🌐 ئاڤاتودەی
کەناڵى تەلەڤزیۆنى ئەلعەهدى عێراقى لە زمانى سەرچاوەیەکى نێو حەشدى شەعبی بڵاوى کردەوە کە لە ڕێگەى فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانەوە هێرش کرایە سەر تیپى ٧٨ى حەشد لە چەندین گوندى پارێزگاى نەینەوا لە ناوچەى زومارى نزیک هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان
ئەلنوجەباش بڵاوى کردەوە کە فەرماندەیەکى ئۆپەراسیۆنى حەشدى شەعبی لە پارێزگاى نەینەواى عێراق گوتوویەتى: فڕۆکەیەکى بێ فڕۆکەوان مەقەڕى هەنگى ٧٨ى حەشدى لە ناوچەى سنجارى ڕۆژئاواى موسڵ بۆردوومان کردووە و بەمەش جێگرى فەرماندەى هەنگەکە بریندار بووە و لە لایەکى تریشەوە فەرماندەیەکى دیکەى حەشد باسى لەوە کردووە کە دوو خاڵى تیپى ٧٨ى حەشد و فەرماندەییەکى هاوبەشیان لەگەڵ سوپاى عێراق لە دەوروبەرى شارى سەمەد دوریانى سەر بە ناوچەى زومار هێرشى کراوەتە سەر.
سەرچاوەیەکى ئەمنى عێراقیش بە کەناڵى ڕاگەیاندنى بغداد الیوم ـى گوتووە کە ئەم هێرشە لە لایەن فڕۆکە بێ فرۆکەوانەکانى تورکیەوە ئەنجام دراوە و هێرش کراوەتە سەر دوو خاڵى هەنگى ٧٨ و لە بەرامبەریشدا تیپى سێیەمى حەشدى شەعبی تەقەیلان لە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە کردووە.
ئەم هێرشە چەند کاتژمێرێک پاش سەفەرەکەى دوێنێى مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بۆ ئەنکەرە و دیدارى لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانى سەرکۆمارى تورکیە بووە لەسەر پرسى وزە و ناردنى غازى کوردستان بۆ ئەوروپا. هێشتا وردەکارى زەرەر و زیانە مادى و گیانییەکان نەزانراوە، بەڵام تەنیا دەگوترێت بریندار هەن.
دژە تیرۆری حکومەتى هەرێمى کوردستانیش له ههژماری تایبهتی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی فهیسبوك بڵاوی كردهوه کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەناسراو بۆردومانی دوو خاڵی حەشدی شەعبی كردوه و زیانی گیانی و ماددی لێكهوتوهتهوه.
لە بەرامبەردا شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت، هیچ بنکەیەکی حەشدی هۆزەکان لە ناوچەی زوممار لە پارێزگای نەینەوا بۆردومان نەکراوە، بەڵکو ئەوەی روویداوە بریتییە لە تەقینەوەی بۆمبێکی ڕووناککەرەوە لە بنکەیەکی حەشدی هۆزەکان کە بووەتە هۆی برینداربوونی چەکدارێکی حەشدی هۆزەکان.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، رۆژی هەینی، ڕاگەیێنراوێکی لەسەر ئەم ڕووداوە بڵاو کردەوە کە تیایدا هاتووە: "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشى کردووەتە سەر بنکەیەکی هەنگى ٧٨ـی حەشدی شەعبی لە زوماری ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا و کوژراو و بریندار هەن، بەڵام ئەم هەواڵە ڕاست نییە، بەڵکو تەنیا تەقینەوەی بۆمبێکی ڕووناککەرەوەی ٦٠ میلیم بووە لە بنکەیەکی حەشدی شەعبی لە زومار کە بە هۆیەوە چەکدارێکى حەشد بە سووکی بریندار بووە".
ئەم شێوازى وەڵامدانەوەیە و ڕاگەیاندن دەرکردنەى حەشدى شەعبی، لە شێوەى وەڵامدانەوە و بیانووەکانى کۆمارى ئیسلامى دەچێت لە کاتى هێرشى فڕۆکەکانى ئیسرائیل کە بنکەیەکى سوپاى قودس و یا لە ڕێگەى فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانەوە ناوەندێکى ئەتۆمى و مووشەکى سوپاى پاسداران لە نێوخۆى ئێران دەکرێتە ئامانج و هۆکارەکە بۆ تەقینەوەیەکى نێوخۆیی و یا کێشەیەکى تەکنیکى دەگەڕێننەوە.
@avatodaykurdi