سوپاى قودس وەک باڵیۆز لە بەغدا تەنیا پاشخانێکى دیپلۆماتیکی ئاراستەکراو نییە بۆ خودی عێراقییەکان، بەڵکو نامەیەکیشە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، کە: "عێراق گۆڕەپانێکى بەردەوامی ململانێیەکان و پاوانخوازییەکانى ئێمەیە لە ناوچەکە".
ئاخر کۆمارى ئیسلامى وەک وڵاتێکى سەربەخۆ سەیرى عێراق ناکات، بەڵگو وەک گۆڕەپانێکی جەنگ لێی دەڕوانێت بەتایبەت دژ بە ئەمەریکا، ئەمەش لە ڕێگەى دژایەتیکردنى سیاسەتەکانى واشنتۆن لەو وڵاتە ڕەنگی داوەتەوە و چەندین جاریش گرووپە میلیشیاییەکانى دژ بە بەرژەوەندییەکانى رۆژئاوا بە کار هێناوە، چ لە هێرشی مووشەکی یاخود بڕیارى یاسایی و سیاسیی لە نێو پەرلەمان و حکومەت. تەنانەت گەیشتە ئەو ئاستەى فیشەک و چەکی عێراقی بەرەو رووسیا ڕەوانە بکات بۆ درێژەدان بە جەنگى ئۆکراین، سەرجەم ئەو کەیسانەش لە دانووستاندنەکانى لەگەڵ رۆژئاوا ڕەنگی داوەوتەوە و خاڵى بەهێزبووە بۆ رژێمى ئاخوندەکان.