موفتى کۆمار یاخود موفتى باڵا؛ پۆستێکى فیقهییە و تایبەتە بە پرسە ئایینییەکانی خەڵکی، بەڵام بە بۆچوونى زۆرینەى چاودێرانى عێراق، ئەم پۆستە لە عێراق بۆ مەرامێکی سیاسی تایبەت بەئێرانەوە بەکار دەهێنرێت.
لەو بارەیەوە نووسەرو چاودێرێکى عێراقی لەبەغدا ئاماژە بەوە دەکات "تا ئێستا هاووڵاتییەک هیچ پرسیارێکى ئایینى ئاراستەى مەهدی سەمێدەعی موفتى کۆمار نەکردووە، بۆ ئەوەى فەتوایەک یاخود پرسێکى شەرعی پێ بڵێت". عەلى حەیالی ڕوونیشی کردەوە "زۆربەى عێراقییەکان سەمێدەعیان نەدەناسی، ئەوەشى دەیناسى بە موفتى ئێران هەژمارى دەکات"، هۆکارەکەشى بۆ پەیوەندییە تووندوتۆڵییەکەى لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەى سوپاى قودسی سوپای پاسداران دەگەڕێتەوە.
جەختى لەوەش کردەوە "بانگەشەى ئەوە دەکات کە موفتى کۆمارە، ئەمەش پۆستێکى وەهمییە و لە لایەن نورى مالیکی سەرۆکوەزیرانى پێشووتر دروست کراوە". حەیالی دەشڵێت "مالیکی لە سەردەمى دەسەڵاتداریەتیدا پاڵپشتى سەمێدەعی کردووە و مزگەوتى ئوم تەبوڵ ڕادەست کرد کە سیمبولى سوننەکانى عێراق بوو، بۆ ئەوەى ژمارەیەک پیاوانى ئایینى ئەو تایفە بکاتە ئامانج لە نێویاندا عەبدولمەلیک سەعدی کە زۆرینەى تایفەى سوننە بەتایبەت لە پارێزگاى ئەنبار گوێ بۆ فەتواکانى ڕادەگرن".
سەمێدەعى لەگەڵ ئیرەج مەسجدى باڵیۆزى کۆمارى ئیسلامى لە عێراق
بەم دواییانەش فەتوایەکى سەیرى دژى پێکهاتەى کریستیانەکانى عێراق دەکرد، بەوەى بەشدارییکردنى ئاهەنگەکانى سەری ساڵى زایینى "حەرامە". هاوکات سەرەتاى ئەم مانگەش سولەیمانى بە یاوەرى ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی سەردانى سەمێدەعیان لە مزگەوتى ئوم تەبوڵى ناوەڕاستى بەغدا کرد. بە پێی ڕاگەینێراوێکى خانەى موفتى عێراق "سەمێدەعی پێشوازی لە سولەیمانى و مەهەندیس کرد و دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و پێکهێنانى حکومەتى نوێی عێراقیان تاوتوێ کردووە"، هەر لەو سەردانەشدا موفتى کۆمار داواى ڕۆڵێکى گرنگی لەنێو حکومەتى وڵاتەکەى کردووە.
ماوەیەک لەمەوبەریش وێنەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە تێدا "سولەیمانى شمشێرێک پێشکەش بە سەمێدەعی دەکات"، بە پێی چاودێران "موفتى کۆمار ڕۆڵێکى سەرەکیی و گرنگى ئێران دەبێت لە نێو کۆمەڵگەى سوننەکان".
خانەى موفتى عێراق کە لە لایەن مەهدی سەمێدەعی سەرۆکایەتى دەکرێت، لە ماوەى ڕابردوو میلیشیایەکى چەکدارى بە ناوى "بزوتنەوەى بەرەنگاربوونەوەى ئیسلامی / ئازادیخوازانى عێراق" بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش دروست کرد، سەرچاوەى داهاتە داراییەکانیشى لە لایەن میلیشیاکانى حەشدی شەعبیەوە دابین دەکران.
شکستهێنانى تاران لە پاوانخوازییەکانى بەسەر ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ناچاری کردووە، کار بۆ ڕاکێشانى تایفەى سوننەکان بکات، بۆ ئەوەى بتوانێت باڵى ڕۆژاواى عێراق بۆ لای خۆی مسۆگەر بکات و یەکێک لەو گرووپانەش توانیویەتى لە ڕێژبمەکەى نزیکی بکاتەوە گرووپى ئازادیخوازانى عێراق بووە.
بەشێک لە میدیا ناوخۆییەکان پێیان وابووە "سەردانەکەى سولەیمانى بۆ خانەى موفتى عێراق، بە مەبەستى دروستکردنى نەخشەیەکى نوێیە بۆ ئەوەى سەمێدەعی لەبری عەبدولەتیف هەمیم، بکرێتە سەرۆکى نوێی دیوانی وەقفی سوننەکان، تا ڕۆڵی زیاتری پێ بدرێت لە جموجۆڵەکانى".