Skip to main content

ئێران وڵاتى خۆپێشاندان

ئێران وڵاتى خۆپێشاندان
AvaToday caption
لەیەک مانگدا ٥٢٩ خۆپێشاندان لە ئێران لە لایەن خەڵکەوە ئەنجام دراون
posted onJanuary 8, 2019
nocomment

 

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتى ئۆپۆزسیۆنى کۆماری ئیسلامی ئێران " ئاستى خۆپێشاندانە میللییەکانى ناوخۆى ئەو وڵاتە لە کانوونى یەکەم (سەرماوەز)ى ڕابردوو گەیشتۆتە سنوورى ٥٢٩ بزوتنەوەى ناڕەزایی کەپانتایی ١٠٣ شارى لەسەرتاسەرى ئەو وڵاتە گرتەوە".

ئەو ڕاپۆتە کە لەلایەن ئەنجومەنى نیشتمانى بەرەنگاربوونەوەى ئێرانى دەرچووە، کە بارەگاى سەرەکیی لە پاریسى پایتەختى فەرەنسایە، ڕایگەیاندووە "زۆربەى چین و توێژەکانى گەلانى ئێران بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکان کردووە، بەجۆرێک ڕۆژانە ١٧ خۆپێشاندان دژى دەسەڵاتەکەى کۆمارى ئیسلامی لە ئێران ئەنجام دراون".

لە کۆتاییەکانى ٢٠١٧ لە زۆربەى شارەکانى ئێران خۆپێشاندانى ناڕەزایی دژى حکومەتەکەى حەسەن ڕوحانی سەرکۆمار بەرپا بوون، کە زۆرینەیان دژى گەندەڵى و خراپی ڕەوشى دارایی بوون و تا سەرەتاییەکانى ٢٠١٨ ـش بەردەوام بوون، بەڵام لە ڕێگەى هێزەکانى بەسیج و سوپای پاسدارانەوە سەرکووت کران.

بەشێکى ڕاپۆرتەکە ئاماژەى بەوەش کردووە "گرنگترین خۆپێشاندانەکانى کۆماری ئیسلامی، ناڕەزاییەکان و مانگرتنى کرێکارانى فولاد و شەکری هەرێمى ئەهوازی باشوورى ئێران بوون، لە پاڵ ئەوانەش خۆپێشاندانى شۆفێرانى ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان بۆ چەندین مانگ لەسەر یەک خۆپێشاندانیان ئەنجام دا، لە سەرووى هەمووشیانەوە ناڕەزاییەکانى قوتابیانى زانکۆکانى ئێران".

رێژەى بەشدارییکردنى توێژەکانى کۆمەڵگەش بەشێوەى جیاواز بووە لە مانگى کانوونى یەکەم (سەرماوەز)ى ٢٠١٨، بە ئاستێک چینى کرێکاران زۆرترین بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکان کردووە، کە ژمارەى خۆپێشاندانەکانیان نزیکەى ١٤٤ بزووتنەوەى ناڕەزایی بووە، لە دواى ئەوانیش شۆفێرانى ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان بووە بە ١٤٠ خۆپێشاندان.

لیستى بەشداربووانی خۆپێشاندانەکانى کۆتا مانگی ساڵى ڕابردوو، ماڵ و پارە دزراوانى بانکەکان بوو، کە ئەوانیش بۆ بەدەستهێنانەوەى مافەکانیان ١٩ خۆپێشاندانیان ئەنجام دا، لە دواى ئەوانیش کەرتى پەروەردە بووە بە ٧ خۆپێشاندان و، خانەنیشیانیش بە ٤ خۆپێشاندانى کردووە و، قوتابیانیش لە قوتابیان و زانکۆکان بە ٦٣ خۆپێشاندان چووەتە نێو لیستەکە.

جووتیارانیش بێبەش نەبوون لە خۆپێشاندانەکانى مانگی کانوونى یەکەم (سەرماوەز)ى ڕابردوو، ئەوانیش بەهۆى کەمیی ئاوی خواردنەوەو پێویست بۆ کێلگەکانیان ٢٢ خۆپێشاندانیان دژى حکومەتى وڵاتەکەیان ئەنجام داوە، توێژەکانى دیکەى کۆمەڵگەش بە هەموویانەوە ٩٤ خۆپێشاندانیان ئەنجام داوە.

گرافیکى خۆپێشاندانى مانگێکى ئێرانى بن دەستى کۆمارى ئیسلامى

گرافیکى خۆپێشاندانى مانگێکى ئێرانى بن دەستى کۆمارى ئیسلامى

 

ئەمەش لەسەر ئاستى شەقامەکانى سەرتاسەرى ئێران بووە، لەن ێو گرتووخانەکانیش گیراوانیش دەنگیان خستە پاڵ دەنگى ناڕەزاییەکان و لەنێو گرتووخانەکانیان دەستیان بەمانگرتن و خۆپێشاندان بووە، بەجۆرێک ١١ خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە، بەشێکیان ١٠ حاڵەتى مانگرتن لە خۆراک دەست پێ کرد.

زۆربەى ئەو خۆپێشاندانانەش کە لە کۆتاییەکانى ٢٠١٨ ئەنجام دران، زۆرینەیان لە ڕێگەى بانگەشەى پێشوەختە بووە و، بەشێکیش لە کرێکاران و چالاکوانان هەماهەنگییان کردووە بۆ جەماوەر تاوەکو درێژە بەناڕەزاییەکانیان بکەن، لەلایەن زۆرینەى خەڵکیشەوە پاڵپشتى و پشتگیر کراون.

ئافرەتانى ئێران لە نێو گۆڕەپانەکانیش ڕۆڵێکى کارایان گێراوە، بە تایبەت لە سەرەتاکانى ٢٠١٨ کاتێک دژى سەرپۆش خۆپێشاندانیان دا، پشتگیرییەکى گەورەو زۆریان بەدەستهێنا، بەشێکیانیش دژى جیاکارى جێندەرى و دواکەوتنى مووچەو کرێیەکانیان ڕژانە سەر شەقامەکان.

گرنگترین ئەو دروشمانەش لە کانوونى یەکەم (سەرماوەز)ى ڕابردوو لەلایەن خۆپێشاندرانەوە دژى دەسەڵات و ڕابەرى ئەو وڵاتە بە کار دەهێنران بریتی بوون "خامنەیی دیکتاتۆر" و، ئەوەش لە کاتێکدا بوو زۆربەى باڵەخانەکانى حکومەتیان وەک بانکى نیشتمانى ئێران لە هەرێمى ئەهواز و نوێنەرایەتى خامنەیی لەپارێزگاى خوزستان لە باشوورى ڕۆژئاواى ئێران گەمارۆ دا.

بەشێکى دیکەى دروشمەکانیش بریتی بوون لە "دوژمنمان لێرەیە نەوەک ئەمەریکا"، "دایکی گەندەلى لە ئێرانە"، "بەسەر ئیسلامدا سەرکەوتن و میللەتیان سەرشۆر کرد".

ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزاییانەش بێ وەڵام نەبووە لەلایەن ڕژێمى تارانەوە، بەڵکو هێزە ئەمنییەکان تا ١٨ کانوونى یەکەم (سەرماوەز) سەرووى ٤٠ کرێکاریان دەستگیر کرد و، بەشێکى زۆریان تا ئێستاش دەستبەسەرن، ئەوانى دیکەش بە بەڵێننامەیەکى دارایی زەبەلاح ئازاد کراون.