سەرەڕاى تەواوبوونى هەڵبژاردنە پێشوەختەکەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، کە رۆژى ١٠ تشرینی یەکەمى رابردوو بەرێوەچوون، بەڵام تاوەکو ئێستا هێزە نزیکەکانى کۆمارى ئیسلامی ئێران، سەرقاڵی تێکەڵکردن وپەکخستنى پڕۆسەى دانووستاندنى پێکهێنانى حکومەتى نوێن.
هاوکات، زۆربەى ئەو هێزانەى کەلەو هەڵبژاردنە بەشێوەیەکى بەرچاو رووبەرووى دۆڕاندن بوونەتەوە، مەترسییەکى گەورەیان لێنیشتووە، دووبارە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانى کاربەرێکەرى حکومەتى عێراق بۆ چوار ساڵى داهاتوو لەپۆستەکەى بمێنێتەوە.
ئێستا کازمی، بەپێی زۆربەى پێشبینیەکان لەرێگەى دەرگاى سەدرەوە، باڵانسى بەرزتر بووەتەوە، بەڵام سەرجەم ئەگەرەکانیش لەئارادایە بۆ گۆڕانکارییەکى لەناکاوی پرۆسەى سیاسیی بەغدا.
دەرکەوتنى ئەستێرەى کازمی لەدواى ئایاری ٢٠٢٠، جێی خۆشحاڵى و پێشوازی هێزو لایەنە میلیشیاییەکانى ئەو وڵاتە نەبووە، لەسەرووى هەمووشیان هێزەکانى نێو (ناوەندی هەماهەنگی)، کەزۆربەى گرووپە سیاسییەکانى سەر بەتاران لەخۆ دەگرێت.
ئەو گرووپانە پێیان وایە مانەوەى کازمی لەپۆستەکەى، برینەکانیان زیاتر دەکات و، چانسەکانیان لەدۆڕاندنەکەى هەڵبژاردنەکان مەترسیدارتر دەکات.
هەرچەندە سەرۆک وەزیران پۆستەکەى لەرێگەى دەروازەى خۆپێشاندانەکانى ٢٠١٩ ـەوە بەدەست هێناوە، بەڵام ئێستا بەچانسترە لەوەى بتوانێت پرۆسەى سیاسیی عێراق ڕاستەرێ بکاتەوە. لەبەرامبەر ئەو دژایەتیەى میلیشیاکانى رژێمى ئێران بەرامبەر سەرۆک وەزیرانى کاربەرێکەر ئەنجامیاندا، نزیکبوونەوەى لەنێوان کازمی و موقتەدا سەدر، رێبەرى ڕەوتى سەدر دروستبوون، کە لایەنى دووهەم توانى لەکۆى ٣٢٩ کورسی پەرلەمان ٧٣ کورسی بەدەست بهێنێت.
ئەو ژمارەیەک رێگەى زیاترى بۆ سەدر خۆشکردووە، کەتواناى پێکهێنانی حکومەتێکى زۆرینەى هەبێت، بەبێ ئەوەى بچێتە نێو هاوپەیمانیەکى سەرکێشى یاخود هەمەجۆر. مستەفا کازمی، کەسەرەتا لەنێو دامەزراوەى هەواڵگرییەوە گەیشتە کوشکی سەرۆکایەتى وەزیران، بەبێ ئەوەى بەروونى ئاشکراى بکات، چاوی لەوەیە بۆ چوار ساڵى داهاتوو لەپۆستەکەى بمێنێتەوەو، درێژە بەسیاسەت و پرۆگرامەکەى خۆی بدات و، پشت ئەستووریشە بە هەوڵەکانى سەدر تاوەکو بمێنێتەوە.
لەکۆتاییەکانى ئایاری رابردوو، بەروونى باسی لەوە کرد کە بەشداریی پرۆسەى هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکە ناکات، بەڵکو رێخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەى پرۆسەکە بەسەرکەوتو بەرێوەبچن، بەڵام بەپێی زانیارییەکان گرەوەکانى لەسەر سەدرییەکان و، کوردەکانە بۆ ئەوەى درێژە بەکارەکەى بدات.
بۆیەش لەدوایین هەوڵى تیرۆرکردنیدا، لەنێو شەقامی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا، باڵانسى ئەو کەسایەتیە هەواڵگرییە بەرزتر بوویەوەو، خاڵى زیاترى دژى هێزە میلیشیاییەکان تۆمارکردو، رێگەکانى بەردەمی زیاتر روونتر بوویەوە.
لەو بارەیەوە عەلى کاتب، چاودێری سیاسیی عێراقی هیمای بەوە کردووە " هەرچەند سەدر نەیتوانیوە زۆرینەى پەرلەمانى بەدەست بهێنێت بۆ پێکهێنانى حکومەتێک بەئارەزووی خۆی، بەڵام تواناى راکێشانى براوەکانى بۆ بەرەکەى هەیەو، ڕەنگە بگاتە ئەو خاڵەى مەبەستیەتى".
گووتیشى " ئەو نزیکبوونەوەى لەنێوان سەدرو کازمیدا هەیە، هەنگاوێکى ئەرێننیە بۆ ئەوەى دووهەم دووبارە بچێتەوە نێو کوشکی سەرۆکایەتى حکومەت، تەنانەت ئەگەریش لایەنەکانى دیکە دژى بوەستنەوە".
لەدواى ٢٠٠٣ ـەوە پرۆسەى سیاسیی و دابەشکردنى پۆستەکان لەنێو عێراقدا لەسەر پێکهاتەى سەرەکیی شیعە، سووننەو کورد دابەشبووەو، بووەتە عورفێکى سیاسی، بەڵام بەبۆچوونى سەرۆکى کلودا بۆ توێژینەوە، دیاریی کردنى هەرسێ پۆستى باڵاى عێراق ، بەکەسایەتى سەرۆکایەتى وەزیرانەوە نەبەستراوەتەوە، کەبەردەوام شیعەکان وەریانگرتووە، چونکە ئەو پۆستانە بەبڕیارى هەرێمایەتى و دەرەکیی بەستراوەتەوە.
باسل حوسێن، سوورە لەوەى " سەرجەم بڕیارەکان لەلایەن نەجەف، تاران و واشنتۆن دەردەچن"، دووپاتیدەکاتەوە تاقیکردنەوەکانى رابردووش ئەوەیان دەرخستووە.
یەکێک لەو لایەنانەى دژى مانەوەى کازمی یە لەپۆستەکەیدا تارانە، هۆکارەکەش بۆ ئەوەى ئەو کەسایەتیە لەماوە بەرێوەبردنى سەرۆکایەتى حکومەت نزیکبوونەوەیەکى بەرچاوى لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەنجامداوەو، بەجۆرێک لەجۆرەکانیش توانیویەتى سنوورى میلیشیاکان تەسکتر بکاتەوە.
ئەو هەنگاوانەش دژى بەرژەوەندییەکانى رژێمى مەلایەکانى ئێرانە، کەپاوانخوازییەکى بەرچاویان لەنێو دامەزراوەکانى عێراقدا ئەنجامداوە.
بۆیە دووبارە دانانەوەى کازمی لەپۆستەکەى، سەرەڕاى هەنگاوەکانى سەدر، بەڵام ئەنجامی دانووستاندنەکانى هێزە شیعە دۆڕاوەکان و، لایەنەکانى دیکە، وێنەى تەواوی کەسایەتى سەرۆکایەتى وەزیرانى حکومەتى داهاتوو دیاریی دەکات.
بەتایبەت ئێستا تاران فشارێکى زۆری خستۆتە سەر سەدر، بۆ ئەوەى بچێتە نێو ئەو دانووستاندنانەى ناوەندی هەماهەنگی هێزەکانى نزیک لەخۆى داوایان کردووە.
بەڵام زۆربەى چاودێران ئاشکرای دەکەن، دووبارە وەرگرتنەوەى پۆستى سەرۆکایەتى حکومەت لەلایەن کازمییەوە، ئەستێرە گەشەى میلیشیاکانى نزیک تاران لەئاوابوون دەبێت و، ئەگەری ئەوەش هەیە، لەقۆناغی داهاتوو لەرێگەى زەبری هێزەوە ناچار بەچەک داماڵیان بکرێن، کەئەوە یەکێکە لەخاڵە بەهێزی مانەوەیان لەگۆڕەپانى سیاسیی عێراقدا.