پڕۆفیسۆر میقداد پیرساحب باسى مەترسییەکانى گواستنەوى ئاوى سیروان و پیسبوونى ئاوى بڵ دەکات و دەڵێت: زیادبوونى چاوەڕواننەکراوى ڤایرۆسە ئاوییەکانى نێو هانەى بڵ کە بە هۆى تێکەڵبوونى زێراوەکانى شارى پاوە و گوندەکانى دەوروبەرییەوەیە، مەترسى گەورەى لەسەر خەڵک دروست کردووە.
پڕۆفیسۆر میقداد پیرساحب ڕایگەیاند کە کێشەى کەمئاوى زیانێکى چارەسەرنەکراوە، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت ئەوا میراتى سەدان ساڵەى باخەکان و ژیان لە هەورامان تووشى مەترسى جددى دەبێتەوە و گۆڕانى ئاو و هەوایی هۆکار دەبێت بۆ تێکچوون و لەنێوچوونى میراتى فەرهەنگى هورامان کە لە یونسکۆش تۆمار کراوە و وردە وردە خەڵک ناچار دەبن هەوارەکانیان جێ بهێڵن و ڕوو بکەنە شارەکان.
پسپۆڕانى بوارى تەندروستى پاوە چەندین ساڵە باس لەوە دەکەن کە مەترسى لەسەر تاقە سەرچاوەى ئاوى خواردنەوەى شارى پاوە و نەوسوود و نۆدشە و چەندین گوندى دیکە کە ئەویش هانەى بڵە کە دەڕژێتە نێو ڕووبارى سیروان. ئێستا بە گواستنەوەى ئاوى ڕووبارى سیروان بۆ سەدان کیلۆمەتر واوەتر بە ناوى گەڵاڵەى گەرمسێرى، مەترسى گەورەى لەسەر ڕەوتى سیروان دروست کردووە کە سەدان ساڵە هۆکارە بۆ دەستەبەرکردنى ئاوى باخەکان و خەڵک و لەو ئاوەش کە کێشراوە نە لوولەیەک و نە جۆگەلەیەک نەکێشراوە بۆ ناوچە هەورامی نشینەکان!
کۆمارى ئیسلامى هۆکارى هەموو بەدبەختییەکى گەلانى ئێرانە و بە هۆى بڕیارە سەقەت و خراپەکانى ئاخوندەکان و پیلانگێڕییە سەربازی و ئەمنییەکانیان، بوونەتە هۆى گۆڕینى دیمۆگرافیاى کوردستان و ناوچەکانى دیکە و وا وردە وردە ئاسەوارەکانى ئەم گۆڕانکارییە ژینگەییە دەردەکەوێت و خەڵک ناچارن شوێنەکانى خۆیان جێ بهێڵن!